فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

ماتۆڕی كاره‌با

 

چیرۆكی: عه‌لی ئه‌شره‌ف ده‌رویشیان
وه‌رگێڕانی: خالید فاتیحی
نووسەر، سلێمانی

………………….

چیرۆكی ماتۆڕی كاره‌با له‌ ژماره‌ سێی گۆڤاری نووسه‌ری كورد دا بڵاوكراوه‌ته‌وه‌.

مدیرناحیه‌ گوتی: «فوو به‌ زووڕناكاندا بكه‌ن و ده‌هۆڵه‌كان بكوتن!»
چاوه‌شه‌كان ده‌ستییانكرد به‌ ده‌هۆڵ كوتان و زووڕنا لێدان.
به‌یانی برووسكه‌ هاتبوو كه‌ له‌ كرماشانه‌وه‌ به‌ دوو لۆری ماتۆڕه‌كه‌ وه‌ڕێكه‌وتووه‌. خه‌ڵكه‌كه‌ له‌ گۆڕه‌پانه‌كه‌ كۆببوونه‌وه‌ و هه‌ڵده‌په‌ڕین.
چه‌ند مانگ بوو دارتێله‌ داره‌كانیان له‌ تاكه‌ شه‌قامی شارۆچكه‌ چه‌قاندبوو كه‌ هێشتا قیڕتاو نه‌كرابوو. كرێكارێك به‌ پێڵاوی تایبه‌ته‌وه‌ هه‌موو ڕۆژێ به‌دارتێله‌كاندا سه‌رده‌كه‌وت و ده‌هاته‌وه‌ خوارێ و تێله‌كانی له‌ فنجانه‌كان ده‌به‌ست. شه‌وێك ڕه‌شه‌بایه‌ك هات و هه‌موو دارتێله‌كانی خستن، مانگێكی دیكه‌ كاره‌كه‌ وه‌دواكه‌وت. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئه‌وانه‌ی ده‌ستییان ده‌گه‌یشته‌ ده‌میان به‌ش (قست)ی سه‌د تمه‌نییان كڕیبوون و لێك لێك گڵۆپ یان ده‌كڕی و ژووره‌كانیان سیم كێشی ده‌كرد.
ڕادیۆی گه‌وره‌ی كاره‌بایی به‌قستی درێژخایه‌ن ده‌فرۆشان. دارئانتێنیان له‌سه‌ربانی ده‌چه‌قاند. خه‌ڵكه‌ بێكاره‌كه‌ ده‌سته‌ده‌سته‌ له‌ده‌وری دارتێله‌كان كۆده‌بوونه‌وه‌ و جه‌فه‌نگیان لێده‌دا.
كارمه‌ندێكی ناحیه‌ و سێ كه‌س له‌ پیاوماقوڵانی شار چووبوون ماتۆڕ بكڕن. خانوویه‌كی گه‌وره‌یان به‌ خشتی سوور و شێروانی قایم له‌ خوار شارۆچكه‌ دروستكردبوو، تا ماتۆڕه‌كه‌ی لێ دابنێن. ده‌هۆڵ كوت و زووڕناژه‌نه‌كان ئاره‌قه‌یان له‌ سه‌رو ده‌م و چاو ده‌چۆڕا. سه‌چۆپی كێشه‌كان جاربه‌جار ده‌گۆڕان. به‌ره‌به‌ره‌ دنیا تاریك ده‌بوو. له‌ پڕێكدا هه‌واڵیان هێنا كه‌ له‌ دووره‌وه‌ گڵۆپی لۆریه‌كانیان دیتووه‌. خه‌ڵكه‌كه‌ كردیانه‌ هه‌ڵڵا، چه‌پڵه‌یان لێداو له‌خۆشیان هاوارییان ده‌كرد. خانخانی سه‌روپێ فرۆش كه‌ چرالاله‌كه‌ی به‌ ده‌‌سته‌وه‌ گرتبوو بۆ نه‌وت كڕین، له‌ناو ئاپۆراكه‌ ڕاوه‌ستابوو سه‌ری هێنابووه ‌پێش. له‌به‌رئه‌وه‌ی زۆر ملی هێنابووه ‌پێش، ژاندرمه‌یه‌ك بۆ دواوه‌ پاڵی پێوه‌نا. خانخانی خۆی پێڕانه‌گیرا، به‌پشتدا كه‌وت و چراكه‌شی وردوخاش بوو. خانجانی هه‌ستایه‌وه‌ سه‌رپێ. كاتێك چاوی به‌ پاچه‌كانی چراكه‌ی كه‌وت، ده‌هری بوو. چاوی پێ ده‌رپه‌ڕین و زلله‌یه‌كی توندی سره‌وه‌نده‌ بناگوێی ژاندارمه‌كه‌! دوو ژاندارمی دیكه‌ هاتنه‌ هانای هاوكاره‌كه‌یان و خانخانی سه‌روپێ فرۆشیش كه‌وته‌ بن پێیان. پاشان وه‌ك ته‌لیسێكی پڕ ئێسك و پرووسك ڕایانكێشایه‌ ناوه‌ندی پۆلیس.

