دێرین جەمال
چیرۆکنووس، سلێمانی
…………………..
چالاک: منداڵە بچووکی خێزانەکەی بوو، ئەو لەناو خوشک و براکانیدا خۆشەویست بوو، هەمیشە بەوە ناسرابوو ئەوکارەی خۆی بڕوای پێ نەبێت هیچ کەسێک ناتوانێت کاری پێ بکات. ئەو زیاتر حەزی بەخوێندن دەکرد ئەگەرچی زۆر هەوڵی ئەدا و کۆششی دەکرد بەڵام نمرەکانی لەقوتابخانە کەمبوون، کەمترین نمرەشیان لەوانەی بیرکاریدا بوو هەرچەندە وانەکە لای قورس بوو بەڵام توندی مامۆستای وانەی بیرکاری زیاتر وانەکەی لاقورستر کردبوو، ڕۆژێک مامۆستای وانەی بیرکاری لەپۆلدا وتی: کێ بەیانی شوڵە دارێکی هەنارم بۆ بێنێت دوو نمرەی پێ ئەدەم!!
چالاک بەم قسەییەی مامۆستا زۆر دڵخۆش بوو، چونکە ئەوان لەگوندەکەیاندا گەورەترین باخە هەناریان هەبوو، هەر لە قووتابخانە تەواوبوو یەکسەر لەڕێگەوە چوو بۆ باخە هەنارەکەیان شوڵێکی باشی لەدرەختی هەنارەکە بۆ مامۆستا بڕی بەیانی لەگەڵ خۆیدا بردی بۆ قوتابخانە کردی بەدیاری بۆ مامۆستای وانەی بیرکاری بە ئومێدی ئەوەی دوو نمرەی پێبدات، بەڵام ئەو ڕۆژە چالاک لەتاقیکردنەوەی وانەی بیرکاری دەرنەچوو بوو، ئەو شوڵە دارهەنارەی کەدای بەمامۆستاکەی هەردوو دەستەکانی خۆی پێ سزادرا، بۆ هەردەستێکی دووشوڵی پێدا کێشکرا، ئەم چیرۆکە بەردەوام بوو مامۆستا هەمیشە داوای شوڵی دار هەناری دەکرد چالاک بۆی دەبر بەئومێدی ئەوەی مامۆستاکەی دوونمرەی بداتێ، بەڵام یەکەم کەس کە سزای بەشوڵە دارهەنارەکە دەردا چالاک خۆی بوو، هێدی هێدی چالاک وای لێهات لەوانەی بیرکاری توانی لەکۆتایی ساڵ کۆنمرەی بەرز بەدەست بێنێت،..ڕۆژان هات و مانگەکان ڕۆیشتن و ساڵەکان تێپەڕین چالاک لەسەر کورسی و مێزی فەرمانگەکەی دانیشتبوو دەنگی تەقەی گۆچانێک گوێکانی زرنگاندەوە سەری هەڵبڕی و تەماشایی بەردەمی خۆی کرد پیاوێک بەسمایەکی سپییەوە تەنها چاوەکانی ڕەش دەچۆوە لەبەر دەمیدا ڕاوەستابوو!!
هۆن هۆن فرمێسک بەڕیشە سپێکەدا دەهاتە خوارێ بەدوولێوە بەخەم تەزیوەکەی بەچالاکی وت: گەورەم دەڵێن سۆراغی کوڕەکەمتان کردووە جەرگم خەریکە بۆی ئاگر دەگرێت ڕاستە ئەو هەواڵە؟!
چالاک کەمێک سەرنجی زیاتری خستە سەر ڕووخساری پیاوە بەتەمەنەکە زانی مامۆستای وانەی بیرکاریەتی، بەڕێزەوە هەستایە سەرپێ و چووە بەردەمی وتی: مامۆستا گیان تۆجارێ بێنە بامن دەستەکانت ماچ بکەم ، خەمی کوڕەکەت نەبێت سپاس بۆ خوا سۆراغی هەیە هەر ئەمڕۆیش پێی شاد ئەبیتەوە!!
مامۆستا گیان من چالاکم!!!
خوێندکارەکەی خۆت…
مامۆستا بەبینی ئەم دیمەنە و وتەکانی چالاک گریانە بێ دەنگەکەی بوو بەگریانێک کەدەنگی تەوای ژوورەکەی پڕکردبوو دەستە لەرزۆکەکانی هێنا دەستی چالاکی گرت وتی: بامن دەستەکانی تۆ ماچ بکەم زۆرم بەشوڵی دار هەنار پێدا کێشاوە .
چالاک دەستەکان خستە سەرشانی مامۆستاکەی وتی: مامۆستا گیان تۆ فێرت کردم کەچۆن دەبێت مرۆڤ بەڕەنجی شانی خۆی هەوڵبدات هیچ ئازارێک لەخەونەکەی نەیوەستێنێت من شوڵی دارهەنارم بۆت دەهێنا بەو ئومێدەی تۆ دوو نمرەم پێ بدەیت بەڵام تۆ فێرت کردم لەبەرامبەر هیچ کارێکدا شیربایی بەکار نەهێنم تەنها ماندوو بوون و هەوڵەکانی خۆم بکەم بەشیربایی بۆ ژیانم..

