دێرین جەمال
چیرۆکنووس، سلێمانی
……………………
ئەو بۆ ساتێک هەستی بەئاسوودەیی کرد، دەستە لاوازەکانی بەنێو تەپەتۆرەکەدا دەگێڕا و دەبە ئاوەکانی ڕێک دەخست، هەرچەندە پلەکانی گەرما زۆر بەرزبوون بەڵام ئاوو سەهۆڵی ناو تەپەتۆرەکە دەروونی فێنک دەکردەوە، هێندەی زانی ئازارێکی توند لەپەنجەکانی قاچییەوە گەرمایی گەیاند بەناخی، تەماشای قاچەکانی کرد بینی کەسێک بە پێڵاوەکانییەوە لەسەر پێی ڕاوەستاوە سەری هەڵبڕی تەماشای ڕووخساری کەسەکە بکات بەڵام تینی تیشکی خۆرەکە نەیدەهێشت ڕووخساری کەسەکە ببینێت، ئەوەی بینی تەنها پلەکانی سەرشانی بوون لەبەر تیشکی خۆرەکە دەبریسکانەوە، هەرچەندە ئازاری پەنجەکانی زۆر بوون بەڵام بە هێواشی بانگی لەکابرای پلە دار کرد و وتی: ببورە خاڵە گیان پێکانت لەسەر پێی من داناوە!!!
کابرای پلەدار سەرنجی لەمنداڵەکە داو وتی: بەڕاست،،، هیچ هەستم بەوە نەکرد پێکانم لەسەر پێی تۆ داناوە.
ئەی بۆ تۆ لەسەر ئەم ڕێگا گشتییە ئاو دەفرۆشیت؟!
تۆ نازانیت ئێرە ڕێگە پێدراو نییە و ڕێگای هاتوچۆی خەڵکیت گرتووە؟
بەپۆستاڵەکانی پێی نووکە شەقێکی کێشا بە تەپەتۆرەکەیداو ئاو سەهۆڵ و دەبەکان شەپۆلێکیان دا،وەک ئەو شەپۆلە تووڕەییەی لەناخی منداڵەکەدا دروست بوو، ئاوی تەپەتۆرەکە ڕاژا بەسەر جلوبەرگی منداڵەکەو ئەو عەلاگەیی کە لای دەستی ڕاستییەوە داینابوو، بەبینی ئەم دیمەنە منداڵەکە بەخێرای پەلاماری عەلاگەکەیداو بەدڵێکی پڕەوە سێ کتێبی لە عەلاگەکە دەکرد هەوڵی دا بەجلەکانی وشکیان بکاتەوە، وەک ئەوەی ڕۆح لەبەرێک لەمردن ڕزگاربکات، بەرپرسەکە ڕووخسارە ناشرینەکەی گرژ کرد و وتی: خەمی چیتە!؟
خەمی کتێبەکانتە،!!!
دایە قاقای پێکەنین دەنگی پێکەنینەکەی شەقامەکەی داگیرکرد،بەدەستە زلەکانی زللەیەکی کێشا بەڕوومەتە ناسکەکەی منداڵەکەدا وەک ئەوەی نان بنێت بە تەندورەوە بە دەنگە گڕەکەی پێی وت: ئەمانە کتێبی خوێندنگان؟!
دەتەوەێت بەخوێندن بگەیت بەچی؟!!
منداڵ: دەمەوێت لەداهاتوودا ببم بەدادوەر داد پەروەری بچەسپێنم.
بەرپرسەکە لەوەڵامی منداڵەکەدا وتی:خێرا تەپەتۆرەکەت لابدە لە سەر ئەم ڕێگا گشتییە،
منداڵەکە ئارامای نەما هەستایە
سەرپێ وەک دارێک لەبەردەم زریانێکی گەورەدابێت ڕاوەستا،
شێوەی وەک هەڵۆیەکی بریندار بەدەر دەکەوت،چاوەگەشەکانی بڕییە چاوی کاربەدەستەکە پڕ بەگەرووی هاواری کرد: من لێرە ناڕۆم!!!!
تۆدەزانیت بەم دەبە ئاوانە کەیان فرۆشم خەرجی خوێندن و دایکە نەخوشەکەیشم پەیدا دەکەم..
بەرپرسەکە هێندە وەڵامی منداڵەکەی لاگران بوو بەتووڕەییەوە بەمنداڵەکەی وت: دیارە تۆ لەئێستادا خۆت وەک دادوەرێک دێتە بەرچاو، کاکی دادوەر بەیانی لێرە نەتبینم.
کات بەیانییەکی زوو بوو، هێواش هێواش دەنگی قفڵی دەڕابەی دوکانەکان دەهات دەکرانەوە، دەنگی ڕۆیشتنی پێی خەڵک و هاواری فرۆشیاران بازاڕیان ئاوەدان دەکردەوە، بەخێرای ئاوەکانی دەکردە ناو تەپەتۆرەکەوە تابەزوویی ساردبن بەڵکوو تا نیوەڕۆ کاتی دەوامی قوتابخانەی بیان فرۆشێت، ئەو کاتەی سەرگەرمی ڕێکخستنی دەبەکان بوو کەسێک لەدواوە بەهێواشی کێشای بەشانیدا وەک ئەوەی بانگی بکات،کاتێک ئاوڕی دایەوە بینی کابرای کاربەدەستە ڕاوەستاوە لەپشتییەوە ،!!
