ئاژوان ڕۆژھەڵاتی
شاعیر، نەرویج
…………………..

پایز کراسێکی لە بەر کردم
لە ڕەنگی خۆی
نە کون دەبێ و نە
ڕەنگیشی دەگوڕێ
پڕ پڕ بە بەرم بوو!
بەیانی باش
دایەی شیرین!
مانگی ژینم
لە ئامێزی خۆتم گرێ!
بێتۆ ئەستێرەی
کز و بێ تینم !
گوڵەسوورەی باخ
هەڵاڵەی شاخ!
بەفری کەل و نسار
شنەبای بنار!
هەڵوی بەرزەفڕی
سەرکەش!
کە دابڕای لە باخی ناخم
چیتر تێیدا ناڕۆێ
گوڵی گەش!
هەڵێ وەک ڕۆژ!
هەوێنی ژین
پرشنگی گەش!
وەک ماسی هەناوو سووتاوم
کە لە تاڤگەی هەناسەی تۆ
دابڕاوم!
کوایت!؟
لە کویێت؟
خونچە پشکوی دەم باران
زەردەپەڕی ئێوارەو
ئاوەنگی پرچی گیا!
ئەی جوانترین ئەوین!
بەحری روون
پاک و بەرین!
لە ئامێزی خۆتم گرێ!
با ناخی ماسی ئاسام
لە دابڕانت گڕ نەگرێ!
بگەڕێرەوە دایە!؟
سەدان وشەی نەوتراوم
لە دڵدایە!
وردیلە ماسیەکەی
جارانم!
لە نێو تاڤگەی هەناسەی تۆ
ئۆقڕە دەگرم و ئارامم!
بیهاوێژە شەپۆلی مێهری ڕۆحت!
بیسڕەوە خەمڵاوی
تاپوی ڕووخسارم!
لەو دەمەی شێوانت
هێلانەی ئامێزی گەرمم
تەیرێکی تەریوی
باڵشکاوی بریندارم!
ئەی جوانترین ئەوین!
بەحری ڕوون و پاک و
بەرین!
لە ئامێزی خۆتم گرێ!
با ناخی ماسی ئاسام
لە دابڕانت گڕ نەگرێ!
ئەو دڵە سەوداسەری من
بە شنەبای هەناوی تۆ
ئۆقڕە دەگرێ!
تکا دەکەم بگەڕێوە!
حەپەساوم لەو سەفەرە
دوور و درێژە!؟
نەبڕایەوە و نەبڕایەوە!
12/10/25

