نووسەر و مامۆستای زانکۆ،
کەرکووک
………………………………

شاعیری گەورەی سەردەم ( قوبادی جەلیزادە ) لە شیعری ( چرا ) دا، وێنەیەکی شیعریی زیندووی پڕ لە ژیانمان پێشکەش دەکات ، کە تیایدا ( ڕەمز و واقیعی ڕۆژانە ) لەگەڵ یەکتردا تێکەڵ دەبن، بەوەی کە ( قوربانی ) و ( مرۆڤایەتی ) لە فۆرمێکی سادە و لە هەمان کاتیشدا لە فۆرمێکی قووڵدا بەرجەستە دەبن . ئەم دەقە هەڵگری ڕەهەندێکی ڕەمزی و ویژدانییە کە وا دەکات سنورە واقیعیە کۆنکرێتییەکەی خۆی تێپەڕێنێت بۆ ئاسۆیەکی فراوانتر کە ئەویش لە پرسیاری ( بوون ) و ( مرۆڤگەرایی )یدا بەرجەستە دەبێت …
ئەم دەقە وێنەیەکی شیعرییە سەبارەت بە ژیانی ڕۆژانە ، لە چوارچێوەی ئەو هەموو خەم و ئازار و نەهامەتیانەی کە بەسەر ئەم میللەتە داماوەدا هاتووە ، لەم سەردەمی پڕ لە قەیران و ململانێیەدا دەیبەستێتەوە بە وەفا و خۆشەویستی … کارەکتەری سەرەکی لەم دەقەدا ( دایکە ) کە بە شێوەیەکی بەردەوام لە بارودۆخێکی سەختدا وەک ڕەمزی مرۆڤایەتی و قوربانیدان دەردەکەوێت … !
دەسپێکی ئەم دەقە ناوازەیەی ( قوبادی جەلیزادە ) بە وێناکردنی ( دایک ) دەست پێدەکات، کە لە سەرتاپای دەقەکەدا ، وەک ( هێمای بەزەیی ) و ( قوربانی ) بەرجەستە کراوە ، ئەو دایکەی کە لە نێوان ( تەسلیمبوون بە چارەنووس ) و ( هەوڵدان و ماندووبوون ) بۆ گەیشتن بە هیوا دەژێت …
لە وێنەی یەکەمدا بەمجۆرە دەردەکەوێت :
1
پۆلێک پەپوولە بەسەر کراسە گوڵگوڵییەکەی دایکمدا نیشتنەوە
پێیان وابوو باخچەیە !
شاعیر وێنەیەکی ڕەمزیمان پێشکەش دەکات کە ( پۆلێک پەپولە )ی بێئاگا لەوپەڕی سادەیی و بەرائەتی خۆیانەوە دێن و لەسەر کراسە گوڵگوڵییەکەی دایکدا دەنیشنەوە ..! پێیان وایە باخچەیە …!!!
لەم وێنەیەدا پەپولەکانیش گوناهن و خەڵەتاون بە کراسێکی گوڵگوڵین ..! کە پێیان وایە باخچەیەکی پڕ گوڵی جوانیان دۆزیوەتەوە و تەمەنە کورتەکەیانی تێدا بەسەر دەبەن … ! کە بەڕاستی ئەمەش واقعێکی سەخت و پڕ ئازارە …! چونکە دواجار پەپولەکان دەزانن ئەو باخچەیەی کە پێی خەڵەتان تەنها قوماشێکی رەنگاوڕەنگی گوڵگوڵی بوو هیچی تر …!
لێرەدا دایک تەنها رەمزی مرۆڤ نییە ، بەڵکو هێمای نیشتمان و ئارامی و پەناگە و شوێنی حەسانەوەیە . بەڵام لە کۆتایدا گۆڕەپانی ئازار و نەهامەتییە بۆ پەپوولەکان و ئەوانەی لەسەر ئەم نیشتمانە ڕەتووشکراوە بێ ئازادییەدا دەژین …!
لە دەقی دووەمدا شاعیر بەخشینی بێکۆتایی دایک نیشان دەدات …
2
هەمیشە پۆلێک چۆلەکە بە شوێن دایکمەوەن
پێیان وایە گوڵەگەنمە .. !
