فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

مــنــداڵ و نــووســیـن

 

 

محەمەد بەرزی     

نووسەر، ئامريکا

……………..

نووسین بەشێکی گرنگی پەروەردەیە ، هۆکارێکی بێ هاوتای پەیوەندییە . کردارێکی زۆر گرنگە و پێویستە منداڵ بە چاکی فێری بێت ، تا لە ژیان و قوتابخانەدا سەرکەوتووبێت .  جا ئەگەرچی لە سەرەتادا خێرایی نووسینی منداڵ کەمێک قورسە ، بەڵام بە مەشق و ڕاهێنانی بەردەوام بەرەو فێربوون دەڕوات . واتە منداڵ تا زیاتر بنووسێت ، لـــە نووسیندا خـێـرا و باشتر دەبێت . نووسینی باش ڕێگا بۆ منداڵ ئاسان دەکات ئەو شتانە بگەیەنێت ، کە فێریان بووە . بە گشتی ئەو منداڵانەی حەزیان لە نووسینە لە قوتابخانەيشدا سەرکەوتوون ، بەڵام ئەو منداڵانەی حەزیان لە نووسین نییە ، حەزیان لە فێربوونیش نییە و بۆ فێربوونیش هەست بە بێزاری دەکەن . ئاشکرایە زۆرێک لە دایکان و باوکان لە ماڵەوە بە گران منداڵەکانیان فێری نووسین دەکەن . زۆرجار نازانن چۆن چۆنی دەست پێ بکەن . هەندێک جاریش بە هەڵە دەست پێ دەکەن ، لە ئەنجامیشدا منداڵەکە بێزار و خۆيشیان بە تەواوی ماندوو دەکەن . چونکە  نووسینی پیتەکان هەر تەنها پەیوەندی بە دەست و گرتنی پێنووسەوە نییە ، بەڵکووپێویستی بە شارەزایی تەواو و جەستەی باش و هاوسەنگی و هێزی بەشی سەرەوەی جەستەوە هەیە ، تا قۆڵ و دەست و پەنجەکان بتوانن بە باشی پێنووس بگرن و بیپارێزن . سەرباری توانای بینیین و بیرەوەری باشیش بــۆ پیتەکان . بە کورتی فێربوونی نووسین کارێکی قورس و گرانە و یەکێکە لە پێویستییە هەرە گرنگەکانی ژیان ، کە بەهرە و شارەزایی تەواوی دەوێت . لێرەدا چەند خاڵێک دەخەینە ڕوو ، ئەگەر بە باشی  پەیڕەوی بکرێن ، ئاسانکاری بۆ منداڵان دەکەن تا بە ئاسانی فێری نووسین بن :

١ –  ئامادەکردنی  کەلوپەلی زۆری نووسین بۆیان وەک : کاغەزی زۆر ، پێنووسی ڕەش و ڕەنگاوڕەنگ ، لاستیکی خەت کوژانەوە و ئامێری پێنووس دادان . تا بە ئارەزووی خۆیان بەکاریان بهێنن . ئەمانەيش کارێک دەکەن هۆگری نووسین بن ، ماسولکەکانی دەستیشیان ڕابێن و فێربن بە باشی پێنووس بگرن و چاکتر بەکاری بهێنن .  بە پێچەوانەيشەوە کەمیی کاغەز و گرتنی پێنووس بە شێوەیەکی هەڵە و ناتەندروست  ، کاردانەوەی خراپیان بۆ فێربوونی نووسین هەیە .

٢ –  بە پێی توانا لە ماڵەکەدا  شوێنێکی تایبەتی بۆ نووسین تەرخان بکەن ، تا بتوانن دوور لە دەنگە دەنگ و ژاوە ژاو و سەرقاڵکردن بە ئارامی بنووسن .

٣ –  ئامادەکردنی خشتەی پیتەکانی ئەلفبێ بۆیان ، کاریگەری زۆر چاکی بۆ نووسین هەیە .

٤ – بەکارهێنانی ئەو جۆرە لاستێکی خەت کوژاندنەوانەی ، کە بەسەری پێنووسەوە نووساون ، باشتر و خێراتر پەنجەکان بۆ نووسین ڕادەهێنن .

٥ – گرتنی پێنووس بە شێوەیەکی ڕاست و دروست و بە سێ پەنجە ، یارمەتی منداڵ دەدات باشتر و خێراتر بنووسێ . بە پێچەوانەيشەوە گرتنی پێنووس بە شێوەی نادروست کاردانەوەی خراپی دەبێ . پاشان نابێ منداڵ زۆر بە قایم پێنووس بگرێت بە دەستييەوە ، تا دەستی زۆر ماندوو نەبێت .

 

٦ – هاندانی منداڵ تا ناوی خۆی بنووسێت ، لە کاتی نووسین و خوێندنەوەی چیرۆک و هۆنراوەدا و بە دەم و لەبزێکی شیرینەوە  ئاماژە بۆ یەک بە یەکی پیت و وشەکانییان بۆ بکەن . تا بە باشی فێریان بێت و شارەزای پەیوەندییەکانی نێوان و پیت و وشەکان بن  . زۆریش گرنگە خۆڕاگر و سنگفراوان بن ، چونکە ئەو بابەتە پێویستی بە کاتی زۆرە و بەردەوامی هەیە . سەرەتای ئاشنابوونی پیتەکانە ، کە منداڵ پێویستی پێیانە ، لە کاتێکدا دەست بە خوێندنەوە دەکات .  

٧ – تا دەتوانی ستایشی منداڵەکەت بکە . بە دوای شتە باشەکانی نووسینەکەیدا بگەڕێ و بەردەوام هانی بدە و دەستخۆشی لیێ بکە ، چونکە هەمیشە وشەی سادەی ستایش ، دەتوانێ کاری سەرسوڕهێنەر بکات .