بەڵام ئەمجارە جیاواز لەو کەسەی دوێنێ وەک بڵێیت مرۆڤێک لەناخیدا ڕۆیشتووە مرۆڤێکی تر هاتۆتە شوێنی.
بە زەردەخەنەیەکەوە وتی: کاکی دادوەر دەبەیەک ئاوی ساردم بدەرێ، منداڵەکە هێشتا برینەکەی ناخی ساڕێژنەببوو بەڵام دەبەیەک ئاوی پێدا..
کابرای کاربەدەست وتی: پرسیارێکم هەیە لێت،تۆ لەقوتابخانە لەقۆناغی چەندی؟!
منداڵەکە واقی وڕمابوو هێشتا حەپەسا بوو لە هەڵسوکەوتی بەرپرسەکە، بەکزیەکەوە وتی: لە قۆناغی شەشی سەرەتایم.
کاربەدەست: ڕۆژی چەند پەیدا دەکەیت بەئاو فرۆشتن؟
منداڵ: ڕۆژی یانزە بۆ دوانزە هەزار پەیدا دەکەم، هەندێ جار نزک دەبێتەوە لە پانزە هەزار هەندێک لەوکەسانەی ئاوم لێدەکڕن باقیم لێ وەرناگرنەوە دەڵێن بۆخۆت.
کاربەدەست: واتە بەو پارەیە ژیانی ڕۆژانەتان دابین دەکەن.
منداڵ: بەڵێ
کاربەدەست: دەی من هاتووم چاکەیەکت لەگەڵ بکەم،منیش کوڕێکم هەیە لەقوتابخانە لەقۆناغی شەشی سەرەتاییە، بەڵام ئاستی خوێندنی لاوازە دەمەوێت تۆ وانەکانت لەگەڵ ئەودا بخوێنیت هاوکاری بیت تائاستی خوێندی بەرزبکات، منیش لەبەرامبەردا ئەو پارەی لێرە چنگت دەکەوێت پێتی ئەدەم، ئەگەر بە داواکەم ڕازی بیت زۆرباشە، ئەگەر ڕازی نەبیت بۆ تۆ خراپە چونکە من هەرگیز نایەڵم لێردا ئاو بفرۆشیت…!!
بەم قسانە منداڵەکە خەمێکی قووڵ ناخی داگیرکرد وەک ئەوەی بڵێیت ئیتر کۆتایی دوونیایە،بە جۆرێک لێوەکانی گۆیان نەدەکرد وەڵامی کاربەدەستەکە بداتەوە لەبێدەنگی خۆیداو لەوئازارەی لەناخیدا هەبوو فرمێسک بەچاوە گەشەکانیدا هاتە خوارێ، بە دوولێوە بەخەم تەزیوەکەی بە کاربەدەستەکەی وت:خۆ تۆ وتت بەخوێندن ناگەیت بەهیچ؟!
ئەی بۆچی ئێستا هەوڵ ئەدەیت بۆ منداڵەکەی خۆت!
بەبیستنی ئەم وشانە کاربەدەستە دایە قاقای پێکەنن وتی: بچکۆل هێشتا تۆ زۆرت ماوە لەپێش!! تالەو جیاوازییە تێبگەیت،،..
ئێستا لەگەڵم دێیت یان نا؟!!
منداڵەکە لەترسی پەیداکردنی بژێوی ژیانی بەناچاری ڕازی بوو بەداواکاری کار بەدەستەکە…
ڕۆژەکان هاتن و مانگەکان ڕۆیشتن و ساڵەکان تێپەڕی،،..
کاتژمێر هەشت و سی خولەکی بەیانییە، وەک هەموو ڕۆژەکانی تر خۆم ئامادە کردبوو بۆ دادگاییەک بەڵام ئەمجارە جیاواز لەجارەکانی تر، بۆ من دادگایکردنێکی قوورس دەبێت،کاتێک گەیشتمە بەردەم دەرگای دادگا پەیامنێر و کەناڵەکانی ڕاگەیاندن لەدەورم کۆبوونەوە لەبەر زۆری ئەو مایکانەی لەبەردەمدا ڕاگیرابوون نەمدەتوانی بەردەمی خۆم باش ببینم ، تەنها توانیم بڵێم دەتوانن بێنە نا هۆڵی دادگاوە ڕاستەو خۆ دادگاییەکە پەخش بکەن.
