سۆران حوسێنی
شاعیر، بانە
…………….
نیشتمان گێلاسێکە من چاوی بۆ ئەڕێژم
کەچی لە مەیدانی تەڕەبار
هەر جامبازەیە و خۆی پێوە ڕائەوەشێنێ بۆ فرۆش
گێلاس کیژێکی عەیارە
لە گەڵ چاو گڵۆفینی خۆرەتاو
گوڵوەنییەک لە شکۆفە ئەدا بەسەریا
هەزاران دەلاقە ئەکاتەوە لە گوڵ
سڵ ئەکا لە باڕەش
و چاوی ئەترپێنێ لە هەیبەتی زوقم
بەژنی بەڵام
پێی کۆ نابێتەوە هیچ باوەشێک لە پەرژین
گێلاس ئاوێزان ئەبێ
دەنک بە دەنک
شەنگۆڵ بە شەنگۆڵ
خۆی هەڵئەواسێ گلارەیی بە سوورەپەلەکانەوە ناز
بە لێوی ئاڵییەوە دەکەوێتە گڕوگاڵ
ئارەزوو ڕەنگ و
ئاماڵ حەز
بە گووپەڵە ناسکەکانییەوە دەدوێ
سوور هەڵ دەگەڕێ
وەک خوێن
وەک لە جەستەی هەموومانی هەڵکێشابێ ڕەگ
وەک لە دڵی ئێمە سەرگۆنای بدوێن
دەستێکم
قەدی سپی بۆ دەنەخشێنێ
خەڵک بە بەفری دەخوێنێتەوە سارد
گێلاس گەرم دادێ؛
بە هیوا
سوور ئەبێتەوە گۆشتن
سەرنج ڕادەکێشێ شەنگ
وەک نە بەستەڵەکی دیبێ و نە بۆران
گێلاس دەدوێ بە ڕەوانی ئاو
بە ڕوونایی هەتاو و بە بێگەردی ئاوێنە
هەر شەبەقێکی تانەیەکە
لە بیرەوەری تفت و لە مزرایی خەونینی زوقم
هەر پڕشنگێکی پڕژەیەکە لە گۆرانی بۆ گەشەی وەرز
هەر بریسکەیەکی پلارە لە تەمەنی ڕق
ئەو پەیامێکی ژێلەیی پێیە بۆ هاوین
داوەتێکی شەربەتینی پێیە بۆ زستان
ئەز نە لە زمانی بێگانەم
نە بە هێمای نامۆ
چونکە دەستەکەی ترم هەڵیپەرداشتووە شارەزا
کەچی خەڵک ناوی لێناوە ئاڕایشت
خۆم ئەڵیم هیچ پەلێکی نییە نەیبینم کە پەلاوێژ نەکا بۆ گزینگ
هیچ پەلکێکی نییە نەیناسم
کە هەناسە هەڵدەکێشێ بۆ دواڕۆژ
گێلاس هەر پەرە دەستێنێ
بۆ گەیشتن بە دەرفەت
بۆ ڕەخساندنی خەون
بۆ ڕاکێشانی سەرنج
بۆ نەخشاندنی پڕۆسە و بۆ داهێنانی ڕەنگ
و بۆ شیوازەکانی چنین و هەموار کردنی گواستننەوە
قۆناغ بە قۆناغ و بۆ خۆش کردنی کەش،
بڕگە بە بڕگە
ئەو هاوزمانی منە و لە هەوا دەدزێتەوە بۆم
ڕەگی هەر دێ و درێژتر ئاگاتە ناوگیانم
من لە ئاڕایشتی رادێم و باری لێ ئەدۆزمەوە بۆ جوانی
ئەو تۆختر دەبێت و مێخۆش
پڕڕەنگتر دەبێت و شیرین
ڕووباری هیچ خەونێکی کوێستانی
نایەوێ بچێتەوە بۆ ڕنوو
نایهەوێ بگەڕێتەوە بۆ هەڵدێر
گێلاسیش خۆی ئەدزێتەوە لە ئافات
خۆی کوێر ئەکا لە هەڵوەرینی پێش وەختە
خۆی کەڕ ئەکا لە شەرا
با هەر بدا لە زگی خۆی شەختە
ئەم بە باوەشی بەختەوەیە و سەرپەل
جاربەجەحانەمی کرمۆڵی
ئەم بە سەرشانی ئەمەگەوەیە و سەرتووڵ
گێلاس بە دڵەخورپەوە هەر جوان
لە فەرهەنگی منایە
لە جێی نیشتمان
دەیگێڕم بە چاوی تامەزرۆییەوە
شێتگیر
چاوێکی هەر لە لای ڕاستیەتی کە نەیڕنن
بە کاڵی
هێشتا نەیدیبێ بە خۆیەوە سووڕی خوێن
ترش و تاڵ ڕەوانەی نەکەن بۆ هەڕڕاج
هەناردەی نەکەن بێبەخت
چاوێکیشی لای چەپیەتی
کە خافڵ نەبن لێی بۆ مان
بەرپێ نەکەوێ بۆ باڕ
بڵ نەبێ لە ناو تەڕەبارەکانی وێڵداشی
خەیاڵ ئەکا گێلاس
کە یەکێ نەیکا بە دەستە خوشكێکی غەززە
و یەکێکی تر
بەژنی پێ نەگرێ بە بەژنی ئۆکراین
گێلاس کیژی نیشتمانی منە دڵخۆش
ئەز چاوی بۆ ئەڕیژم و
یەکی تر
خۆی لێ خۆش کردووە بۆ هەندەران
ئەبێ دەستی لێ وەکێشم لە هەناردەکردن
ئەبێ بەری بگرم لە بازاڕ پێکردن
نیشتمان گێلاسێکە؛ گووپن، شیرن و تازە
ئەبێ وەیگوێزم لە پێش چاوی چنۆک و نەوسنی جامبازە!

