دکتۆر شادان عەلی
نووسەر، سلێمانی
…………………..
نەمتوانی بێم، شانەکانم کۆڵێک مەراقیان لەسەر کەڵەکە ببوون، ئەوەندە قورس توانای ڕاوەستانیشم نەبوو، بەرەو خوارەوە شۆڕ ببوونەوە.
تەنیا زوڵفم میوانم بوو، بە تەڕ خۆی کێشابوو بەسەر چاوەکانمدا، دڵپیسی لێدەکردم هەتا سەرنجی دەوروبەرم بەرەو لای خۆم ڕانەکێشم و منیش لەدڵە ڕاوکێدابووم ؛ چرکەیەکم بە چەند ساڵێک لێ دەڕۆیشت.
هەرکە باسی ئازارم بکردایە، ئازار بۆ خۆی ڕادەچەڵکی و ڕێچکەیان دەبەست و بە هەڵەداوانیش بوایە؛ خۆیان تێهەڵکێشم دەکردەوە.
هەر چۆنێک بێت هەوڵمدا خۆمگۆڕی و پێڵاوێکی پاژنە بەرزم لەپێکرد و ڕۆیشتم بۆ ئۆفیسەکەم.
پێویست بوو هەندێک لەکارەکانم سوک بکەم، کەچەند ڕۆژێک بوو، بەسەر یەکدا کەڵەکە بوو بوون.
ئەو ئۆفیسەی کە کارم لێدەکرد .
لەنهۆمی دووەمی بینایەک بوو،
پەنجەرەکانی گەورەبوون و ژوورەکەيشی ڕوکن بوو، دەیڕوانی بەسەر شەقامێکی گشتی ناو شاڕێی شار، شەقەمەکەيش چەند شەقامێکی لاوکی دەهاتەوە سەرو بوو بووە چواڕیان.
دیمەنی ئەو دیوی پەنجەرەکەيش سروشتێکی جوانی هەبوو، تەنانەت بەپێی وەرزەکانیش لەو پەنجەرەیەوە گۆڕانکارییەکی پڕ چێژم دەبینی.
ڕێگاکەی منیش لەسەر شەقامە گشتیەکەبوو کەڕۆژانە هاتوو چۆم دەکرد.
بەناو هۆڵێکی گەورەدا تێدەپەڕی و ئینجا دەگەیشتیتە ناو ئۆفیسەکەم .
ئەو ڕۆژە بەرزکەرەوەکە لە کارکەوتوو
بوو، کۆمەڵێک کرێکار کارییان تێدا دەکرد بۆ کەوتنە کاری بەرزکەرەوەکە،
منیش ویستم ؛
لە ڕێگەیەکی ترەوە بڕۆمە نهۆمی سەرەوە، ڕووەو پلیکانەکان دەڕۆیشتم، هۆڵەکەيش هێندە گەورەبوو کەهەنگاوم دەنا، تەقەی پێڵاوەکانم دەنگی دەدایەوە، ژمارەی پلیکانەکانیش زیاد لە سی و پێنج پلیکانە بوون.
چەند پلیکانەیەکم مابوو بۆ سەرەوە،
لەپڕ پەپوولەییەکی گەورەم بینی و لەسەر پلیکانەکە لەبەردەممدا خۆی مت کردبوو، دوو چاوی گەورەو سوری هەبوو، چاوەکانیشی کاردانەوەی هەبوو تەنانەت پشتیشی دەبینی، شێوەیەکی تەشیلەیی و و جەستەشی بەموو داپۆشرابوو، ئێسکی ڕەق و ڕەنگی ڕەش و ڕەساسی تێکەڵ بوو بوون، لەسەر سنگیشی چوار هێڵ هەبوون، جووتێک باڵ بۆ فڕین و شەش پەل و شاخی هەستیاریشی لەسەر سەری،
کورتی پەپولەیەکی دەگمەن بوو.
