فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

غەزەل

هونەر موکريانی
شاعير، مەهاباد
…………….
گەر نەبا یەک شەو نیگاهت تا سەحەر، چم‌کردبا؟
بۆ چرایەک دڵ لە شارا دەربەدەر چم‌کردبا؟
نەیبڕی ڕەگ تیغی غیرەت با بزانێ پیری مەست
لاوی مەی ناڵێ دەبوو وەختی نەزەر چم‌کردبا؟
نایە دڵ حەسرەت لە جەرگمدا بسووتێنێ دەروون
هات و سووتابا، دەگەڵ گۆشەی جیگەر چم‌کردبا؟
نازەنین خۆ لێرە بوو، ماڵم خرا بێ چی بکەم؟
دڵ ئەدی چم دیتبا؟ دەی بێژە سەر چم‌کردبا؟!
نامە، گەی؛ دڵبەر دەگاتێ، ماڵی دڵ هەڵگرنەوە
تا نەڵێ هەر بێ‌وجوودێ: بێ‌خەبەر چم‌کردبا؟
وەک لە بەردا بتپەرەستم تۆ بتی لەش‌ناسکی
دەی چ هاوارێ لە مردوو دێتە دەر؟ چم کردبا؟
بێ‌سەر و سۆراغی ئەفسانەی وڵاتانم، دەبوو
بۆ حەقیقەت گەر نەکەم ڕۆژێ سەفەر، چم کردبا؟
گیانە بەختم کرد، سەرم دانا، دڵم دا، تۆ بڵێ
بۆ قەرارێ دەی منی عاشق مەگەر چم کردبا؟
ئیشتیبایەک بوو ژیانم، تۆخودا بمبەخشە من
نەمدەزانی تا مەرگ وەک بوونەوەر چم‌کردبا؟
چوومە سەیرانێ ئەگەر گیانم بەجێما دیتمی
دڵ نەبا بیدەم دەگەڵ کێو و کەمەر چم‌کردبا؟
وەرگەڕا چەرخی ئەدەب بۆ وێژە وەرچەرخا غەزەل
نەخشی شێعرت ما، دەنا من بێ هونەر چم‌کردبا؟
۷ی خەزەڵوەری ۹۸/