بەختیار تاڵاوی
شاعیر، مەھاباد
…………..
ئەوین
تاقە گوڵی گولزاری ژین
هاوڕێی بێ ڕووبەند و پەرژین
بژوێنی هەست
هۆی پێکەنین
هاودەمی شەو
هاوڕێی فرمێسک و تێر گرین
بەندە بە بەندی تۆوە دڵ
ئێمە دەمێکە هاودەمین
من وەک مریدی تۆ و
ئەتۆش
شاکاری خوای جوان ئافەرین
من هەردەمێک سەودایی تۆ و
تۆش هەر
لە بیری هەڵفرین
تاوێ پشوو دە هەستی جوان
تاوێ وەرە لام
پێکەوە
با قاوەیەک تاڵمان بکا
تا کەی بزانین
هەر خەوین
تاوێ وەرە گۆ پێم بڵێ
بۆ چی ئەوای ؟
بۆ ناسکی ؟
بۆ هێندە پاکی
خۆ خوا گشتی وەکوو یەک
ئافراند …
توخوا وەرە
تێر بۆن ببم
تێر تێر لە هەستی کۆن ببم
وا دەم گوڵانە جوانێ گیان
لێم توڕە بی
دەشکێ دڵم
تا پاییزی عومرم وەرە
تۆ بۆم بڵێ و
من بۆت دەڵێم
ئەوجار وەکوو
غەزەل دەڵێ
خەزەڵ ، خەزەڵ
هەڵدەوەرین …