لەڕۆیشتن بەردەوام بووم و گەیشتمە نهۆمی دووهەمی بیناکە، دیسانەوە پەپوولە گەورەکە هاتەوە بەردەمم، خۆی پیشاندەدام و لەسەر محاجەرەی شوشەکە نیشتەوە، هەستم بەشتێک کرد.
لەدڵی خۆمدا دەمگوت:
تۆ بڵێی شتێک هەبێت!
ئێ باشە زانیم پەپوولەیەک هەیە
بەڵام بۆچی؟
وا خۆی دەخاتە پێش چاوم.
نەوەستام و ئیتر بەجێمهێشت.
دەرگای ئۆفیسەکەم کردەوەو لەسەر کورسیەک دانیشتم و کەمێک پشوومدا، کوپێک قاوەی قەزوانم بەدەستەوە بوو و لەپەنجەرەکەشەوە تەماشای دەرەوەم دەکرد، زۆر چاوەڕوان بووم، ئۆقرەم نەدەگرت، خۆشم نەمدەزانی بۆ؟
ڕۆیشتم بۆ دەست شۆرەکەو لە ئاوێنەی دەست شۆرەکەوە سەیری دواوەمکرد، باڵە ناسکەکانی بەهێواشی دەجووڵاندو
منیش چوومە پێشەوەو هەتا لەنزیکەوە
لێ بڕوانم، کە تەماشامدەکرد لەسەر محاجەرەی شوشەکە دیسانەوە نیشتەوە،
کەوتە جوڵەو قاچی بە باڵەکانیدا دەهێناو هەردوو دەستی بە چاوەکانیداو داوەکانی سەریشی وەکو ڕادار دەهێناو دەبرد، ڕێک ڕویکردبووە من، پەپوولەیەکی تریشی لەگەڵ خۆی هێنابوو، ئەویان زۆر بێدەنگبوو.
پێکەنینم بەدڵخۆشیەکەی دەهات و ڕۆیشتمەوە بۆ ناو ئۆفیسەکەم، کاغەزێک و قەڵەمێکم دەرهێناو ویستم چیرۆکێک بنووسم، لەو کاتەدا هاوڕێکەم هاتە ژوورەوە و منیش باسی پەپوولەکەم بۆ کرد و پاشان ڕۆیشت.
کات تێپەڕی و چاوەڕێی هیچم نەدەکرد، لەسەر کورسییەک دانیشتبووم، کەسەرم بەرزکردە کێلونی دەرگای ئۆفیسەکەم بینی، پەپولەکە لەژێر بۆشایی دەرگای ئۆفیسەکەم هاتبووە ژوورەو لەسەر کێلونی
دەرگا خۆی گیرکردبوو،
هەر لەخۆمەوە ترسێک هاتە دڵمەوە، هەڵسوکەوتی ئەم پەپولەیە سروشتی نیە، هەستام و دەریبکەمە دەرەوە.
کەچی پێش ئەوەی بگەمە لای، خۆی هەڵدایە سەر زەوییەکەو بەپشتا خۆی کەواند، هەتا دەیتوانی باڵەکانی بەزەویدا دەکێشاو وەکو خۆ کوژییەک عەزێتی خۆی دەدا، هەرچۆنێک بوو خستمەوە ئەو دیوی دەرگاکەوە.
ئێوارەیەو خۆرەکە هەڵهات و دیار نەما، وشکە سەرماکەی ئێواران ووردە ووردە
وا خۆی بەدەردەخات.
وا هەفتەیەکیش تێپەڕیوە هەتا ئێستاش بیر لەو پەپوولەیە دەکەمەوە، بە حەسرەتێکی قووڵەوە ویستویەتی چیم پێبڵێت ؛
وا دەهاتە سەر ڕێگەم .
خۆشم بەکۆڵێک خەمەوە بووم، کە پەپوولەکەم لەبیرکردو لەئاماژەکانی تێنەگەیشتم

