فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

ڕۆژنامەنووسی تەنبەڵ، بنووسی تەوەزەل

 

 عەبدولڕەحمان فەرهادی

نووسەر، هەولێر

(سەرۆکی لقی هەولێری يەکێتی نووسەرانی کورد)

………………………

 

 زۆربەی ڕۆژنامەنووسانی گەلان، ئەوەندە كارامە و شارەزا و پیشەسازن، ئەوەندە دەچنە ناو هەناو و كێشەكانی كۆمەڵگە و پیشەكەی خۆیان، ئەوەندە بە دڵسۆزی و عیشقەوە دەنووسن، دواجار زۆرێكیان لە ڕاپۆرتە هەواڵنووسییەوە، لە شڕۆڤیاری سیاسییەوە، لە ڕیپۆرتاجنووسییەوە، لەو پیشەی ڕۆژنامەوانییەیانەوە، بوونەتە ڕۆماننووسی گەورە و ناوداری جیهان، نموونەمان زۆرن، لەوانە: یەشار كەمال، گابرێل گارسیا ماركیز، ئۆریانا ڤالاجی، هەمەنگوای، جۆرج ئۆرۆیل، شتاینبێك، ئەلبیر كامو، گۆنتەر گراس، ئۆرهان پامووك، جاك لندن و یودیت نیورینك،…تاد. كەچی ڕۆژنامەنووسی ئێمە تا دەكەونە لێواری مردنیشەوە، ناتوانن ڕاپۆرتە هەواڵ بە كوردییەكی جوان بنووسن، چونكە ئەو عیشق و دڵسۆزییەیان بۆ پیشەكەیان نییە و زۆریان بە ڕێكەوت كەوتوونەتە ناو پیشەكە، ناخوێننەوە و بایەخ بە هونەرەكانی نووسین نادەن، تەنێ وەك پیشە بۆ بژێو دەكارن، بۆیەش پێش ناكەون چونكێ دوای خۆیان یەكێك ئامادەیە بە نووسینەكانیاندا بچێتەوە، كەچی دوای ئەم هەموو ساڵەی نووسین خۆیان فێر نەكردووە بەسەر ئەو خەوشەیاندا زاڵ بن. ئەمانە زۆربەی كەناڵە میدیاكانی كوردستانیان تەنیوە، بەداخەوە زۆربەیان دەیان ساڵە لەو پیشەیە بەردەوامن، كەچی وەك قوتابیی تەنبەڵ و تەوەزەل، فێر نابن و نابن!.. برادەرێكی نووسەر و ڕۆژنامەنووسم هەیە، دەیان ساڵە دەنووسێت، كەچی تا ئێستا خۆی فێر نەكردووە بە ڕێنووسێكی تۆزێ باش و پوخت بنووسێت! نەیتوانیوە لە ڕستەی پڕ گرێوگۆڵ خۆی دابڕێـت، هەرجار دەیدەمە بەر ڕێژنەی ئامۆژگاری و گلەیی، كەچی زرینگەی سەرە ژەنگنەكەی دێت. پێی دەڵێم ئەوە بۆچی لەم ڕستەیە ئەم هەموو كەوانەیەت داناوە! چما پێت وایە كەوانە كردنەوە و داخستن بۆ جوانییە؟ ئەرێ ئەم هەموو خاڵ و وێرگوڵ و كەوانۆچكەیە چین دایاندەنێیت؟ ئەوە بۆ كەمێ بایەخ بە جوانیی ڕستە و زمانەكەت نادەیت؟ بۆچی وا ناكەیت خوێنەرت سەرتاپای نووسینەكەت بخوێنێتەوە و لە نیوەی ڕێ بەجێت نەهێڵێت؟ ئەو وام وەڵام دەداتەوە كە خاڵبەندی و ڕێنووس كێشە نین، بەڵكە گرنگ ناوەڕۆكە. پێی دەڵێم مەمنووعە دەنگی (وو) بكەیتە (و)، بەرسڤم دەداتەوە: من باوەڕم بە دوو واو نییە و لە هەر وشەیەك كە واو هەبێت، من هەر یەك واو دادەنێم و لە زمانی كوردی دوو واو وجوودی نییە.. ئەو برادەرە هێژایەم سەردەمانێك لە ڕۆژنامەیەك گۆشەیەكی درابووێ، كە بۆی دەنووسین ئیدیتەری ڕۆژنامەكە، یان با بڵێین ڕێنووسساز و هەڵەبڕ، هەموو ئەو وشانەی دوو واویان هەیە و ئەو بە یەك واو نووسیونی، بۆی ڕاست دەکردنەوە و كە ڕۆژنامەكە دەردەچوو، ئەو برادەرەم هیچ گلەیی و هەڵوێستێك، یان ناڕەزایییەكی پیشان نەدەدا و بەو پێداچوونەوە و ڕاستكردنەوەیەی نووسینەكەی ڕازی دەبوو و كڕ دەمایەوە، منیش جارێكیان لێی دەهری بووم و دایڕسامێ: مادام باوەڕت وا جێگیرە، چۆن ڕازی دەبیت بەوەی بۆتی دەستكاری بكەن كە باوەڕت پێی نییە؟ ئیتر من هەر شەڕم پێی دەفرۆشت و ئەویش هەر مات و بێدەنگ دەمایەوە و پاساو و وەڵامی بێ بنەمای دەهێنایەوە، تا ئێستایش هەر ئاوایە.. لەو باوەڕەدام كە سەرجەم ئەو بنووس و مامۆستایانەی زانكۆ و ڕۆژنامەنووسانەی ( كە ژمارەیان یەكجار كەمە) دەڵێن: لە زمانی كوردیدا دەنگە بزوێنی درێژ یان فۆنیمی (وو) نابێت بنووسرێت و وجوودی نییە، بەهۆی ئەوەوەیە كە ئەو بەڕێزانە نازانن لە كوێ و كام وشە دوو واو و لە كام وشەیش یەك واو دەنووسرێت. جا بۆ خۆ دەرباز كردن لە هەڵەنووسی، ئەمە وەك پاساوێك دێننەوە، بێ گومان ئەم بیروڕایە لەگەڵ حەقیقەت و زانست و كاری ئەكادیمی، یەك ناگرێتەوە. خوا كاریان ڕاست بێنێ و ڕۆژێك بێ خۆیان فێری ڕاستنووسی بكەن.