شاعير، سەقز
………….
هەر کات بینیم، حەزی ئاسکێک بێ هیچ ترسێک
لە لێوی کانیاوی گوندێک، قومی ماچێک بخواتەوە
هەر کات بینیم، خۆزگەی کەوێک،
جەژنی لە سەر مەرگی ڕاو و لاشەی قەفەس بقاسپێنێ
هەر کات بینیم ، بازنەی مارێک
لە مەچەکی خانمە داری جووتیارێکدا ئارام بگرێ
هەر کات بینیم، سەگی بێ لان بێ سڵ کردن،
لە سای دیواری پیرۆزدا، بێچوەکانی بلاوێنێ
هەر کات بینیم، کەروێشکی خەو، هەڵۆی فکر و ڕێوی خەیاڵ،
قاقای تفەنگ، گوڵی حەزیان نەژاکێنێ
هەر کات بینیم، چەقۆی نەریت، سفرەی جەژنەکانی مرۆڤ
خوێنی پیرزۆی گیانداران نەیڕەنگێنێ
هەر کات بینیم، لە مێحرابی مزگەوتەوە
لەسەر لاشەی چەک و شمشێر،
ژنی بیرمەند خوتبەی ڕەهای بسکەکانی خۆی دادێنێ
هەر کات بینیم، گەلی ماندوو، باری ئازاری ڕابردووی
پێشەی ڕزاوی ئایین و لاشەی ئەقڵی کوشندەیان
بۆ هەمیشە گۆڕ کردووە،
ئەوسا دەڵێم: نیشتمانم ڕەنگی مرۆڤی گرتووە…!

