عەبدوڵڵا سەڕاج
نووسەر، سويد
…………….
لە وەتی بەریتانیا فەیسەڵی بە شای عیراق دامەزراند هەتاکوو سەردەمی عەبدولکەریم قاسم مەگەر بە دەگمەن بێ دەنا گشت پارێزگار و سەرۆك شارەوانیيەکانی شاری کەرکوك کورد بوون وەکوو ڕەشید نەجیب ، مستەفا قەرەداغی ، شێخ حەبیب تاڵەبانی ، مەعروف بەرزنجی، بەڵام لە سەردەمی بەعسی و قەومیيە عەرەبیيەکان عارەباندن و تورکماندن پتر بوو وەکوو فڵانی تکریتی و فیساری ساڵحی.
لە سەردەمی پێشوودا نەخوێندەواریشیان کردووەتە کاربەدەستی شار و شارۆچکەکان وەك ئەم نمونانەی خوارەوە:
١– ساڵی خوێندنی ١٩٤٨- ١٩٤٩ ی سەدەی ڕابردوو بوومە قوتابی پۆلی یەکەمی تاقە ناوەندی شار ( الغربیە) . بەڕێوەبەرەکەمان ئاگاداری کردین کە دەبێت کتێب بکڕین یانیش پسولەی هەژارینامە لە شارەوانیيەوە بێنین ، ئەوسا دینارێك زۆر بوو بۆیە چوومە سەرۆکایەتی شارەوانی کەرکوك کە بە تەك سەرای کۆنەوە بوو. لەبەر ئەوەی قوتابی بووم سکاڵانووسەکە یەك درهەمی لێوەرگرتم. ئیتر پاش بێنە و بەردەیەك بانگ کرام بۆ لای سەرۆك شارەوانی. توشی حەپەسان و سەرسامی بووم چونکە حاجیيەکی کۆڵانی گەرەکەکەمانم لەسەر مێزەکە بینی بە کەواو و مێزەری حاجیانەوە، خۆ نەخوێندەوار بوو ناو و پیشەی باوکمی پرسی کە پێم گوت، گوتی: دەیناسم و لە باخەڵی مۆرێکی گەورەی دەرکرد و سکاڵاکەی بۆ مۆر کردم . بەداخەوە ناوەکەیم لەبیر نەماوە.
٢– لە ساڵی خوێندنی ١٩٥٧- ١٩٥٨دا کرامە بەڕێوەبەری قوتابخانەی ( ڕێدار) کە لە ناوەندی ناوچەی شوانە. کاتبی ناوچەکە چەند لاپەڕەیەکی کۆنی پیشاندام کە هی سەردەمی بەڕێوەبەرێکی نەخوێندەوار بوو. بە سەرسامیيەوە پرسیم ئەوە کێ بوو؟! گوتی کوێخا ڕەجەبی دێی ( حاجی بەیخان) بوو.
٣– لە گەڕەکی ئیمام قاسم کەسێکی ( مامڕەشی) هەبوو سەرەڕای ئەوەی نەخوێندەوار بوو گەیشت بووە پلەی قومسەر( مفوض امن) . هەمان کەس لە ساڵی ١٩٦٤ ڕووگام کتێبخانەی گشتی بوو بە ناوی پێشمەرگایەتیم بانگی کردم میرزا شوان میرزا شوان ئاوەڕم لێنەدایەوە ئەمجا بە نەرمی بانگی کردم : مامۆستا عەبدوڵا مامۆستا عەبدوڵا ڕووم تێکرد و گوتم: چیت لێم ئەوێت کاك حەمە کەریم؟ گوتی : هیچ ئێستا چۆنی وەڵامم دایەوە: دەبێ چۆن بم ، ئەوا شار بەدەریان کردووم بۆ حەویجە.
باوکم گوتی لە قوتابخانە هاوڕێی ئەو تۆم هەبوو کە سێ چوار پۆلیان خوێند بوو کرانە کاربەدەست و بەڕێوەبەری ناوچە و شتی تر ، ناوی زۆریشیانی برد.

