فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

ئەودیوی زمان!

نوری بێخاڵی
نووسەر، ھەولێر

…………….

مرۆڤ هەمیشە پێویستیی بەوەیە چاوێک هەبێت بیبینێت، گوێیەک هەبێت بیژنەوێت و زمانێک هەبێت نەک هەر گوزارشت لەو شتە بکات کە ئازاری دەدات، بەڵکوو خودی ئازارەکەی بۆ دەربڕێت.
دەگوترێت لەنێوان هەردوو ڕەنگی سپی و ڕەش، یان لەنێوان دوو ناوچەی ڕووناک و تاریکدا، ڕەنگ و ناوچەیەکی دیکە هەیە کە خۆڵەمێشیی ناوە، وەلێ ڕەنگە ئەم ناونانەیش هێشتا هەر پڕ بە پێستی ئەو بۆشاییەی نێوان ئەو دوو ڕەنگ و ناوچە جیاوازە نەبێت!
بەدڵنیاییەوە؛ ئەم هاوکێشەیەی سەرەوە، بۆ دۆخی دەروونی و ناوەکی و هەستەکیی مرۆڤیش ڕاستە، چۆن؟
قەت سەرنجت داوە کە هەندێک جار لەناوەوەی خۆتدا، هەست بە شتێک دەکەیت و نازانیت چییە، ناتوانیت هیچ ناوێکی لێ بنێیت و بە وشەیەک پێناسەی بکەیت؟
ئەو شتە پێناسەنەکراوە، ئەو دۆخە ناونەنراوە و ئەو هەستە ناوەکییە دەرکنەکراوە، نە گریانە و نە پێکەنین، نە ختووکەیە و نە کسپە، نە خەونە و نە خورپە، نە ترسە و نە دڵنیایی، نە خەمە و نە دڵخۆشیی و…، هەموو ئەمانەیە و هیچیشیان نییە، هەستێکە لە نێوان هەموو ئەمانەدا!
بەڕاست، ئەو شتە یان ئەو هەستە ناوەکییەی کە نە دەتوانین واتایەکی دیاریکراوی پێ بدەین و نە دەشتوانین شیی بکەینەوە، ناوی بنێین چی؟
*****