ئەرشەد تەحسین
نووسەر ، سلێمانی
………………..
كورد وەك نەتەوەیەكی لەمێژینە خاوەن كولتوور و دابونەریت و زمان و شوناسی خۆیەتی، بەدرێژایی مێژوو سەرباری هەموو ئەو داگیركاری و كاولكردن و كوشتوبڕ و هەوڵدان بۆ سڕینەوەی نەتەوەییەی دووچاری بووەتەوە، توانیویەتی پارێزگاری لێبكات و بەزیندوویی بیهێڵێتەوە، بەجۆرێك ئەگەر تەنها باسی زمانی كوردی بكەین هێندە دەوڵەمەندە بۆ هیچ ناو یان وشە و دەستەواژەیەك دانامێنین، بەجۆرێك بەپێی بارودۆخ و كات و شوێنی شتەكانیش ناو یان دەستەواژەی گونجاوی داناوە، بەشێوەیەك لەگەڵ هەر ناوهێنانێكی ئەو وشە و دەستەواژانەدا تێگەیشتنی تەواوەتی بۆ وەرگر مسۆگەر دەبێت، ئەمەش بەهۆی ئەوەی ڕێكەوتنی كۆمەڵایەتی و شیرازەی نەتەوەیی لەسەری كۆكن.
زمان دڵی نەتەوەیە، زیندوو هێشتنەوەی زمان زیندوو هێشتنەوەی نەتەوەیە، هەر نەتەوەیەك زمانی لەناوبچێت خۆشی مردووە، وەك چۆن هەر مرۆڤێك دڵی لەلێدان بكەوێت دەمرێت، بەپێچەوانەشەوە هەر نەتەوەیەك زمانی گەشەبكات خۆشی گەشە دەكات.
بەوپێیەی زمان دیاریدەیەكی كۆمەڵایەتی و نەتەوەییە، زمانی گەشەكردوو واتە كۆمەڵگەی گەشەسەندوو، خۆشبەختانە زمانی كوردی هێندە لەگەشەكردندایە تا ئەو ئەندازەیەی بۆ هەر شتێك چەندین ناو و دەستەواژە و وشەی پێویست هەن دەتوانین لەكاتی گفتوگۆ و نوسین و دەربڕیندا بەكاریان بهێنین، بەچەشنێك لەگەڵ بەكارهێنانی هەر وشە و دەستەواژەیەكدا دۆخ و كات و دیوەكانیتری شتەكە دەردەكەوێت، باران دیاریدەیەكی سروشتیە لەناو كوردەوارییدا چەندین وشە و دەستەواژەی بۆ داندراوە بەجۆرێك لەگەڵ گوێبیستبوونی هەر یەك لەو وشە یان دەستەواژانەدا واتای روون و تەواو دەبیستین.
باران وەك دیاریدەیەكی سروشتی .
باران دیاریدەیەكی سروشتیە، ناسنامەی وەرزی زستانە، وەرزی پاییز و بەهاریش بێ بەش نین لەباران، بریتییە لەهاتنەخوارەوەی دڵۆپەی وردی ئاو بەبڕ و كات و مەودای جیاواز لەهەورەكانی ئاسمانەوە بۆ سەرزەوی بەكاریگەری هێزی كێشكردن، دەبێتە مایەی بوژاندنەوە و دووبارە سەوزكردنەوەی زەوی و دارودرەخت و گیا و دەغڵ و دان، هەروەها زیادبوونی ئاوی سەر زەوی و كانی و كارێزەكان و زۆربوونی پیت و فەڕ، ئاودێریكردنی دەغڵ و دان و بەرهەمی دانەوێڵە.
چۆنیەتی درووستبوونی باران بەهۆی تەواوكردنی سوڕێكەوەیە لەنێوان ئاوی دەریا و زەریاكان و دواتر بوون بەهەڵم و ئینجا بوون بەهەور و چڕبوونەوە و چوون بەیەكدای هەورەكان و پاشان تێپەڕینی بەچینێك هەوای سارددا و درووستبوونی كرداری دڵۆپاندن و لەكۆتاییدا بوون بەدلۆپەی باران و بارینی بۆ سەر زەوی و بوونەوە بەئاو، ئەمە لەڕووی فیزیكیەوە بریتییە لەدرووستبوونی باران، گەورەیی و بچووكی دڵۆپەكان و بڕ و مەوداكەی بەندە بەو دۆخەی هەورەكانی پێدا تێپەڕ دەبن.
باران لەزمانی كوردیدا.
