فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

ڕۆژهەڵات و کوفرە شیرینەکانی

پەروێز هوما
شاعیر، گەرمیان

………………

قاسپەی کەوەکان، لەگوێی بەردە زبرەکاندا دەزرنگێنەوە،
بەردەکان زۆر دەنگی تر دەبیستن،
گوێی هەڵخستبوو بۆ ڕازی دوو خۆشەویست،
«ئەم جەنگە تەواو بێت، تاجەگوڵینەت لە بەرزترین چییاوە بۆ دەهێنم»
خۆشم ویستووی، وەک دواهەناسەی شەهید،
وەک خوڕەی ڕووبار کە دەگاتە ناوگوێی کەنار.
بەردەکان زۆر دەبینن،
خۆڵ و خوێن، تێکەڵ تێکەڵ،
لاشەیەک بەدەم کۆتا هەناسەکانییەوە،
هەر دەڵێ خۆشم ویستی؛ نیشتمان،
ئێرە کوێرە دێیەکی دوورەدەستە کە کەوتووەتە لای چەپی سییەکانی ڕۆژهەڵاتەوە،
پڕە لە ئەشق و خوێن و شەهید،
گەر باوەڕ ناکەن،
بەردەکان شاهیدن!

سەرابەکان، عابای بیابانەکانن،
لەم ڕۆژهەڵاتە بیابان واتا هەبوونی تەرم،
واتا هەبوونی ڕۆحی بچکۆلە لەناوبەینی وردەلمەکاندا،
بیابان لەبیریەتی،
ئەو ڕۆژەی ڕۆحە بچکۆلەکانیان هێنا، سەرابی پۆشیبوو،
“چ یارییەکە، خۆڵی زیاتر، خۆڵی زیاتر چاڵەکەم بۆ پڕ بکەوە”
ئەمە خەیاڵی پرشنگداری ئەو منداڵە بوو،
تا کۆتا هەناسەی هەر پێی وابوو، گەمەیەکی ئاوێزان بە پێکەنینە،
لەمێشکیدا دەیوت: تەواو یارییەکە ڕاگرە،
کۆتایی هات هەناسەکان و
یارییەکان هێشتا بەردەوامن.
ئێرە بیابانێکی عەبا سپییە کە لە کونەلووتی ڕۆژهەڵاتەوە بە پژمەیەک دەرپەڕیوە،
پڕە لە ڕۆحی بچکۆلە، پڕە لەیاریی تەواونەکراو،
گەر باوەڕ ناکەن،
لە بیابان بپرسن!

جەنگ ڕوئیایەکی دووبارەیە بۆ ڕۆژهەڵات،
لەپێش جەنگەوە، ئێرە جەنگ دەناسێت،
لەپێش ئاشتییەوە،
دایکەکانی ئێرە گوڵی بەیبوون و گوڵی هێرۆیان ئاشت دەکردەوە،
لەپێش خوێنەوە، شەهیدەکانی ئێرە مردن بێشکەکەی ڕادەژەندن،
گەر باوەڕ ناکەن،
لە خودی جەنگ بپرسن!

پۆستاڵێک لە هۆڵی کۆنگرێس بۆ نمایشی شکۆ دانراوە،
من مێژووەکەی دەزانم، لە بولگاریاوە سەفەری ڕۆژهەڵاتی کرد،
چەندین شار و گوند و کانیاوی خستووەتە ژێر پێلەقە،
چەندین کیلۆمەتری دووریوەتەوە،
لە شەوەزەنگێکی بەهاردا هاتە گوندەکەمان،
کە هاتە ژوورەوە قەدی گوڵە بەیبوونێک بە قەیتانەکەیەوە بوو،
ئێستایش هۆڵی کۆنگرێس بۆنی بەیبوونی وشکی لێ دێت،
من بەوەدا دەیناسمەوە، دەیناسمەوە من،
تۆیش هەروەها.
گەر باوەڕیش ناکەن،
بیهێنن، هەرچی کانی و گوڵەبەیبوونە دەیناسنەوە!

ئێرە ڕۆژهەڵاتە،
ئەستێرەکان دەکشێن و دێنەوە،
مانگ بەسەر گالیسکەیەکی بریسکەدارەوە ڕێ دەکات،
هەورەکان کلوەیان لێ دەکەوێتە خوار،
ئاسمان عارەقەی بیماری دەڕێژێت،
منیش هەروەها.
پڕە لەو شتانەی کە دەزانرێن و نازانرێن،
بەڵام شتێک کە بەباشی دەیزانین و من و بەردەزبرەکان و بیابانەکان و بەیبوونەکان و کانییەکان و شەهیدەکان هەموومان لەسەر ئەوە کۆکین؛
«ڕۆژهەڵات سزای کوفرێکە، کە پێشتر کردوومانە».