فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

دڵم زۆر خێرا لێدەدات

 

سەرھەنگ خامۆش
شاعیر، ھەولێر

…………….

 

دڵم زۆر خێرا لێدەدات
ترسم لەو تارماییە سوورانەی
سەر دیواری ژوورەکەمە
لەو خەونانەی
زەمەنێکی پێش لەدایک بوونم دەچێ

خەیاڵم هەر وەک سەربازگەیەکی وێرانە
گشت هاوڕێکانی سەفەرم تێدا شەهید بوون
لەسەر ڕێگای گەڕانەوەم
چەند مینێکی تەوقیت کراو
لەبن دەست و پێی
کاتە جێماوەکان تەقیوەتەوە

دەروازەیەک شک نابەم
جگە لە ئاسمانێکی تەڵخ
کە پڕە لە دووکەڵی هەناسەی
ئەستێرە شکاوەکانی دوای جەنگ
لە ناڵەی خاک و لێوی قڵیشاوی
دار سنەوبەرەکانی موحیبەت
بۆ چۆڕێک ئاو

لە نێو ئەم گەمە سەختانەی ژیان
هیچی ترم بیر نایەت
جگە لەو نامانەی بۆ حەبیبەم نوسیبوون
هەر چەند دەکەم
هیچ وشەیەکم بیر نایەتەوە
ئەو نەبێت

بە پەلە چرکەکانی زەمەن دەژمێرم
خەریکە دەستی پیری دەگرم
کەچی هێشتا
لەم خەونە وە ئاگا نەهاتیمەوە
خەریکە هێدی هێدی
لەگەڵ دەنکەکانی تەزبیحێکی نێو دەستە لەرزۆکەکانی ڕۆژگار ئاوا دەبم
ئیدی لێرە کونجێک نەماوە بۆ ژیان
دڵم زۆر خێرا لێدەدات….