فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

دراوسێکانم ناز بەسەر بەیانیدا دەکەن

ئامانج جەبار
شاعیر، سلێمانی

…………………..
وچانێکی درێژ وەردەگرم تاکوو ماندویم لەبەریی پێم دەچۆڕێ بەدرێژای ڕێچکە باریکەکان هاوڕێکانم گۆڕانی دەڵێن و منیش عەوداڵی هەوایەکی پاکم لەمابەینی درزیی پەنجەیی درەختەپیرەکاندا .

چۆڕێک نەوتم بەسە تاکوو شەوەکەمی پێبەڕێکەم
هەرخۆم نا
چوار دیواری بێدەنگ و ژورێکی نقوم بوو لەتاریکیدا بەتەنیا
دەنگی چرکەی کاتژێرەکە دەهاتەبەر هەناسەکانی شەو .

مەتارەکەم پڕدەکەم لەئاو لەسەر کانی ژیان
بەهەرحاڵ شقارتەکەم لەگیرفان دەرهێنا و جگەرەیەکم داگیرسان بەدیار باخچە بچوکەکەمەوە
ئەو باخچانەی پەپوولەکان تێیدا زۆردەبن .

پەلەبکەن
با ئەو پەنجەرانە بکەینە سەرپشت
کە ئێمە سەرمان تێیدا جێدەما و
لەکاتی وەڕەزیشدا عەوداڵی تەماشایی ژوانی کۆترەکان بووین لەبەردەمی چوارچێوەیەکی ڕەقوو وەستاودا .

لەخوارووی ژیاندا لەبەر پێی جیهانی مردوەکان دووپێک دەخۆمەوە وەک ئەوەی هیچ ڕوینەدابێ بەپێکەنینەوە بانگی دایکم دەکەم و هاواردەکەم ئەوەتام لێرەم لێرە ،
دەمەوێت ئەو قەسیدەیی بۆ بخوێنمەوە کە وەکوو هەمووجارێک گوشیەکەیی بەسەرمدا دائەخست .

ئەو وەختەی فرمێسکەکانم وەکوو تەزبیح بەژورە بچوکەکەمدا دەپسان لەدوایی هەموو هێوربونەوەیەک
دەمخستنەوە نێو جانتاکە ،
دراوسێکانم نازبەسەر بەیانیدا دەکەن و کفن بۆ ئێوارە ئامادەکەن لەچاوەڕوانی هەڵهاتنی ڕۆژێکی نوێدا ئەستێرەکان
دەژمێرن !