فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

تێکست

 

هونەر موکريانی

شاعير، مەهاباد

……………..

داغ یانی ژنێ لەنێو شۆعلەی شێعر

لاقەکانی لەیەک دەسوێ تا تەڕبوون

هەست یانی فڕینی مەمکت خاتوون!

شێعر یانی بەلەشتەوە بەدفەڕبوون

پیاوی هەنگاوەکانی شل‌بوونی تۆم

ئارەقاوی لەژێرکراسی خەودا

ئۆدکڵۆنی بە(تاڵی)یەکدا سێکسی

بەینی ئێمە دەکا پڕی بێ‌مەودا

تۆ ئەگەر بێ‌سنووری تا داغی ڕووت

من سنووری لەش و وشەم یەک زیپە

با (فڕۆید)ی نەخۆشەکان جێ‌بێڵین

هەر مرۆڤێ (ئێلێکتڕا) و (ئۆدیپ)ە

بێرە خاتوون لەشێ لەجسنی باران

ئاو کە جێگر لەمەرگدا نابێ ، نا

ڕۆژەکانی بەشەر هەموو نێژراون

تۆ نەباری و کەسێ،شتێ چابێ؟ نا

کات‌خۆشت هەتاکوو دوایی، تا کات

تا نەکەوتن بەدەم وەعەرزی ساعەت

من دەترسم نەیەیتەوە بۆ تاکیم

من دەترسم بڕۆی دەگەڵ جەماعەت

هۆدەیەک گڕ بەسینەوەت هەڵدەفڕێ

ئاوەڵاتر لەپەنجەرەی سەیرانیم

دادەنیشم دەخۆمەوە تا ئاسۆت

تا ببینی بەدەستەوەت حەیرانیم

دەردەکانن هەمیشەیی، خاتوونم!

هیچ شوێنێ بەهەشت نییە، تەنیا ئا‌ــ

ــمێزی تۆیە مەکانی سوکنایی و حەز

خۆشەویستی منت دوێ؟ نا یا ئا؟…..