فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

هەڵبژاردنی ناو لەنێو عارەب و کورددا

د.مستەفا زەنگنە

نووسەر، هەولێر

……………..

دیارە ناو لەهەموو زمانەکانی دنیادا، یەکێکە لەبەشەکانی وشەو یەکێکیشە لەبەشەکانی ئاخاوتن. تاک و کۆ و نێرو مێی هەیە. بەڵام سەیر لەوەیدایە، لەناو عارەبدا بۆچوونێک هەبووە کە ئەگەر ناوی ناخۆش و پیس لەمناڵ بنرێت ئەوا ئەو مناڵە لەچاوی پیس بەدوور دەبێت، ئەم بۆچوونە لە لای کورد نییە، بەڵکوو بەپێچەوانەوە هەوڵدراوە ناوی مناڵ ناسک وکاریگەرو واتادارو بەهێز بێت، هەروەها لەناو عارەبدا کە مناڵ لەدایک بووە، باوکەکە لەچرکەی یەکەمدا چاوی بەچی کەوتبێت ئەو ناوەی لەمناڵەکەی ناوە، هەر ئەمەيش وایکردووە.خەڵکانێک ناوی، کتلی، جربوع، چلوب ی لێبنرێت.

دیارە ناو کاریگەریی لەسەر زۆرێک لە لایەنەکانی ژیان وکەسێتیی تاکەکە هەیە، هەر ئەمەيش وایکردووە، کاتێک کەسەکان گەورە دەبن و لەواتای ناوەکانی خۆیان تێدەگەن

، دەچن لەدادگا ناوی خۆیان دەگۆڕن.ناونان بەدەستی مناڵ نییە، بەڵکوو ئەوە باوک و دایکەکانن کە ناو هەڵدەبژێرن وئەیلکێنن بە مناڵەکانیانەوە، کەواتە هەموو ئەوناوانەی دەیانبینین، گوزارشت لەزەوق و ئاستی ڕۆشنبیری و پلەی کۆمەڵایەتیی باوکان ودایکان دەکەن نەک خودی منداڵەکە، ئەوانیش لەژێر کاریگەریی سەردەم و کولتوورو ئاین و جوگرافیاو ئاستی ڕۆشنبیریدا ناوی مناڵەکانیان دەسنیشان دەکەن. بۆیە کاتێک مناڵەکان گەورە دەبن،زوربەیان خۆشییان بەناوی خۆیان نایەت.

لەم ڕۆژانەدا وتارێکی برای بەڕێزم دکتۆر جەلیل مەندەلاویم خوێندەوە، تیایدا باسی لەواتای هەندێ ناوی عارەبی کردبوو، کە ناوەرۆکیان پەسەند نین، بەڵام لەبەر ئەوەی کەسەکان واتای ناوەکانی خۆیان نازانن، بۆیە بێدەنگن.

لەزمانی عارەبی وکوردیدا سەدان ناوهەن کەس واتاکانیان نازانێت، تەنانەت وای لێهاتووە، خەڵکانێک دەنگ ڕيز دەکەن ودەیکەنە ناو و دەینووسێنن بە گەردنی مناڵەکانیانەوە، بێ ئەوەی بزانن چی دەگەیەنێ، یان کە گەورەبوون ڕایان بەرامبەر بەو هەڕەمییەکە چی دەبێت؟بۆنموونە لەم ڕۆژانەدا ناوی کۆگایەکم بینی نووسرابوو

..کۆگای ڕی… چوومە لای خاوەنەکەی ولێم پرسی.

ئەرێ پێمناڵێی ڕی مانای چییە؟ گوتی بەخۆشم نازانم، ناو نەمایە تا هەڵبژێرم، منیش ئەو وشەیەم دانا..لەدڵی خۆمدا گوتم گەردەزانی بەواتای.. پاشە ڕۆ دێت، ناوت نەدەنا ڕی.

هەندێ لەوناوانەی کە دکتۆر جەلیل ئاماژەی پێکردوون لەلای من نامۆ نین، بەڵام دڵنیام زوربەی هەڵگری ناوەکان خۆیان بەواتای ناوەکانیان ئاشنا نین، بۆنموونە:-

جدعان =لووت بڕاو

اوس= گورگ

جرجیس= کێچ

حاتم =قەلە ڕەش

خزعل= شەلە،گۆجە

درید =دان کرمۆڵ

سهی =فەرامۆش کراو

سرحان= گورگ

عۆف=ئەندامی نێرینە

فرقد=مانگا..چێڵ

قیس= زەبرو زەنگ

لقمان =چڵێس

لیلی =عارەق

مازن= هێلکەی مێروولە

مي = مێچکەی مەیموون

هند=سەددانە حوشتر.

