فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

شاعیرێک لێوانلێو لە عەشق

 

 عەلی حەمەڕەشید

شاعير، سلێمانی

…………………..

 

شیعر ئەو ژانرە ئەفسوناوی و پڕ لە هەست و سۆز و میوزیکە ناسکەیە کە چەندین ڕەگەزی ئاوێزانی پیت بەپیت و وشە بەوشەی خۆی کردووە و کاتێک بە هەر شێوەیەک گوێبیستی  دەبین  بەهێمنی لە دەرگای دڵمان دەدەن و دەبنە میوانی هۆش و تێکەڵاو بە ڕۆحمان دەبێت ئیتر بە پێی ناسکیی و جوانیی و گونجاوی شیعرەکە ئاسوودەیی ئامێزی پڕ لە ڕازی خۆیمان بۆ دەکاتەوە و بە حەزێکی زۆر و تامەزرۆییەوە گوێی بۆڕادەدێرین و هەست وهۆشمان داگیردەکات.چونکە دەزانین کە شیعر:

  زمانی خۆشەویستییە

شیعر دژ بە خەم و پەستییە

شیعر دەنگە،زەنگە،ڕەنگە

شیعر چرای شەوەزەنگە

شیعر خەنجەری خەم کوژە

هەنگە و شیلەی ڕاستی مژە

شیعر بۆ خەندە هەوێنە

وەکو جوانیی هەست بزوێنە

لە ڕاستیدا من دەمێکە ئەو چەند دێڕەم وەکو شیعر بۆ خودی شیعر نووسیوە و بە خوێندنەوەشی چێژی لێوەردەگرم و هەر ئەوەش پەلکێشم دەکات تا شیعری شاعیرانیش بخوێنمەوە یان گوێیان لێبگرم.

بەڵام وەک لای هەمووان ئاشکرایە ، شاعیرەکان لە گوڵزاری ئەدەبدا هەریەکەیان بە جیاوازیی و تایبەتمەندی خۆیانەوە خۆیان پێناساندووین و ئێمەش لە میانەی شیعرەکانیانەوە ،زۆر جار شاعیرەکەشمان نە ناسیوە، کەچی شیعرەکە بووە بە پێناسەی شاعیرەکە و دەروازەی ناسینی.بەڵام هەندێکجار شاعیرەکە لە نزیکەوە دەناسیت و لە زمانی خۆیەوە ،بەدەنگی خۆی گوێت لە شیعرەکانی دەبێت ڕووبەڕوو یان  لە کۆڕێکی شیعر خوێندنەوە دا کە ئەمەش خۆی بۆ خۆی وا دەکات کە حەز و خۆشەویستی زیاتر دروست ببێت.

من ئەمانەم وەک پێشەکییەک نووسی بۆ شاعیرێک کە زۆرجار بە شاعیری ئەوینداری کورد ناوی دەهێنن، چونکە شیعرەکانی ئیلهامن و خۆی واتەنی ئەوان بانگم دەکەن کە بیاننوسم و هیچ زۆر لە خۆی ناکات بۆ نوسینیان و وشە ئارایی تێدا ناکات، دانیشێت بەدیارییەوە و وشە بە وشە و دێڕ بە دێڕ بیاننوسێت،کە هەموو ئەمانەش وایانکردووە کە شیعرەکانی جیاواز بن، چێژبەخش بن، جوان و ناسک بن وەکو گوڵ، لێوانلێو بن لە ئەوین، بە شەماڵی خۆشەویستی بشنێنەوە، بە نمە بارانی سۆز و ڕاستگۆیی  ئاو دراون، ئیتر کە بەمشێوەیە بن چۆن ناچنە دڵەوە،چۆن خوێنەر بەرەوپیریان ناچێت، چۆن نابنە وێردی سەر زاری عاشقان؟ چۆن نابنە مەدالیای سەرسنگی خۆشەویستان؟ چۆن نابنە میوزیک و ئاواز و بە گۆرانی لەگەڵ خۆماندا نەیانڵێینەوە؟

ئەو شاعیرەش دکتۆر فەرەیدون عەبدول بەرزنجی یە، کە شیعرەکانی بێ پەساپۆرت بۆ نیشتمانی هەموو دڵەکان دەچن.

