فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

ڕەشنووسی تێکستێکی نوێ

گۆران ڕەسوڵ
شاعیر، بەریتانیا

………………..

ـ ئەمڕۆش ئەسپەکە نەفڕیوە!
ـ تۆزێکی تر درەختەکان جێ دەهێڵێت
گفتوگۆی هەموو بەیانییەکی نێوان من و پەرستارەکەیە.

تابلۆیەکە سەرنجڕاکێش نییە،
هەموو ئەوەی کە تێیدایە ئەسپێکی ماندووە
لەسەر تەپۆڵکەیەک وەستاوە
لە نزیکییەوە چەند درەختێک، کە جۆرەکانیان ناناسرێنەوە، کێشراون.

ڕۆژانە، پەرستارەکە چەند خولەکێک دێتە ژوورەوە،
تەواوی کاتەکانی تر، من و ئەسپێکی ماندوو کە باشترە هەر چی زووە بفڕێت
بە تەنیا دەمێنینەوە.

ئەمڕۆ
چەند خولەکێک پێش ئەوەی پەرستارەکە لە کاتی خۆیدا بێتە ژوورەوە و بڵێ
“ئەمڕۆیش ئەسپەکە نەفڕیوە!”
منیش بڵێم
“تۆزێکی تر درەختەکان جێ دەهێڵێت”
هێزم دایە خۆم و لەسەر قەرەوێڵەکە هەستامەوە
لەبەردەم تابلۆیەکە وەستام
ئەسپی ماندوو ڕووی تێکردم و بە چاوەکانی پێی گوتم
“ئەمڕۆ کاتی فڕینە”

پەرستارەکە هاتە ژوورەوە.
قیژاندی.
لەسەر قەرەوێڵەکە ئەسپێکی ماندوو ڕاکشابوو،
قیژاندی و ڕای کرد.
منی لەنێو تابلۆیەکە نەبینی، کە لەسەر تەپۆڵکەیەک لە نزیک چەند درەختێک کە جۆرەکانیان ناناسرێنەوە،
ڕوو لە نادیاریی، دانیشتووم.