فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

دەقی شیعری

شنیا عەبدولمەجید
شاعیر، ھەولێر

…………………..

مەسەلەن، بگەڕێیتەوەو… بڵێیت:-
” شتێکم جێهێشتووە ” !
پاشان دەستی من بگریت و…
لەگەڵ خۆتم ببەیت
ئەو سێ شەممەیی کە قەرارە تۆ ببینم،
دڵنیام خۆم دەمژمێرەکە، بەخەبەر دێنم
ڕەنگە ماندوو بوون، لە چاوانمەوە ببینی
لێ هەرگیز دۆڕان نابینی…
خۆتەزانی هەموو هەبوونێک، هەبوون نیە!
هەبوون هەیە، پڕیەتی لە نەبوون
وەک ئەو هەمووە کاتە هەبووانەی من،
کە لێوان لێون لە نەبوونت!
من نامەوێ چیدی هێندە پڕ بم لە خۆم!
ئەو پڕیەم لا ناشرینە بێ تۆ!
ئۆی چ تەنگە ئەو دڵەی…
وێڵی فڕینە!
کەچی باڵەکانیشی…
وێڵی چارەنووسن!
ئەگەر بزانم بە باوەشێکت ئاشتم دەکەیتەوە
ڕۆژێ سەد جاران، لێت زیزەبم!
لێدەگەڕێم دڵتەنگیمان تەشەنە بکات،
وەک بووختانێک لە گەڕەکێکی میلی
پێمخۆشە بۆنی برینم.. ڕۆژەڕێیەک بڕوات،
بەس با تۆم لێ نەڕەنجێ!
هەموو شتێک لە مندا هیلاکە، هەر بەتەنها
یادی تۆ نەبێ….
سەیرە! تۆ لە تایەفەی کامەگوڵیت؟
وا هەر چوار وەرز، ئەگەشێیتەوە!
تۆ نزیکترین کەسی منی، دووریت…
ئەم ڕستەیە، تێک نادات
سەربەخۆییم ناوێ…
دەمهەوێ تا لای گۆڕەکەم،
بەشێک بم لە نیشتمانی… دڵت
شتێکت پێ بڵێم:-
.

تۆ بە تەنها هەر دەنگت، وەک دەرمانێکی منە
ئایا دەتوانیت ئەمە لە مندا بگۆڕیت؟