ئومێد شێخ کەریم
چیرۆکنووس، سلێمانی
……………………..
سەری لەسەرکتێبەکەی بەردەمی بەرز کردەوە. کەزیاتر لەیەك کاتژمێر دەبوو خەریکی خوێندنەوەی بوو. چاویلکەکەی دانا، دەستێکی بەدەموچاویاهێنا، هەندێ چاوەکانی هەڵگڵۆفت. من تەنیایی خنکاندوومی، قسەم بۆناکرێت، هەنگاوێکم بۆ نانرێت، تەنیایی وەك تۆز هەموو پەنجەرە و دەلاقەیەکی بیرکردنەوەمی داپۆشیوە .نایەڵێت هەناسەیەکی ئارامی بەم ، سەیرەئەوکتیبەیش هەرباسی تەنیایی دەکات ! بۆیە واڕۆچوومەتە ناو لاپەڕەکانییەوە. ئەوپاڵەوانە نەگبەتەیش وەکوو من وایە. وەکوو من و هەزارەهای وەك من، تەنیایی پووکانویەتییەوە کردوویەتی بەقالۆرە گوڵەبەڕۆژە . ڕەق وشك لە ناوەوە پووکاوەتەوە .ڕەنگە ئەو پاڵەوانە من بم ! ئەوڕۆمان نووسە کەسێکی نزیکی من بیت!
ڕەنگە مێژووی رووداوەکە جیاواز بێت ؟بەڵام هەریەك باسە ڕەنگە شوێنی رووداوەکە شوێنێکی تربێت؟ بەڵام شوێن پێکان هەمان شوێن پێیە هەمان ئازارە ، رەنگە من و پاڵەوانەکە و خوشکە گەورەکەم و هاوڕێکەی فەرمانگەکەم و دەیان و سەدانی تر لەو گێژاوی تەنیاییەدا بخولێینەوە . هەمان بەرداش بمان هاڕێت. ڕۆژ یەك ئازار برستمان لێببڕێت و شەوانیش یەك پەت وەك دەنگی تەزبیح بمانبەستێت بەیەکەوە، ئەو پاڵەوانە لەوانەیە خۆم بم !ئەگیناچۆن وا وردەکارییەکانی ژیانی من دەزانێت ؟! ئەوە تا لێرەدا دەڵێت من زۆر منداڵ بووم ھێشتا تامی خۆشییەکانی گەورە بوونم نەدەزانی ، دەستە خوشک و هاوڕێم نەبوو کە دامیان بەشوو وردەوردە خۆشەویستییەکی سەیر لەناخمدا چەکەرەی کرد ! هەموو دنیام لە چاوی ئەودا دەبینی .خۆشەویستییەکەی لە دڵمدا گەیشتبووە رادەی پەرستن . هیندە دڵم بە ژیان خۆش بوو دەترسام ڕۆژێك پێم بڵێ بمرە.
بەڵام خۆ دڵی ئەوم پێنەدەشکا ،سەیر بوو لەپڕێکدا گۆڕانکارییەکی سەیر ڕوویدا! لە سەر هەموو شتێك تووڕە دەبوو، هیچی بە دڵ نەبوو، ئێواران سەدان پرسیاری دەکرد لەکوێ بوویت؟ بۆکوێ چوویت ؟کێت بینی؟ زوو لە مەکتەب گەڕایتەوە ؟ بەچی هاتیتەوە ؟پرسیار و دەیان پرسیاری تر و بێتام، لەپاش ئەوەی کە دەیبینی سکەکەم گەورەبووە، کار گەیشتە ئەوەی وتی حەزناکەم بچیت بۆ قوتابخانە، دڵیم پێنەشکا، نابێت بچیت بۆماڵی باوکت .دڵیم پێنەشکا نابێت بچیت بۆماڵی باوکم.
وتم بە سەرچاو تۆ چی دەڵێیت من وا دێەکەم.
دڵ پیسییەکەی لەڕادە دەرچوو ،گومانی لەخۆی دەکرد، نە دەبووایە شوشەی پەنجەرەکە پاککەمەوە ، دەیوت سەیری کێ دەکەیت لە دەرەوە ؟زورجار بۆ مەتبخەکەیش دەهات بە دواما، ئەگەر شتیکم بخوێندایەتەوە پاشکەمێك لێی وەردەگرتم ،بزانێ لاپەڕەچەندە و باسی چی دەکات ؟! وردە وردە هەستم دەکرد خەریکە ڕەش دەبێت لە بەرچاوم .ژیان تاڵ ببوو بوو بە گوژاڵك هێندە تاڵ ببوو توانای تام كردنیم نەمابوو .ئاواتم بە مەرگ دەخواست .هەرچ شتێك جێی گومانی ئەو بوایە نەم دەكرد نەم دەپۆشی بەكارم نە دەهێنا بەڵام ئەو وردوردە ئەڵقەی گومانەكەی تەسكتر دەبۆوە زۆرجار هەست دەكرد دەمخنكێنێ وردەوردە ژیانم لەدەست دەدا..
پێویست بوو بڕیارێك بدەم :یان ئەوەتا دەستبەرداری هەموو خۆشییەكانی ژیانی خۆم بم لەپێناوی ئەودا .یان دەستبەرداری ئەو بم لەپێناوی ژیانی خۆم و منداڵەكەمدا . بەڵام ئەو كۆڵی نەدا بەهیچ شتێك ڕازی نەبوو لەدوای کێشمەکێش و هاتوچۆیەكی زۆری دادگا بڕیارمدا دەست لەهەموو شت هەڵگرم هەموو شتێكم بەجێهێشت هەمووخزم و كەسم لەپێناوی خۆم وكوڕەكەمدا بەجێهێشت ،.بڕیارم دا تەنیایی بمخواتەوە. هێدی هێدی لە ناوەوە دامڕزێنێ ،ئێستا لەگەڵ پاڵەوانی هەموو چیرۆك و ڕۆمانێكدا دەژیم و دەمرم دەستەخوشكین پێكەوە شەوان ڕۆژ دەكەینەوە هەرجارەی چیرۆك نووسێك پڕم دەكات لەئازار و زامەكانم دەكولێنەوە.