هەنگاوەکانم خێرا ترکرد تا زووتر بگەمەناو هۆڵی دادگا،دڵم بەجۆرێک بەتوندی لێی دەدا وەک ئەو منداڵەی لەکۆتایی ساڵی خوێندنیدا بەحەسرەتەوە چاوەڕێی کۆ نمرەکەی دەکات وەری بگرێت، کاتێک چوومە سەرکورسی دادگا دانیشتم تەماشایەکی ناو هۆڵەکەم کرد سەرنجی ڕووخساری ئەو خەڵکەمدا کەلەنێو هۆڵەکە دانیشتبوون،هەموویان چاویان بڕیبوە چاووم بە چاوەکانیان ئەوەیان پێدە ، وتم:کە تاکە پەتێک گرێ درابێت بەنێچیرەکەوە منم، ئەگەر بێت و پەتەکە بەربدەم نێچیرەکە دەربازی دەبێت لەوەی کەهێناوێتی بەسەر ئەم خەڵکەدا.
تەماشایەکی گۆشەی تاوانبارەکەم کرد ،پۆشاکی پرتەقاڵی لەبەر کرابوودەست و قاچی بەزنجیر پێوەند کرابوو،سەری بۆ زەویەکە شۆڕ کردبۆوە دیاربوو کەشەرمەزاری ناخی داگیر کرد بوو.
پێش ئەوەی دەست بەدادگاییەکە بکەم ڕووم کردە کەناڵەکانی ڕاگەیاندن و وتم: ئێوە ئامادەن ڕاستەوخۆ ئەم دادگای کردنە پەخش بکەن؟
لەوەڵامدا وتیان: بەڵێ جەنابی دادوەر ئێمە چاوەڕێی بەڕێزتین دەست بەدادگاییەکە بکەیت.
وتم : دەی زۆر باشە پێش دادگایی کردنەکە دەمەوێت نموونەیەکتان نیشان بدەم ئێوەی ڕاگەیاندنیش پەخشی بکەن با هەموو جیهان بیبینێت، هەمووان بەحەسرەتەوە چاوەڕوان بوون تابزانن چیان نیشان دەدەم،داوام لە چاودێری هۆڵەک کرد ئەو تەپەتۆرە ئاوەی ئامادەم کردووە بیهێنێت لەبەردەم چاوی میوانەکاندا دایبنێت، هەمووان سەریان سووڕما لەم کردارەی من، دەبێت پەیامی ئەم تەپەتۆرە چی بێت؟!!
لەناوخەڵکەکەدا بانگی پیاوێکی بەساڵا چووم کرد پێم وت: ئەمڕۆ دادگایی کردنی کوڕەکەتە، فەرموو دەبەیک ئاوی سارد بخۆرەوە باکەمێک دەروونت فێنک بێتەوە!!
بەڵام ئەوەی حەزم بەبینی نەدەکرد فرمێسکەکانی پیاوە بەساڵا چووەکە بوو بە ڕیشە سپێکەیدا دەهاتە خوارێ، بەدەستە لەرزۆکەکانی دەبەیک ئاوی هەڵگرت و وتی: کاکی دادوەر سزایەکی قورس بەسەر کوڕەکەمدا مەسەپێنە، هەرچیت بوێت بۆت دەکەم، من مافی ئەم خەڵکانە دەگێڕمەوە.
سەرسام بووم بەقسەکانی،دەنگم بڵندکرد وتم: تۆ کورەکەت پێگەو دەسەڵاتەکەی خۆی بۆ سەرکوت کردن بەکار هێناوە مافی دەیان هاوڵاتی خواردووە بۆچی تۆ بم شێوازە قسە دەکەیت، سەیرە ساڵەکان ڕۆیشت بەڵام تۆ ناخت هەروەک خوی ماوە،دووبارە ڕوومکردەوە ڕاگەیاندنکارەکان و ئەم تەپەتۆرەی لێرە دامنا کاتێک منداڵ بووم خوێندکاری شەشی سەرەتای بووم لەم تەپەتۆرەدا دەبە ئاوم سارد دەکرد و دەم فرۆشتن بژێوی ژیانی خۆم و دایکە نەخۆشەکەم پێ پەیدا دەکرد.
بەڵام ئەم پیاوەی کە ئێستا لەبەردەمدا ڕاوەستاوە لەنێو بازاڕدا ڕێگری لێکردم و بەهۆی ئەو دەسەڵاتەی کە هەی بوو، ئەو بەمنی وت بەتەمای بە ئاو فرۆشتن بەخوێندن تەواو بکەیت،خوێندن دەگەیت بەچی؟!
بەڵام هەر دواتر خۆی داوای لێکردم کەهاوکاری کوڕەکەی بکەم تائاستی خوێندنی بەرزبێت، ئەو توانی بەفێڵ و بەو دەسەڵاتەی کەهەی بوو پێگەیەکی باش بۆکوڕەکەی دابین بکات،بەڵام نەیتوانی فێری ڕەوشت و داد پەروەری بکات،ئێستایش داوای ئەوە لەمن دەکات بەپێچەوانەی یاسا بڕیاربدەم کوڕەکەی لەسزا دەرباز بکەم، بەڵام دەبێت تۆ و ئەوانەی وێنەی تۆن لەوە تێبگەن،درەنگ بێت یان زوو یاسا هەردەچەسپێت کەسانی وەک ئێوە ئەبن بەنموونەیەک کەس بوێری ئەوەی نەبێت بێ ڕێزی بەرامبەر خواست و مافەکانی بەرامبەربکات،یاسا لەسەروو هەموو مانەوەیە..

