گۆران سدیق
…………….
وەک تەرمێکی ئاوساو ئەدوێم
دەربارەی ئەو شەوانەی تەنهابووم و
ئەستێرەی کوژراوم لە حەوشەکەمدا ئەچنییەوە
دەربارەی ئەو درەختانەی بە گڕەوە
ڕوویان لە بیابانەکان ئەکرد و
بۆ دەنگی سووتاوی باڵندەکان ئەگریان
دەربارەی ئەو وەرزانە ئەدوێم
بە لێشاو مناڵم دەبینی لە تاریکیدا
ڕووناکیان دەبێژایەوە و
لە نیگای ئاژەڵە کێوییەکاندا
یەک لەدوای یەک ون دەبوون و ئەبوون بە بەرد
**** *****
وەک تەرمێکی ئاوساو
ئەم سەردەمە بۆگەنە
بەدوای خۆمدا ڕائەکێشم
جێیان نابێتەوە
پێیەکانم
لەناو پێڵاوە ماندووەکانمدا
ئەو ڕۆژگارانەی کەماون
کۆنتر ئەبن
ئەمڕۆشیان لەگەڵدا قەد ئەکەم
لە دۆڵابێکدا
کە هەر کەلەسەری خۆمە
شەقام و کۆڵانی پڕ لە فریشتەی سوتاو
با و هەوری زبر
باران و تیشکی شکاوی خۆر
ئاسمانی پڕ لە باڵندەی تەنگەنەفەس
موشەک و نەخۆشخانە
ئامبوڵانس و هاواری مناڵێکی ترساو
لەوپەڕی دونیاوە
هەموویان پێکەوە لەسەر یەک هەڵدەچنم
لە دوڵابێکدا
کە هەر کەلەسەری خۆمە
**** ******
وەک تەرمێکی ئاوساو ئەدوێم
لە ژوورێکدا بێدەنگ
جگەرەیەک دەپێچمەوە
لە ئاوێنەکەدا ژیانم بۆ ڕاوناکرێت
تا بە بزمارێکی ژەنگاوی
لەسەر دیوارەکە هەڵیبواسم و
بەیانیان لەبری هەتاو
چەمۆڵەی لێبنێم
**** *****
وەک تەرمێکی ئاوساو
سەرم ئەخەمە ژێر باڵە قورسەکانمەوە
چەرچەفەکە لە خۆم دەئاڵێنم
دەرگای بالکۆنەکە بە کراوەیی جێدێڵم
بۆ ئەوەی لەناو دووکەڵی
ئەم وشانەدا نەخنکێیت
منیش … چاوم لە گڵۆپی زەردی ئەوبەر شەقامەکەبێت
کە لەژێر بارینی بەفرێکی ڕەشدا
کز کز ئەسوتێت
بەحاڵ بەحاڵ ئاگام لێیە
لەناو کاسەی سەرمدا
وەک قەوانی گوللە
دەکەوێتە خوارەوەو
زرینگەی دێ ئەم سەردەمە
دەکەوێتە خوارەوەو
لە گوێکانما
زرینگەی
دێ
ئەم
سەردەمە
زیر
نگەی
دێ
ئەم
سەردەمە

