دیمەن عەبدوڵڵا
نووسەر، سلێمانی
………………
ئێمە دەمانەوێت لەسەرەتادا ئاماژە بەوە بکەین، کە راستە چەمکی ستاتیکا ــ Statics، زیاتر لەبواری (ئەندازیاری و فیزیا) بەکاردێت، هەروەها ئەم چەمکە/ ستاتیکا لەبواری تێکستی ئەدەبی/ رۆماندا، لە بونیادی تێکستدا، وەک (فۆرم، زمان، شێواز و پێکهات) بەکاردێت، بەڵام ئێمە سەرباری ئەمە، ئەم چەمکە وەک سومبول ــ Symbols، لەبواری کارەکتەر و لە بەرامبەر داینامیک ــ Dynamics، کە پێچەوانەی ستاتیکا بەکاردێنین. دیارە چەمکی داینامیک لەبواری تێکستی ئەدەبی/ رۆماندا، خۆی لە چوارچێوەی بونیادی تێکست وەک (رووداو، گەشەکردنی کارەکتەر، بونیاد، ململانێ و کات) دەبینێت.
بێگومان لەهەموو بوونەوەرێکدا، هاودژی و یەکگرتن هەیە، کە ئەمەيش دەبێتە دیالێکتیکی گەشەپێدانی بوونەوەر، بەڵام لێرەوە ئێمە باسی جوانی بەرهەمی ئەدەبی لە هۆنینەوە و شێوازی داڕشتن و ئەندێشەکەدا دەکەین، کە ئەوەيش ئامانجی هەموو ئەدەبێکە. بە تایبەتی ڕۆمان، کە بابەتێکی هەمەلایەنە و فرەدەنگ و فرەڕەنگە لەخۆی دەگرێت. ئیتر چەند گرنگی بە لایەنی تەکنیکی هونەری و بنەماکانی ڕۆمان و شێوازی گێڕانەوەی بدەین، ئەوەندەيش بە هێز و بە چێژ دەبێت و سەرئەنجام، ڕۆمانێکی ئێستاتیکایی بەرهەم دەهێنین. لەسەر ئەم بنەمایە، کارەکتەر دروستکردن بە پێی ڕەواڵەت و ڕەفتار و کرداریان ژیانامە و هەست و بیرکردنەوەیان و دیالۆگیان ڕۆڵێکی گرنگیان تێیدا هەیە.
کارەکتەرە ستاتیکەکان ــ Statics وەک سومبولێک ئەو کارەکتەرانەی، کە بە درێژایی ڕووداوەکان گۆڕانکاری یان گەشەسەندنی بەرچاوی ناوەوەیان بە سەردا نایەت. سەرەڕای ئەو گۆڕنکاریی و ڕووداوانەی پێیدا تێپەڕ دەبێت، تاڕادەیەکی زۆر وەک خۆیان دەمێننەوە، واتا خاوەنی بیروڕایەکی نەگۆڕن و تەنانەت لە هەڵویستیشدا وەک خۆیان دەمێنەوە، کە بە یەکدەنگی خزمەت بە ئامانجەکەیان دەکەن، کە بە پێچەوانەی کارەکتەرە داینامیکییەکانە ــ Dynamics، چونکە کارەکتەری داینامیکی خاوەن هەڵوێستێکی ئاڵۆزن لە ڕێگەی ڕووداوێکی ژیانەوە یان ململانێیەک یان هەر هۆکارێکی دیکە، گۆڕانکارییان بە تێپەڕبوونی کات پەرەدەسێنت و دەگۆڕدرێت. واتا خاوەنی یەک ڕەهەند نیە و هەموو کارەکتەرێکی داینامیکی بە کەموکوڕی دەست پێدەکات و ئەم کەموکوڕیانە دەیانباتە پێشەوە و زەمینە دەرەخسێنێت، بۆ گۆڕانکاری ناوەکی ئینجا دەکرێت. ئەم گۆڕانە باش یان خراپ بێت، بە هۆی ڕووداوەکانی، کە بەسەر کارەکتەرەکەدا دێت. ئەم کارەکتەرەيش، بەردەوام لە گەشەسەندن دایە، ئەمەيش وادەکات بەردەوامی درێژە و جوڵە بە ڕۆمانەکە بدات، ئەمەيش بە هۆی ئارەزوو و ترس و پاڵنەرەکانيیەوە.
کارەکتەرە ستاتیکەکان، گەشەکردنی ناوخۆییان نییە و ڕۆماننووس لە کاتی دروستکردنی کارەکتەری ستاتیکا نابێت، ئەم خاڵە لە بیر بکات. لە هەمانکاتدا لەڕوانگەی گێڕانەوە دەبێت کەسایەتی بپارێزێت، چونکە دەکرێت کارەکتەری ستاتیکا کارەکتەرێکی ئالۆز بێت، بەڵام هەرگیز نابێت بتواندرێت بە ئاسانی بگۆڕدرێت. لێرەوە ڕۆماننووس دەتوانێت، بە قوڵی پەرە بەم جۆرە کارەکتەرە بدات.
واتا کارەکتەری ستاتیکای بە شێوەیەکی سروشتی سەرنجڕاکێش بێت، خزمەت بە ئامانجەکان بکەن، بۆ ئەوەی لای خوێنەر خۆشەویست بێت، بەڵام لە کارەکتەری داینامیکی کەموکوڕییەکانی وای لێی دەکات سەرنجڕاکێش بن. لە کاتێکدا لە ڕۆماندا، پێویستمان بە هەردوو جۆر کارەکتەر وەک دیالێکتیکی گەشەپێدانی رووداوەکان هەیە.
کارەکتەرە ستاتیکاکان واقیعی باوەڕ پێکراو زیاد دەکەن، واتا هەست بە جیهانێکی واقیعی دەکەین لە گەڵیاندا. ئەمەيش ئەرکی نووسەرە، کە بە جۆرێک لە جۆرەکان سەرگەرمیان بکات و نابێت بێزارکەر دەرکەون. کارەکتەری ستاتیکا و لەگەڵ کارەکتەری داینامیکی هەوڵی بە رەوپێشچوونی ڕۆمانەکە دەدەن، چونکە کارەکتەری داینامیکی دەکرێت کارەکتەرێکی سەرنجڕاکێش بێت. لە هەمان کاتدا، کاریگەر بە هۆی ئەم گۆڕانکارییە ناوەکییەی ڕوودەدات، چونکە وا لە خوێنەر دەکات، تا کۆتایی ڕۆمانەکە بە دوای ئەم جۆرە کارەکتەرەوە بێت. سەبارەت بە دۆخی گۆڕانکاری، بەڵام خودی کارەکتەری ستاتیکا وەک مەودایەکی سومبولیک کارەکتەرێکی جوانە، چونکە خاوەنی هەڵوێستێکی نەگۆڕە، کە ئەمەيش لە ئەنجامدا هێز و مۆراڵ دەداتە خوێنەر/ وەرگر.

