نەبەز کەریم
شاعیر، ھەولێر
…………….
كە بێزاردەبم
خۆم و فڵچەكەم میوانی سروشت دەبین
سەخاوەتی هێندە بەرزە
هەموو ڕەنگەكانی خۆیم پێدەبەخشێت
تاڤگەكانی لە قژی تۆ دەچن
جریوەی پاسارییەكان وەتەری دڵم دەهێننە سەما
بەڵام ناگەن بەو چوكڵاتە وشانەی بە دڵی منت دەدا
منیش پەرچەمی سەر گۆناتم لادەدا
تا جوانتر زەردەخەنەكانت ببینم
وەكو هەمووجار
لە ناو جانتای سەفەرمدا هەڵیاندەگرم
بۆ خۆشەویستییەكەمان دەڵێم
تا دەگەڕێمەوە ئاگات لە خۆت بێت
ئێواران لەوێ لەسەر گازی پشت
لە كەنار دەریادا ڕادەكشێم
وەك ئەستێرە
یەك یەك بەیادت زەردەخەنەكانت دەژمێرم
بەیانیانیش كە بەئاگا دێم
سەیری شاشەی مۆبایلەكەم دەكەم
تا بەیانی باشت ببینم
تا ئەو دەمانەی دێمەوە
پتر تامەزرۆی بزەی تازەتم
ئیتر سروشت تۆیش ببوورە
ئەو كچە وەك باڵندەیەك
گەنمی دڵی بردووم
چەندی پتر ڕەنگم پێبدەیت
خۆم و فڵچەكەم
تەنیا تابلۆی نیگایەكی ئەو دەكێشین
۳۱/٥/۲٠۲۳

