عەبدوڵڵا سەڕاج
نووسەر و ڕۆماننووس، سويد
…………………………
لە سەرو بەندی منداڵیمەوە وشەی رەسنی کوردی دیمانەم ژنەفشتووە کەسێک ئەگەر کەسێکی ئازیزی بدیبایە دەیگوت: دیمانەت بە خێر و بەفەربێ منیش ئەوە چوار دیمانەی دەگمەن و مێژوییتان پێشکەش دەکەم کە وەک ھەڵکەندراوی سەر مەرمەربن ھەرگیز لە یادم کاڵ نابنەوە.
١- لەگەڵ نازم شیخ سەعیدی ساڵەیی دا کە ھاوپۆلی بنەرەتیم بو خوێندکاری کۆلێژی شەریعە بوو منیش مامۆستا چوینە سەردانی مەلا عەبدالکەریمی مودەریس سالی ١٩٥٥ کە لە خانووچکەیەکی ناو تەکییەی تاڵەبانی نیشتەجێ بوو. زۆر شادمان بووم و نازمیش پرسیاری ئاینی لێکرد.
٢- ساڵی ١٩٥٧ لە جایخانەکەی رێدار دانیشتبوم ، دوو ئەفەندی سەر چەرموو دابەزین و روویان لە چایخانەکە کرد. زانیم یەکێکیان مامۆستا رەفیق حلميیە بە چایچيیەکەم گوت ئەو دووانە مێوانی منن. بە گەرمی بەخێرھاتنم لێ کردن. ئەم مامۆستایە کەرکووکییە ھەر چەندە زۆرینەی تەمەنی دانیشتووی سلێمانی بووە. خاڵۆی مامۆستا یونس توفیقە کە شارەزایەکی بە توانای مەقامی عێراقی بوو. لە کتێبێکدا لە موسل لە بارەی مەقاماتی عێراقیيەوە ئاماژەی بۆ کراوە کەچی لەلای خۆمان نەناسراوە.
٣- لە سەرەتای ھەشتاکاندا چیروکی (ھێڵەك)م لە سلیمانی خوێندەوە حەسەن جاف رەخنەگری چێرۆکەکە بوو. لە بەرامبەرمدا مرۆڤێکی ناوداری شار گوێگرم بوو ئەوێش شێخ مەحەممەدی خاڵ بوو چیرۆکەکەی زۆر لەلا پەسەندبوو لە کۆتادا ھەستایە سەرپێ و چەپڵەی لێدا خۆم پێناساند و گوتم ھاوسەری شێخ کاکەمینی خاڵ لە خانەوادەی ئێمەیە.
٤- لە ناوەندی ھەشتاکاندا دکتۆر عەبدوڵا حەداد رەخنەگری چیرۆکی (پەیین) بوو کە خوێندمەوە. لە کۆتایدا مامۆستا عەلائەدینی سەجادی کە بەرێوبەری گشتیی لە ئۆتۆنۆمیيە ساختەکەی بەعسدا بوو بەسەر پێوە بە گەرمی چەپڵەی لێداو سەرسام بوو بە چیرۆکەکە. چوومە تەکی و بە نەرمی پێمی گووت: ئەو درختەی کەبەر ناگرێ درختی کوردایەتیيە. ئەحمەدی خانەیی باغەوانیش ئەوە ئەحمدی خانیيە.
ئازیزان لەو سەردەمەدا ناچاربووم پەنا بەرمە بەر رەمزو ھێماو سیمبول.