مدیرناحیه‌ به‌ ڕووخسارێكی خڕ و سپی ڕاوه‌ستابوو. لێكدالێكدا فه‌رمانی ده‌دا. ده‌نگی لۆریه‌كان ده‌بیسترا. لۆریه‌كان گه‌یشتن و له‌ گۆڕه‌پانی شارۆچكه‌ ڕاوه‌ستان. مدیرناحیه‌ چووه‌پێشه‌وه‌. پیاوماقوڵانی شارو شۆفێره‌كه‌ دابه‌زین و له‌گه‌ڵ مدیرناحیه‌ تۆقه‌یان كرد و دووباره‌ سوار بوونه‌وه‌. خه‌ڵكه‌كه‌ خۆیان به‌ ده‌رگاو لاجامه‌ی لۆریه‌كانه‌‌وه‌ هه‌ڵواسی و بۆ خوار شاری شۆڕ بوونه‌وه‌ هه‌تا په‌نای خانووه‌كه‌ له‌گه‌ڵ ماتۆڕه‌كه‌ ڕۆیشتن. قه‌راربوو سبه‌ینێ ماتۆڕه‌كه‌ دامه‌زرێنن و هه‌فته‌ی داهاتوو وه‌كاری بخه‌ن.

ده‌ورووبه‌ری وێستگه‌ی كاره‌با قه‌ره‌باڵغ بوو. به‌ ڕافیعه‌ (به‌رزكه‌ره‌وه‌) و باریه ‌و هاواری یا عه‌لی‌ یا عه‌لی ماتۆڕه‌كه‌یان له‌ ده‌رگا گه‌وره‌كه‌ نزیك كرده‌وه‌. به‌ره‌به‌ره‌ ورته‌ورتێك كه‌وته‌ ناو خه‌ڵكه‌كه‌: «له‌و ده‌رگایه‌وه‌ زه‌حمه‌ته‌ بچێته‌ ژوور.»
«ده‌چیته ‌ژوور، ده‌چێته‌ ژوور، سه‌برتان هه‌بێ.»
«ئاخر كوا ده‌چێته‌ ژوور، ڕه‌حمه‌ت له‌ بابت؟! ئه‌و له‌نده‌هۆره‌و ئه‌و ده‌رگایه‌یان نه‌گوتووه‌.»
ده‌نگی یا عه‌لی یا عه‌لی كپ بوو. مدیرناحیه‌ په‌نجه‌ی له‌ ده‌می نابوو و، ڕاوه‌ستا بوو. ئه‌و ئه‌ندازیاره‌ی له‌ شاره‌وه‌ هێنابوویان، سه‌ری باده‌دا. ئه‌و ئه‌ندازیاره‌ی خانووه‌كه‌ی دروستكردبوو، له‌ ده‌رگا ته‌نگه‌به‌ره‌كه‌وه‌ ڕاما بوو.
ئه‌و ڕۆژه‌ هیچیان بۆ نه‌كرا، هه‌ر له‌وێ ماتۆڕه‌كه‌یان به‌جێهێشت.
له‌ شارۆچكه‌ ده‌نگۆیه‌ك بڵاوبۆوه‌ كه‌ ماتۆڕه‌كه‌ ناچێته‌ ژووری خانوه‌كه‌. خه‌ڵك له‌ملاولا دانیشتبوون و قسه‌یان ده‌كرد: «ده‌بێ ته‌مه‌نێكی دیكه‌ش له‌ تاریكیدا بین.»
«ئه‌ی بابه‌ تۆش حه‌وسه‌له‌ت هه‌یه‌. چیمان هه‌یه‌ تا كاره‌بامان هه‌بێ؟ خۆ كاره‌با نه‌بۆته‌ نان و ئاو.»
