ئەیوب ئەحمەد تینووکۆکەیی
شاعیر، بۆکان
……………..
پاییزە لە ژین،زەردە لە من باغی گوڵانم
کام وەرزە لەتۆ؟ساردە ژیان داخی گرانم
هاوارە لە من چۆنی بڵێم سۆزی دەروونم
پاییزە لە تۆ مەرگە لە من دەردە لە گیانم
کەڵپەی دڕی زریانە کە باغ هەڵدەوەرێنێ
گیرۆدە بە دەست ئاە و زەمی بادی خەزانم
پاییزە زەمەن سیسە هەوا دڵپڕی ماتەم
وەک خێڵی خەمین لێرە منیش دڵنیگەرانم
قاقا و بزە لێم زیزە نەبانن لە دم و لێو
ئەسرینە لە من کۆیە خەمیش بارە لە شانم
پاییزە لە سەر وەرزی تەمەن ڕەزبەری ژینە
بۆ باسی کوڵووکۆی دڵکەم لاڵە زمانم
تینوویە بە زەردی گوڵی ئەم هەردە خەمینە
ڕوویداوە لە من وەرزی خەزان ڕوو بە نەمانم
تۆراوە گەڵا زیزە لە دار و لە لق و پۆ
پاییزە لە من ساتی وەرینی حەزەکانم

