فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

فریودان

ناسک نەسیری
شاعیر، بەلژیک

هێندە دڵت ڕەنجاندووم
خۆم لە خۆم شەرم دەمگرێ
زمانم لە هێنانی ناوت
ئیدی گۆ ناکا
لە حکایەتی ئەم عیشقە
بێ سەرەنجامە شێواوم
لە دوا وێستگەی ماڵئاویت
بڕیار دەدەم
بۆ هەمیشە بەجێت بێڵم
ئیتر بێزار بووم
لە ڕوانینی چواردەوری ژوورەکەم
خۆم بەقەد
دووریا هەڵدەواسم و
بیر لە بوونت ناکەمەوە
ئارەزوومە بڕۆی
تا ئەو جێیەی لە ئۆقیانوسی وڵاتەکەی من دەردەچیت
هێندەت دڵ شکاندووم
کە لەو دنیایش
نامهەوێ ڕووخساری ساردت ببینمەوە . دڵم بۆتە کوانوویەکی بێ ژیلەمۆ
بێ تین و تاو
وەک چۆن درەختێ
ئاخرە پایز بە ڕەشەبا و کڕێوە
تاقە گەڵایەکی پێ نەماوە
ڕووتم لە بۆنی تۆ
لە هەستی تۆ
هێندە دڵت شکاندووم
تۆبە دەکەم
لەو چرکە ساتانەی کە منیان فریودا
بۆ عەشقی تۆ .