٨ – خوێندنەوە ڕۆڵی گەورەی لە نووسیندا هەیە . هەردووکیان تەواوکەری یەکترین . تا منداڵ زیاتر بخوێنێتەوە ، بــۆ نووسین بیرۆکـەی زیاتری لە لا دروست دەبێت . هەربۆیە باشتر وایە گۆڤاری باشی پەروردەیی بۆ ئامادەبکرێت . چونکە منداڵ گۆڤاری لە پەرتووک پیێ باشترە .

٩ – لەگەڵ گەورەبوونی منداڵەکەدا ، هانی بدەن نامە و کارت بۆ داپیرە و باپیرە و ئەندامانی  خێزانەکەی و هاوڕێکانی بنووسێت . بەمەيش زیاتر متمانەی بە خۆی دەبێت و شارەزای وشەسازی دەبێت و دەتوانێ لە وشەکان ڕستە دابڕێژێت .

١٠ –  کاتێک منداڵ وێنەیەک دەکیشێ ، پرسیاری زۆریان لە بارەیەوە ئاڕاستە بکەن . وەک : ئەوە وێنەی چیت کیشاوە ؟ . کوڕەکە چی دەکات ؟ . یان کچەکە چی دەکات ؟ . ئەی دەتوانی لەو بارەیەوە چیرۆکێکم بۆ بگێڕیتەوە … و هتد .

١١ – زۆر گرنگە بە بەردەوامی باسی سوودە زۆرەکانی نووسینیان بۆ بکرێت . پاشان سەیرکردنی نووسینی گەورەکانیش لە لایەن منداڵەوە ، هاوکارییەکی زۆر باشە . دیارە هۆکارەکانی فێرنەبوونیش زۆرن وەک : گرنگی نەدان پێیان ، کەمی کاغەز ، گرتنی پێنووس بە شێوەی هەڵە و نادروست و … هتد .

١٢ –  خێرایی و باشتربوونی نووسین لە منداڵێکەوە بۆ منداڵێکی تر جیاوازە . بەندە بە هۆکارەکانی وەک : ئاستی ژیری و لێهاتوویان ، مەشقکردن و شێوازی فێربوونیان .  چونکە نووسین پێویستی بە مەشقی زۆرە ، تا زیاتر بنووسێت ، لە نووسیندا باشتر دەبێت . ڕەنگە هەندێک منداڵ دوای مەشقپێکردنیان و لە ماوەی چەند هەفتەیەکدا پیشکەوتنی بەرچاویان هەبێت . لە کاتێکدا هەندێکی تریان ماوەی زیاتریان پێویستە . زۆر گرنگە سەبرتان هەبێت و بەردەوام پشتگیری و هانی پێشکەوتنیان بدەن . چونکە مەرج نییە هەموو منداڵێک وەک یەک گەشە بکات . جا ئەگەر خێرایی نووسینی منداڵەکەت لە هاوتەمەنەکانی خاوتر بوو ، خەمی لێ مەخۆ و نائومێدی سواری کۆڵەی سنگتان نەبێ  و بەراوردی منداڵەکەت بە هاوڕێکانی مەکەن . باشتر وایە گرنگی بە پشتگیری و باشترکردنی بدەیت و بەردەوام هانی بدەن بە پیتەکاندا بچێتەوە ، تا منداڵەکە باشتر شارەزای پیتەکان بێت .

ئەوەی شایانی باسە هێواشی نووسین بەربەستێکی سەرەکییە لە بەردەم سەرکەوتنی منداڵدا . هاندانی منداڵ بۆ خێراتر نووسین گرنگە ، چونکە نووسین بەشێکی سەرەکییە لە تاقیکردنەوەکان و ئەرکەکانی سەرشانیان . خۆ ئەگەر نەتوانن لەگەڵ خێرایی نووسیندا ڕابێن ، ئەوا بێزار دەبن . بۆیە زۆر پێویستە لە ساڵانی سەرەتاوە چاودێری خێراییان بکرێت . کاتێکیش نووسینیان باشتر دەبێ ، باشتر پیتەکان دەناسنەوە و دەتوانن وشە و ڕستەیان لێ دروستبکەن .                                            

             لە دواجارێشدا ئەوە ماوە بڵێم :  لە وڵاتە پێشکەوتووەکاندا لە لایەن ڕێکخراوی تایبەتەوە بە دواداچوون بۆ توانای نووسینی منداڵان دەکەن ، دەربارەی پێکهاتەی ڕستە و بەکارهێنانی وشە و هێماکانی خاڵبەندی . چونکە دابەزینی توانای نووسینی منداڵان ، ئەگەری لێکەوتەی خراپیان لێدەکەوێتەوە .  پەندێکی ئینگلیزیش هەیە دەڵێ : ( نووسینی باش واتە بیرکردنەوەی باش ) . جا بۆ گەیشتن بە بیرکردنەوەی باشیش ، پێویستە تۆوی خۆشەویستی نووسین لە منداڵدا بچێنرێت و بە هەموو شێوەیەک هاوکاریان بکرێت  ، تا بەسەر کێشە و گرفتەکانیاندا زاڵ بن . کەواتە تا دەتوانی بە کوڵ و دڵ پشتگیری تەواوی منداڵەکەت بکە ، کێ دەزانێ ڕۆژێک لە ڕۆژان نابێت بە نووسەرێکی پایەبەرزی گەورە و بە ناوبانگ .

 

****

تێبینی : بۆ ئەم بابەتە سود لەچەند سایتێکی ئینگلیزی وەرگیراوە .