فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

بەڵێن بده..!

ئەڵماس مستەفا
شاعیر، سوید

…………….

 

بەڵێن بدە له ئامێزى خۆتم بگری،
تا تاسەى شەوانى بێ تۆیم
لەسەر سينەت بكوژێنمەوە.
منيش بەڵێن دەدەم، به گەردنتا ھەڵبزنێم
تا دەگەمە کەنارى لێوەكانت
تا پێكى مەستبوونیش لێت نەبمەوه.!
بەڵێن بدە، تۆ ھاوسەر و ھاوخەمم بیت
تا بە عەشقت بژێمەوە،
بەڵێن بدە..
بۆ من بیت، با چیتر لە ژێر
ساباتی چاوەڕوانیت نەتوێمەوە
وەرە تخوا لاولاوئاسا لێک بئاڵێین و با شەوانیش ئارام بنوم
تا سەحەریش لێت نەبمەوە!
وەرە نوتفەیەک لە نووری رۆحی خۆتم پێ ببەخشە،
با ھەمیشە دووربم لە خەم،
بە سوێی تۆوە نەتلێمەوە،
بەڵێن بدە.