كورد بەدرێژایی مێژوو بۆ ژیانی خۆی پشتی بەكشتوكاڵ و چاندنی گەنم و جۆ و دانەوێڵە بەستووە، سروشتی جوگرافیای كوردستانیش وایە پێویستی بەبارانە و باران بزوێنەری ژیانی كشتوكاڵی و جوتیاریی و ئاودێریی و سەرجەم كایەكانیتری ژیانیەتی، لەهەمان كاتدا بوونی هەرچوار وەرزەكەی ساڵ وایكردووە بوونی گرنگی و تایبەتمەندی خۆی هەبێت لای تاكی كورد، لەبەرەبەیانی مێژووەوە دنیادیدە و ریش چەرمووانی كورد گرنگییان بەكاتی باران بارین و بەوەرزی جوتكردن و گەشەكردنی دەغڵ و دان دروێنە و ئاودێری و وەرزی باران بڕان داوە و ئامادەكاری تەواویان كردووە، بۆ هەر دۆخ و كات و ساتێك یان شێوازێكی باران ناو و دەستەواژەی تایبەتیان داناوە.
كاتێك ناوی باران دەبیستین دیمەنی كەشی باران دێتە بەرگوێمان، بەڵام كاتێك بەشێوەی تایبەتی وشە و دەستەواژە باوەكان دێتە سەر زمانمان ئەوا راستەوخۆ هەست بەدۆخ و سات و شێوەی بارانەكە دەكەین، لێرەدا هەوڵ دەدەم هەندێك لەو وشە و دەستەواژانە بخەمە بەردیدەی خوێنەران و روونكردنەوەی كورتیشی لەگەڵ بنووسم:
پەڵە: بارانی وردی لەسەرخۆ، لەپاییزدا دەبارێت ماوەی چەند رۆژێك دەخایەنێت، بەناخی زەوییدا رۆدەچێت، تینوێتی هاوینی تاقەتپڕوكێن و گەرمایدرێژخایەنی زەوی دەشكێنێت، دەبێتە مایەی ژیانەوەی زەوی و سەوزبوونی تۆوی گژوگیا و گوڵی ژێرخاك، یارمەتیدەرێكی باشە بۆ تۆوكردنی دەغڵ و دان و جوتكردنی زەوی.
سەرپەڵە: بارانی سەرەتای پاییز بەڵام هێندە نیە پەڵە بدات و یارمەتیدەرێكی باشە بۆ پەڵە.
گەندە پەڵە: بارانی سەرەتای پاییز لەسەر پەڵە زیاترە بەڵام هێشتا هێندە نیە پەڵە بدات .
نمە باران ( نم نم باران ): بارانی وردی لەسەرخۆ كەشێكی جوان و خۆش درووست دەكات.
رشێنە باران: بارانی وردی لەسەرخۆ كاتێك دەبارێت زەوی وشك و تۆز و خۆڵە، بڕێكی كەم دەبارێت زەوی ئاوڕشێن دەكات وەك چۆن لەكوردەوارییدا ئێواران حەسار و سەكۆی گڵ و بەر دەرگا ئاوەڕشێن دەكران، بەو شێوەیە باران زەوی ئاوەڕشێن دەكات و بۆنێكی خۆش دەردەدات.
رەهێڵە: بارانی بەخووڕە، دەنكی گەورەیە و بەلێزمە دەبارێت، بەجۆرێك بەر زەوی دەكەوێت وا هەست دەكەیت تۆز لەزەویەكە هەلدەستێت.
شەستە باران: بارانی بەخووڕە و توند دەبارێت، بەجۆرێك مەودات نادات لەبەر بارانەكە هەڵكەیت، بڕێكی زۆر دەبارێت و مەودایەكی زۆرتر دەبارێت رەنگە بگاتە رۆژێك یا زیاتر.
گژەباران: بارانێكە لەكاتی خۆیدا دەبارێت كەسانی دنیادیدە و بەئەزموونەكانی كوردەواری كاتی باران بارینیان دەست نیشان كردووە بەگوێرەی زەوی و پێویستی دەغڵ و دان بەئاو، كاتێك باران باریوە وتوویانە گژە بارانە، واتە لەكاتی خۆیدایە.
دوودانك: بریتیە لەدەستپێكردنی بارینی بەفر و باران پێكەوە.
شڵێوە: بارینی بەفر و باران پێكەوە، جیاوازیشی لەگەڵ دوودانك ئەوەیە شڵێوە كاتێك دروست دەبێت كە بارانێكی باش باریوە و لەكاتی باران باریندا كەشێكی سارد دروست دەبێت و بەفریش لەگەڵ بارانەكە دەبارێت و تێكەڵ دەبن، لەبەرئەوەش زەوی تەڕە و بەفرەكە بارانی لەگەڵدایە، بەكەوتنی بەزەوی دەتوێتەوە و دەبێتە ئاو، لەكاتێكدا دوودانك لەكاتی دەستپێكردندا و لەسەرەتاوە باران و بەفر پێكەوە دەبارن.
تاوەباران: بارانێكی بەخوڕ و زۆر، لەماوەیەكی كەمدا دەبارێت

