دێرین جەمال
چیرۆکنووس، سلێمانی
…………………….
ڕێژوان..منداڵێکی زیتەڵەو وریابوو، هەمیشە حەزی دەکرد بەسواری پاسکیلەکەیەوە بەنێو کۆڵانی گەڕەکەکەیاندا بسووڕێتەوە، لە گەڕەکەکەیاندا دایە حاجیکەکی بەتەمەن هەبوو پێیان دەووت دایە فاتمە، دایە فاتمە خۆی بەتەنها لەنێو ماڵێکدا دەژیا چاوەکانی کزببوون قاچەکانی بێهێز بە هاوکاری گۆچانەکەی دەستی بەڕێگا دەڕۆیشت، ڕۆژێک دایە فاتمە لەبەردەم ماڵی خۆیاندا ڕێژوانی بینی داوای لەڕێژوان کرد بایی هەزار دینار سەموونی بۆ کڕێت، ڕێژوان هەزار دینارەکەی لەدایە فاتمە وەرگرت چوو بۆ سەموونخانەکە داوای لەخاوەن سەموونخانەکە کرد بایی هەزار دینار سەموونی بداتێ، بەڵام خاوەنی سەمووخانەکە وتی لەئێستادا سەمونەکە لەناو فڕندایە هێشتا ماوێتی ببرژێت.
ڕێژوان سەرنجییدا عەلاگەیەک سەمون دانراوە لەخاوەن سەمونخانەکەی پرسی: ئەوە نییە سەموونی لێیە!!
خاوەن سەمونخانەکە بەزردەخەنەیەکەوە وتی:ئەوە خەڵکانێک کڕیویانە دایان ناوە بۆخێر هەرکەسێک پارەی کڕینی سەمونی پێنەبێت دەتوانێت ئەو سەموونانە ببات.
ڕێژوان بیری کردەوە دایە فاتم خۆی بەتەنها لە ماڵێکدا ژیان دەکات باری دارایی خراپە بێ دوودڵی داوای لەخاوەن سەموونخانەکە کرد: دەتوانێت هەموو ڕۆژێک بێت بۆ سەمونخانەکەیان عەلاگەیەک سەمون بۆ دایە فاتمەی گەڕەکیان ببات.
کاتێک خاوەن سەمونخانەکە گوێبیستی منداڵەکە بوو ئەم هەڵوێستە جوانەی لەمنداڵەکە بینی پێی وت: دڵخۆشم کەمنداڵێک دەبینم بەم تەمەنە کەمەوە هەستی بەرپرسیارێتی و ڕۆحی هاوکاری تێدایە تۆ لە ئەمڕۆوە دەتوانیت هەموو ڕۆژێک بێیت عەلاگەیەک سەمون بەریت بۆیە دایە فاتمە، منیش ناوت دەنێم پاڵەوانە بچوکەکە..

