فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

چیرۆک

بەفرین شەڕەفکەندی
نووسەر، مەھاباد

………………..
چرک، چرک، چرک، دەنگی ڕاژێنی کاتژمێری سەر دیوار دێتە گوێم کە بێوچان دێن و دەڕۆن، بێ ڕاوەستان، بێ پشوودان، زەمان چرکە بە چرکە، دەم بە دەم  تێدەپەڕێ. هەست بە هێمنایەتییەک دەکەم کە هەرئێسە هاودەم و هاودەنگمە و ماوەیەک دەبوو لێم زیز و تۆرابوو! نیوەشەوە، خرمە خرمی باران پەلکێشم دەکا بۆ دیتنی کە بە لێزمە دەکەونە سەر جامی دەلاقەی ژوورەکەم و هاوکات دەنگی کاتژمێر بزر و نادیار دەکات.چاوم بڕییە ئاسمان؛ چ ئارامکەرەوەیەکی بەڕمێن و دڵخوازە! هەورەکان دوای دابڕانێکی لەمێژینە سەرچۆپیکێش یەکتریان لە ئامێز گرتەوە و بە ئاهەنگی زەماوەندیان دڵدارانە بەگڕ و تینەوە سەمای نوریان خوڵقاند و دڵفراوان بەرهەمی ئەوینی خۆیان خەڵاتی جەستەی سیس و شەمزاوی شارەکەم کرد! چاوم بە گوڵە هەمیشە بەهارەکە کەوت کە لە سووچی دەلاقەکە هەڵپڕووکاو و ژاکاو ملی بەلاوەنابوو؛ ئاخۆ بڵێی تینووی بووبێ یا لە گوڵەوانەکەی دڵمەندە کە ماوەیەکە ئاوڕی لێ نەداوە و پێی ڕانەگەیشتووە؟!دەستمدایە و هەڵمگرت و بێ چرپە و ترپە بۆلای تارمە ڕۆیشتم و پێخاوس پێم نایە تارمە. ئاسمان بەدڵە من دەبارێ و چاو وشک ناکاتەوە! ئاو لە پلووسکان لیپاولیپ دێتە خوار و لەگەڵ ئاوی قاناو دەستیان ناوەتە دەستی یەک و لرفەلرفیانە! لەمێژ بوو تامەزرۆی باران بووم تەنانەت دڵتەنگی گرمە و برووسکەی هەوریش! ڕێژنەی باران دەپڕژانە سەر و بسک و بەرۆکم و زەنگوڵ زەنگوڵ ڕێچکەیان دەبەست و هێور هێور یەک بەدوای یەک لە بەژن و باڵامدا دەهاتنە خوار! لوولی‌ئەگریجەکانم  لەگەڵ زریان تێکەڵ بوون و لەسەر شانم خەرامان خەرامان کەوتنە سەما! چاوەکانم لەسەریەک دادەنێم و سییەکانم پڕ دەکەم لە بۆن‌پژێنی گوڵ و خۆڵی باران کوتاو! گوڵدان بەدەست سەرشێتانە بەدەوری خۆمدا دەسووڕێم یەک دەور، دوو دەور، ئەوەندە دەسووڕێم هەتا سەرەگێژە دەگرم جلکەکانم شەڵاڵی بارانن و ئاوەچۆڕیانە. تنۆک تنۆک باران لەسەر پەلکەگوڵ دەتکان؛ گوڵ پاراو بوو و تاسەی شکا! ناو گوڵدانەکە لێوڕێژ بوو لە واراناو و تک‌تک قوڕاو بەسەر پەنجەم دا چەقیان بەست. چەخماخە و درەوشینی لە ناکاوی هەور چاوەکانمی کردەوە ئیتر سێحری خەمۆکی بەتاڵە و بێ سەروشوێنە!