صلبوخ = پیسی کاتێک وشک دەبێتەوە

مطشر= ناڕێک،پەرش وبڵاو

عفاط= تڕکەن

سەدان نموونەی ئاواو بگرە خراپتریان هەیە، کە هەر لەڕووم نایە بیاننووسمەوە، ئێستا هەریەکێک لە ئێمە گەر ئەم لیستی ناوانە ببینێت، دڵنیام لەدڵی خۆیدا دەڵێ( بەس نەبوو ناوێکی وایان لێنەنام)

خەڵکی کورد لەئێستادا بۆ ئەوناوانە دەگەڕێت، کە گوزارشت لە جوانی و ناسکی وهێز بکەن، بۆیە ناوی نێرو مێ مەرجن بۆ هەڵبژاردنی جۆری ناوەکە، ناوەکانی وەکوو پشکۆ،سامان، فەرهەنگ، دڵزار، باران، سەربەرز، هەردی، جوان، گوڵەنام، کاوە،هۆشیار، کامەران ،نوخشە، نیگار، هەوری ، سروە، ئاورینگ، زێڕین، بریا، ژاڵە.. هتد

لەڕووی ناوەڕۆکەوە، هیچ یەکیان ناچنەوە سەرهەڵبژاردن و واتای ناوە عەرەبییەکان.

قسەکەی من لەسەرناوی مرۆڤە نەک ناوی شوێن و ئاوایی، چونکە هەندێجار لەناو کوردیشدا ناوی سەیرو سەمەرە لەم جۆرەیدا بەدیدەکرێن،وەکوو تڕکەڵان، قوزقەپان و قوزە بۆرەو، مەمکان و قوونیان……….هتتتد

لەم ساڵانەی دواییەدا ڕەوتێک هەبوو بۆگەڕانەوە بۆ ناوە عەرەبییەکان، من لەگەڵ ڕێزمدا بۆهەرناوێک لەهەر زمانێکدا هەن، بەڵام دەبێ بیرلەوەی بکەینەوە، پێویستە ناوی مناڵەکانمان کوردی بن، چونکە وشەی کوردی موڵکی زمان و نەتەوەی کوردە، هەروەها ناسنامەی کەسەکەیە و هاوتەریبی حاڵەتی دەروونی و ڕۆشنبیریی کەسەکەيشە.

لەڕووی زانستییەوە، فۆرمی دەنگیی هەروشەیەک (لکسیم)

لە لکسیمی وشەیەکی تر جوانتر نییە، چونکە ئەوانە هەرهەموویان فۆنیمەکانی زمانی کوردی دەیان نوێنێ و دەیانخاتە ڕو، گەرچی هەردەنگێکیش دەچێتە ناو پۆلینێکی تایبەت بەخۆی.

بۆچوونێک هەیە کە ئەم ناوە لە فڵانە ناو جوانترو میوزیکترە.. ئەم ڕایانە هەندێجار تاکە کەسین، هەيشە کۆمەڵایەتییە، هەيشە ئاینییە، هەندێ جاریش سیاسییە، بۆیە ئەم بۆچوونانە و لایەنی واتایی وشەیە کە کاریگەریی خۆی لەسەر تاک بەجێدێڵێت، بۆ دەسنیشانکرنی پەسەندترین ناو.

هەندێ جار دەنگەکان و کاریگەرییان لەسەر هەستی بیستنی گوێگر وا دەکەن، ناوی،سیڤەر، گۆڤار، هاژە، گەڵا، ساڤا، ….هتد پەسەند تربن لەو ناوانەی دەنگە ئاوازدارەکانیان تێدا نییە.

هەندێ جار، ناوی کورت پەسەند ترە لەوناوانەی دەنگەکانی لەسێ یان چوار دەنگ تێدەپەڕێت. لەم حاڵەتەدا پێوەری باوکان ودایکان بۆ هەڵبژاردنی ناوی مناڵەکانیان، تەنها کورتیی ناوەکەیە وەکوو، شنە، شنۆ، هێلە،

دییە، چرۆ، چاوان، کەوە، ساز، ڕاز، …..هتد

دەسنیشانکردنی جۆری هەڵبژاردنی پێوەرەکانیش، پەیوەستە بەو هەموو خاڵانەی باسم کردن، لەگەڵ پاشخانی ڕۆشنبیری و چینایەتیی ئەو دایک و باوکە.لەکاتێکدا سەردەمی مناڵ و دایک و باوک دووسەردەمی جودای دژبەیەکن، بۆیە دەڵێم خۆزیا هەموو کەسێک لەتەمەنی بیست وپێنج ساڵیدا بۆی هەبایە خۆی ناوی خۆی بنێ و ناوەکەی پێشتریشی بۆی ببایەتە نازناو.