فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

قاب

هونەر موکريانی

شاعير، مەهاباد

……………………….

خۆشم دەوێی و سادە دەمرم بۆت

پێشم‌کوتووی بەر لەوەی سەت جار

شایەد له‌جێگەدا هەر ئەوشۆکە

شایەد سبەی کە دەچمەوە سەر کار

خۆشم دەوێی و دوو قەدەم ڕێگەم

تا تۆ بگەی بە شاعیرێکی ڕووت

پێویست نییە قەسیدەیەک باران

دانیشە دەی عەزیزەکەم، دەتکووت….

ئەو دەم شتێ لە ئارەقە و چڵکم

ساتێ لە ژێر دووشم و زیندووم

خۆشم دەوێی و هیچ نازانم

پیاوێک ژینم و هەمیشەش بووم

یەک چرکە تاهەتایی بۆ هەستێک

من بم لە رووبەرووت راوەستاو

دووپاتەبوونەوە و دەگەڵ تۆ بوون

ژن بوون بە کاتی ناتەواوی پیاو

خۆشم‌دەوێی و دێ حەسوودیم بە

هەرکەس گرینگە بۆت جا کولـلەن

فەڕقی نییە چ عیددەیێ دمڕووت

یا تاقمێ کە ئەوجن و قولـلەن

من ناکەوێتە دەستی تۆ وەک من

ئەو خەڵکە کوێری ئەو سەر و وەعزەن

حاڵی‌بە جاروبار ناحاڵی

عاسابی من خرا دەکەی بەعزەن

خۆشم دەوێی و قەڵس و لالووتی

ئاخر دە چی بووە کچێ مەیموون

گه‌ر بێ بزەت بە جۆکی شێتی من

پێویست نییە حەکایەتی مەجنوون

من کار و نەوس و بیییب و گەندوگووم

چەن جووت گۆرەوی، ڕیکابی، شۆرت

زوو زوو عەوەز دەبم کە هاتۆچۆم

قەندم کە زوو دەبم بە قۆزەڵقۆرت

خۆشم دەوێی و ئارەزوومەندم

پارێزەرت بە کۆش و باوەش بم

بۆ من بی بۆ من و بەتەنیا من

بۆ من بی تا هەبم ئەگەر نەش‌بم

ژیانێ ئەوینی چێرەیی و چووکم

ئەی تۆ وەنەوشی خاتراتی من

تا شێعر تۆم بوێ لەدەستم دێ

ئەی بەرزتر لە دەسهەڵاتی من

بۆ ویستنت دەژیم تا دەمرم

گەرچی تەمەن لەپات ناکامە

بۆ ویستنت دەنووسم و دەمرم

دەستم کراوەتر لە توانامە

شایەد کە پێت نەگەم کە نەتبینم

شایەد کە خۆت بی فەقەت بۆخۆت

شایەد نەبم بە ویستی تۆ ئەمما

خۆشم دەوێی و بۆت دەمرم، بۆت…..

٢٤ی خزەڵوەری ١٤٠٢