ڕێبوار فایەق
نووسەر
………………
هاوسهفهرین،
سهربهرهوخوار-
من و مۆم!
سەفەرکردن، گەشتکردن، ڕۆیشتن لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی تر، هەندێ جار بەویستە و هەندێ جاریش داخوازییە،
هاوسەفەر، هاوگەشت دووانەیەک یان زیاتر کە پێکەوە دەچنە شوێنی مەبەست.
ئەوەی لێرەدا لە نێو هایکوکەدا بەدی دەکرێت سەفەرێکە جیاواز لە سەفەرەکانی تر، هەم ڕەگەزەکان جیاوازن، هەمیش جۆری سەفەرەکە جیاوازە. ئەی دەبێت خاڵی هاوبەش چی بێت تا ئەم دووانە پێکەوە ببەستێتەوە. ؟
سەفەری مۆم ، سەفەری گڕتێبەردان و گڕگڕتنە و سووتانی ناوک و توانەوەی جەستەیە، کە بەو هۆیەوە ڕۆشنایی و ڕوناکی دەبەخشێت بە دەوروبەر، شەوی تار ڕۆشن دەکاتەوە، تا بینین جوانتر و ڕوونتر بێت.
مۆم یان شەمع، لە نێو شیعر و ئەدەبیاتدا، چ لە کۆن و چ لە نوێدا، هەمیشە ئامادەیی هەبووە، بە ڕەمز و نیشانە گەلی جیاواز و بە خوازەی جۆراو جۆرەوە.
سەفەری مۆم لە بەرزییەوە، بەرزی لە باڵا و لە چۆنایەتییەوە، بۆ توانەوە و کەمبوونەوە و نزمی، تا کۆتایی و تەخت بوون.
سەفەری تەمەن، لە یەکەمین ترپەکانی دڵ و لە شوێنێکی تەنگ و تاریک کە ناو ڕەحمی دایکە، بۆ ڕەحمی زەوی، کە سات لە دوای سات توول دەکێشێ و لە گەڵیدا هەڵکشان و گەورەبوون ڕوودەدات،.
دژیەکی نێوان مۆم و تەمەن ئەوەیە کە مۆم لە گەورەبوونەوە بچووک دەبێتەوە، بەڵام تەمەن لە بچووکییەوە دەست پێدەکات و گەورە دەبێت،
پاشان هەر یەک لەم دووانە بەستراونەتەوە بە کاتەوە، کاتێک بۆ بوون و دەستپێکردن و کاتێکیش بۆ تەواوبوون و کۆتایی هاتن، بەڵام هیچیان لە یەک ناچن، ئەوەندە نەبێت کە زەمەنێک پێکەوەیان دەبەستێتەوە.
لە بنچینەدا دەبێت مرۆڤ، یان بڵێین تەمەنی مرۆڤ بۆ بەخشینی جوانی و ڕۆشنایی و ئاوەدانی بێت، چ لە سەر زەوی و چ لە نێو دڵەکان و ناخی کەسەکانی تردا، وەک چۆن مۆم دەسووتێ و خۆی دەکاتە قوربانی تا تروسکایی ڕووناکی ببەخشێت، پێویستە مرۆڤیش ئەو تەمەنەی کە هەیەتی یان دەیبێت، بە جوانی دایگرسێنێ هێدی هێدی بیسووتێنێ تا وەک مۆم ببێتە تروسکایی و ڕۆشنایی بۆ ژیان، هەم ژیانی خۆی هەم ژیانی ئەوانی تر.
کەواتە هاوسەفەر، پێکەوەبوونە لە بەخشینی نوور و ڕووناکی،
هاوسەفەر بوون، هەنگاو و کردەیەکە لە شوێن و دۆخێکەوە بۆ شوێن و دۆخێکی تر.
هاوسەفەربوون، گرتنەبەری یەک ڕێگایە، کە بە ویستی خۆت نییە و دەبێت بەو ڕێیەدا تێپەڕی بڕۆیت.
خاڵی هاوبەشی نێوان مۆم و تەمەن کۆتایی هاتن و تەواو بوونە، لە مۆمدا سووتانە و لە تەمەندا مردنە.

