شاعیری ناودار ئەحمەد عارف (1927-1991) و نووسەر لەیلا ئەربیل(1931-2013) دوو ناوی درەوشاوەی ئەدەبیاتی هاوچەرخی تورکین و هەردووکیان بەڕەچەڵەک کوردن. کوردبوونی ئەحمەد عارف گەردی لەسەر نییە. لەم دواییانەیشدا دەرکەوتووە کە بنەماڵەی ئەربیلیش کوردن و بەڕەچەڵەک خەڵکی هەولێرن. دیوانی “کەلەپچەکانم لە حەسرەتی تۆ داڕزاند”ی ئەحمەد عارف کە یەکەمجار ساڵی 1968 چاپ کراوە، یەکێک لە شاکارە هەرە بەناوبانگەکانی شاعیرە و لە باکور و تورکیا کەم مرۆڤی کورد و تورک هەیە بەشێک لەو شیعرانەی لەبەر نەبێت. بەپێی ناوەندە ئەدەبییەکان و میدیاکانی تورکیا، ئەحمەد عارف سەردەمانێک عاشقی لەیلا ئەربیل بووە و باوەڕ دەکرێت هەندێک لە شیعرەکانی ناو ئەو دیوانە زادەی عەشقی ئەو بن بۆ لەیلا ئەربیل.
لەیلا ئەربیل 2013.07.19 لە تەمەنی 82 ساڵیدا کۆچی دوایی کرد. ڕۆژنامەی “حوڕییەت” ئەو کاتە لە هەواڵێکدا بەو بۆنەیەوە نووسیبوی یەکێک لەو شیعرانەی کە عارف لە لووتکەی عاشقبوونیدا بۆ ئەربیلی نووسیوە، بەمجۆرە دەست پێدەکات:
“نەبوونت ناوێکی تری دۆزەخە/لەرزم لێ دێ، چاوەکانت دامەخە…”
لە هەمان هەواڵدا هاتبوو کە عارف لە ماوەی ساڵانی 1954-1957دا و دواتر لە 1977دا زیاد لە 60 نامەی بۆ لەیلا ئەربیل نووسیوە. سەرجەم ئەو نامانە و گشت ئەو شیعرانەی کە ئەحمەد عارف بۆ لەیلا ئەربیلی نووسیون، ساڵی 2013 لە کتێبێکدا بە ناونیشانی “لەیلم، لەیلم” لەلایەن دەزگای وەشانی “ئیش بانکاسی”یەوە چاپ و بڵاو کرایەوە. ناونیشانی کتێبەکە سەردێری یەکێک لەو شیعرانەیە کە ئەحمەد عارف بۆ لەیلا ئەربیلی نووسیوە. “پیاوێکی نامۆ” نوێترین ڕۆمانی لەیلا ئەربیلە کە لە دوای مردنی چاپ و بڵاو کرایەوە و بەهاری ساڵی 2014 کەوتە بازاڕەوە. لەیلا ئەربیل چاوەرێ بوو کتێبی “لەیلم، لەیلم”یش دەربچێت تا بۆ هەوادارانی شیعری ئەحمەد عارف و ڕۆمانەکانی خۆر واژۆی بکات، بەڵام مەرگ مەودای نەدا.
یەکێک لە نامەکانی ئەحمەد عارف بۆ لەیلا ئەربیل کە لە کتێبی ئاماژە بۆ کراودا هەیە، بەمجۆرەیە:
“15 ئیار 1954… ئەنقەرە… لەیلا، گیانەکەم، وێڵ و پەشێو و بێدەنگم… بێدەنگ و پڕ: باشە لە سایەی خواوە تۆ هەیت، ئەگەر نا، حاڵم پەرێشان دەبوو… ئێرە گوندێکە! سەرباری گشت پێداگرتن و هەوڵی خزمەکانم، یەکسەر بۆ لای دایکم دەڕۆم. ڕۆژی دووشەمە لە شەمەندەفەردام. کاتێک دەگەمەوە ماڵ، پێویستە نامەکەت بدۆزمەوە. یەکەم پرسیاریشم لە دایکم هەر ئەوە دەبێت… تۆ چۆنیت؟ داخۆ لە دوایین تەلەفۆندا بێزارم کردیت؟ من چی دی لە دایکت ناترسم. بەپێچەوانەوە، وەک دایکی خۆم خۆشم دەوێت. ڕات چۆنە لەسەر ئەم قسەیەم؟ لێوانلێوم لە بەیتی شیعر. با کەمێک بێمەوە سەر خۆم، لەسەر دەستەسڕ و بلووزەکانت و سەرینەکەت شیعر ڕادەخەم. ها؟ هێشتا لە دەستەواژەی (لە کاتێکدا)ی سەر وێنەکەت حاڵی نەبووم. دەتوانیت بۆم ڕوون بکەیتەوە؟ دەزانم گشت ئەم شتانە بێهوودەن. شاکار ئەوەیە بتوانم بە فڕۆکە بێم بۆ ئەوێ. نەفرەتم دا لە نەخۆشی و پەرێشانی و ناچارییەکانی خێزان… چی بکەم؟ چاوەکانت ماچ دەکەم گیانەکەم. هەرە زیادیش لووتت. پێمەکەنە، بەڕاستمە… تۆ ئەی نیوەکەی ترم!”