«بۆیه‌ ده‌ڵێن نانی نییه‌ و داوای ته‌ڕه‌ پیازان ده‌كات.»
«پاره‌كه‌شمان به‌ هه‌ده‌ر ده‌چوو.»
«چه‌ندمان وه‌یار كڕی!»
«گڵۆپه‌كان چ لێبكه‌ین؟»
«خێزانم دوێشه‌و له‌ داخان ئانتێنه‌كه‌ی سه‌ربانی هه‌ڵكه‌ندو فڕێیدا كۆڵانێ. هێنده‌ی نه‌مابوو مه‌شه‌دی یوسفی به‌قاڵ بپلیشێنێته‌وه‌.»
«هه‌ر ده‌بێ خودا ڕه‌حممان پێبكاو ده‌رگای خانوه‌كه‌ واڵا بكاته‌وه‌.»
«یا كارسازی كاران، یا ئه‌ڵڵا.»
خه‌به‌ر گه‌یشته‌ گونده‌كانی ده‌ورووبه‌ریش. دوو كه‌سی قۆڵبڕ په‌یدابوون ده‌یانگوت هه‌رچۆنێكبێ ماتۆڕه‌كه‌ ده‌به‌نه‌ ژوورێ، بێئه‌وه‌ی ده‌ستكاری خانووه‌كه‌ بكرێ. خه‌ڵكه‌كه‌ خۆشحاڵ بوون. به‌ڕێزه‌وه‌ پێشوازییان له‌ قۆڵبڕه‌كان كرد و سه‌ڵاواتییان لێدا. ئه‌و دووانه‌ پێشتر له‌ ماڵی یه‌كێك له‌ پیاوماقوڵانی شار جێگیر ببوون و پێشه‌كی سه‌د تمه‌نیشیان وه‌رگرتبوو. قۆڵبڕه‌كان هه‌موو ڕۆژێ ده‌هاتن له‌ په‌نای خانووه‌كه‌ ڕاده‌وه‌ستان، كه‌مێك پێكه‌وه‌ قسه‌یان ده‌كردو دیسان ده‌چوونه‌وه‌ ماڵی خانه‌ خوێیه‌كه‌یان. ده‌رگایان داده‌خست، كه‌س نه‌یده‌زانی چیده‌كه‌ن. دواتر دایكه‌ پیره‌ی پیاوماقوڵه‌كه‌ گوتبووی گوێی له‌ پرخ و هۆڕێكی زۆر بووه‌. تا ئه‌وه‌ی ڕۆژێك هه‌ردووك قۆڵبڕه‌كه‌ بزربوون.

ڕۆژی كردنه‌وه‌ی هات، به‌ڵام هێشتا ماتۆڕه‌كه‌ هه‌ر له‌ په‌نا خانووه‌كه‌ بوو ته‌پوتۆزی لێنیشتبوو. مدیرناحیه‌ وتاریدا، نوێنه‌ری په‌روه‌رده‌ وتاریدا، سه‌رۆكی پۆسته‌و گه‌یاندن وتاریدا، سه‌رۆكی ژانده‌رمه‌ وتاریدا، سه‌رۆكی دایره‌ی كشتوكاڵ وتاریدا، سه‌رۆكی دایره‌ی پاوان و ژینگه‌ وتاریدا، سه‌رۆكی دایره‌ی تووتن وتاریدا، سه‌رۆكی دایره‌ی لۆكه‌ وتاریدا، سه‌رۆكی بانك وتاریدا، سه‌رۆكی ته‌ندروستی وتار