لە ڕاستیدا دکتۆر فەرەیدون عەبدول بەرزنجی ناوێکی دیارە لە نێو ئەدەبی کوردی دا و شاعیرێکی بە ئەزموون و پێشەنگ و ئاڵا هەڵگری شیعری ئەوینداران و خۆشەویستییە. ئەو هەر لە سەرەتای دەرکەوتنییەوە  لە ساڵانی حەفتاکانی سەدەی ڕابوردووە وە، وەک شاعیرێک شیعرەکانی تایبەتمەندیی خۆیان هەبوو، هەر زوو خوێنەرێکی زۆر بە تامەزرۆوە چاوەڕوانی شیعرەکانی بوون، کاتێک لە گۆڤاری کاروان و بەیان و ڕۆژنامەی پاشکۆی عێراق و هی تر، بڵاو دەکردنەوە.دوایی کردنی بە کتێب وەک دیوان کە ناوی کتێبەکانیش سەرنجڕاکێش و پڕ لە عەشق بوون وەک (نیگای حەزێکی ئاوارە، کەبیر لەتۆدەکەمەوە، ڕۆژان ئەڕوا و تۆ هەر خۆشەویستی منی)

ئیتر هونەرمەندانی  ئاوازدانەر و گۆرانیبێژان ئاوازیان بۆ هەندێک لە شیعرەکانی دکتۆر فەرەیدون دانا و کران بە گۆرانی.چەند خۆشبوو کە بە گۆرانی گوێمان لەو شیعرانە بوو کە لە گۆڤارەکاندا یان لە دیوانەکاندا خوێندبوومانەوە ،ئەمەش بووە هۆی زیاتر ناساندنی دکتۆر فەرەیدون عەبدول بەرزنجی.تایبەتمەندییەکی شاعیر ئەوەیە کە لە هەر کۆڕێکدا شیعری دەخوێندەوە پارچە کاغەزێکی پێنەبوو هەموو شیعرەکانی خۆی لەبەر بوو،دەیزانی چۆن و بە چ شێوەیەک بیانخوێنێتەوە لەگەڵ میوزیک یان بەبێ میوزیکیش،هەمیشە کۆڕەکانی جمەیان هاتووە لە هەوادارانی شیعرەکانی.ئەو ئێستاش بەهەمان شێوە و شێواز،کە بەشداری کۆڕەکان دەکات شیعرەکانی دەخوێنێتەوە.ئەو نیشتمانێکە لە جوانی و دەریایەکە لەهەست و دنیایەکە لە ئەوین.

دکتۆر فەرەیدون عەبدول بەرزنجی لە شیعرێکدا دەڵێت:

ئەگەر کەسێ

لە ئەوینی پاک ئەپرسێ

با بێ لەلای من بپرسێ

من ئەزانم ئەو ئەوینە

چۆن بە ئێسقانا ڕۆئەچێ

من ئەزانم بەو ئەوینە

خوێنی دڵ چۆن دائەگیرسێ

لەشیعرێکی تردا دەڵێت:

خۆشەویستی چارەنووسە

بۆ کوێ بڕۆم

لەسەر ڕێمە

گیانە عەشق وەکو خوێنمان

بەشێکە لە بوونی ئێمە

عەشق فرمێسکی بەخووڕە

تاسەو سۆزی گەرم و گووڕە

عەشق خولیا و هۆگربوونە

هەرگیز لەیەک تێر نەبوونە

………..

سەرچاوە:

دیوانی دکتۆر فەرەیدوون عەبدول بەرزنجی..سلێمانی ساڵی ٢٠١٨