فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

مریشک

د.مستەفا زەنگنە
نووسەر و مامۆستای زانکۆ، هەولێر

…………………………….

ئەوڕ، پێش ئەوەی لەماڵێ دەرچم و بچمە زانکۆ، پێیان وتم کە مریشکێک بکڕم، ئەوەبوو ملی ڕێم گرت . کابرایەکی بەتەمەن کە پاڵی بە عەرەبانەیەکی دەستییەوە دەنا،
لەپێشمەوە هەنگاوی لەرزۆکی دەنا، ناوە ناوە ڕادەوەستا و چی شتێ لەسەرشەقامەکە هەبوایە هەڵیدەگرتن و فڕەی دەدانە نێو تەنەکەی زبڵەکانەوە.گەیمە هاوشانی، سەلامێکم لێی کرد و لەشەقامەکە پەڕیمەوە ئەوبەرو خۆم کردە دوکانی مریشک فرۆشەکەدا، پێم وت:- برا، مریشکێکی باشم بۆ بکێشە وپاکی بکە و پارچە پارچەی بکە، دەستم کردە باخەڵما و یازدە دینارم دایە کابرای دوکاندار، لەم کاتەدا پیرەی خاوەن عاڕەبانە خۆی کردە ژوورا و هاتە لای مریشک فرۆشەکە و سەلامی کرد و دەمی کیسە نایلۆنێکی کردەوە و خستییە بەردەم مریشک فرۆشەکە، ئەویش، دەسی برد، دەبینم چەند سەرە مریشک وقاچەمریشکێکی خستە ناو نایلۆنەکەوە و گوتی:-مامە بەخوا لەدوێنێوە ئەوەنەم بۆکۆکراوەتەوە، ئێستا وەکوو جاران نییە، خەڵکی سەرو قاچی مریشکەکانیش دەبەنەوە. کابرای پیرە گوتی:- خوانەیبڕێ عەیبی چییە، دیارە رزقەکە هەرئەوەندەیە.
خۆم پێنەگیراو بەکابرام گوت:-
چ کارەی؟
ـــ وەڵڵا لەسەردەمی حەرەس قەومییەوە بابم ماری هینایە شار لەو وەختەیڕا کەگەورە بوویم هەر عەمەلایەتیم دەکرد، بابم ژنی لۆهینام و خۆیشی پێشە شەش ساران دەبی عەمرە خودایکرد، هەشت ساران مندارمان نەبوو پاشان خودابە ڕەحمی خۆی سێ کیژانی داینێ. یەکم بەمێردی دایە و دووەکەی دیش لەکنە خۆمانن، هێشتا قسمەتیان هەرنەستایە.کوڕم نینە، ئێستا کوڕەکم هەبایە، دیارە حارم وەنەدەبوو..
واچوارسارە بەوعومرەی لەکۆمپانیایەکی خاوێنکردنەوەی شارێ کەناسی دەکەم مانگانەکەم سێسەد هەزار دینارە، سێ زەعیفەيش بەخێو دەکەم ولەملێ منن. ئەو پیاوە خوا سەلامەتی کات هەفتەی جارەکی سەرە مریشک ولاقە مریشکم دەداتێ و لۆ ئێمە عەیبی نییە.کەس بەدەسە خۆی نییە، خوا کووقەرەمی لێدا هەرئەوەیە.
منیش چاوم لە مریشک فرۆشەکەی داگرت و پێم گۆت:-ئەو مریشکەی منی دەیێ؟ کابرا تێگەی و فرمێسک بەچاویا هاتەخوار وگوتی:-وەڵاهـ مامۆستا ئەو دوکانە هینە من نییە، ئەمنیش بەخۆم لەودوکانەی شاگردم ،
ئەگینا بەدر حەزدەکەم، بەخۆم مریشکەکی لۆ ئەم مامە پیرەی بکڕم، بەرام چ برێم،؟ نەبوونی زەحمەتە.ئیدی من مریشکەکەم بۆکابرا بەجێهێشت وهاتمە دەرێ، خەریکی وێنەگرتنی عەرەبانەکەی بووم ، کابرای پیرە هات و مریشکەکەی لۆهینام وگۆتی:-رەبی هەزارجار مارت ئاوابی وخواخێرت بنووسی، ئەتۆ مریشکەکەی خۆت ببەوە، ئەمن ئەو لاقانەم بەسە، بەڵام وەرە لە ڕاهی خودای
،پارەی مریشکێکم دەیێ، پیرەژنەکەم گەلەک شڕە تائێوارەی بیبەمە کن موزەمیدێکی شرینقەیەکی لێبدات ودوو دەنکە حەبیشی لۆ بکڕم.
گۆتم:ـ ئەدی ئەو هەموو سندووقە لایلۆنەت لۆچییە؟ گۆتی مامۆستا، ئەوە ڕۆژانە لەگەر ئێشا خۆم ، ئەو نایلۆنانەيش کۆدەکەمەوە، پێنج شەمانێ خڕ دەیانفرۆشم، باشە نیو کیلۆ گۆشتی پێ دێ، لۆ پیرەژن و منارەکان عەیبی نییە.
منیش گوتم مام حاجی مریشکەکەی ببە و بگرە ئەوەيش لۆ پیرەژن، ئێوارێ بیبەرە کن دختۆرەکی چارەی بکات.
پێم لێناو چوومە دەوام، ئەوجا نازانم ئێوارەی پاش دەوامێ بچمەوە ماڕێ، بڵێی نێوان من و کەیبانووم لەسەر ئەوەی مریشکم بۆی نەبردیتەوە، نەگاتە مریشکە ڕەشەی؟