لێرەدا دەشێت بڵێین ( چۆلەکە ) نوێنەرایەتی پۆلێک لەو کەسە لاواز و بێ دراماتانە دەکات کە پەنا و ڕزق و ڕۆزی خۆیان لە دایکدا دەدۆزنەوە . ئەو بیرۆکەیەی کە چۆلەکەکان وا بیر دەکەنەوە کە دایک ( گوڵەگەنمە ) و سەرچاوەی بژێوی و ( خۆراک و ژیان )ە ، ئەمە وێنەیەکی جوان و دڵڕفێنە، بەڵام لە هەمان کاتدا هەڵگری واتا و چەمکێکی شاراوەی ترە کە ئەویش پشتبەستنە یان ( وابەستەیی ) بوونە بە کەسێک ، کە لە بەرامبەردا داوای هیچ ناکات … !
– قوربانیدان و بەخشندەیی :
3
دایکم,
بەر لەوەی تێر بخوات، دەستی لە قاپەکە دەکێشایەوە؛
ئەمەش بەشی چۆلەکەکان.
دەستی بۆ ئاسمان هەڵدەبڕی و دەیگوت:
خودایە کولێرەبەڕۆنی شەڕڤانەکانیش لەسەر تۆ
4
دایکم،
کراسێکی بۆ خۆی دەکڕی و کراسێکیش بۆ بێوەژنێک و دەیگوت:
خودایە جل و بەرگی پێشمەرگەکانیش لەسەر تۆ .
لە کۆپەڵەی سێیەم و چوارەمدا بنەمای ( قوربانی و بەخشندەیی ) لە ڕەفتاری دایکدا سەرهەڵدەدات . شاعیر باس لەوە دەکات کە چۆن دایک ، پێش ئەوەی تێر بێت، ( دەستی لە قاپەکە دەکێشێتەوە ) واتە بەبێ ئەوەی چاوەڕێی هیچ شتێک بکات لە بەرامبەردا دەبەخشێت ، بەوەی کە ( ئەمەش بەشی چۆلەکەکانە ) ئینجا پەنا دەباتە بەر هێزێکی باڵا و دەڵێت ، من ئەوەندەم پێکرا ، لە قووت و خۆراکی خۆما بەشی چۆلەکەکان بدەم … ئیدی ( خودایە کولێرەبەڕۆنی شەڕڤانەکانیش لەسەر تۆ ) ! لێرەدا ( خودا )هێما و رەمزی توانا و بەخشینە ، بۆیە شاعیر پەنای بۆ دەبات و ئەرکێکی گەورەتری پێدەبەخشێت …! لە کۆپەڵەی چوارەمیشدا هەمان وێنەی پێشوو دووبارە دەبێتەوە ، کراسی بێوەژنێک بەرامبەر بە بەرگی پێشمەرگە دەوەستێت ..! ئەمیش ئاماژەیە بۆ کەم درامەتی و هەژاری و نەبوونی پێشمەرگە … ! کە هەرچەندە پێشمەرگە رەمز و سومبولی بەرخودان و خەبات و پارێزەری نیشتمانە … ! واتە شاعیر ئاماژە بەوە دەدات کە سەرەڕای دەستکورتی و نەبوونەیی پێشمەرگە … ( پێشمەرگە هەر پێشمەرگەیە ) و پلە و پایە و خۆشەویستی هەرگیز ناهێتە خوارێ … ! بۆیە پەنا دەبرێت بۆ خودا تاوەکو هێزێکی روحیشی پێببەخشێت …!
5
دایکم،
چرایەکی بۆ ماڵەکەمان دەکڕی و چرایەک بۆ ماڵی دراوسێکەمان
پاشان دەیگوت:
خودایە بۆ ئەشکەوتە تاریکەکانی گەریلاش، چرایەک لەسەر تۆ.
( قوبادی بلیمەت ) لەم وێنەیەدا ( چرا )ی کردووە بە هێمایەک بۆ ڕووناک کردنەوەی ئەشکەوتە تاریکەکانی گەریلا … ! چونکە چرا تەنها سەرچاوەی ڕووناکی نییە، بەڵکو هیوایە لە تاریکیدا … هەروەها دەتوانیین بڵێین ( چرا ) ئاماژەیەکە بۆ ( هیوا و ئازادی ) لە بەرامبەر ئەم بارودۆخە سەختەی ئێستادا … ! شاعیر تیشک دەخاتە سەر ( هاوپشتیی و هاوکاری مرۆڤایەتی ) بە کڕینی چرا نەک تەنها بۆ ماڵەکەی خۆی، بەڵکو بۆ ( ماڵی دراوسێ )ش ، کە ڕەنگدانەوەی ( ڕۆحی بەخشین و هاوکارییە ) لە کۆمەڵگادا ….

