تێڕوانینێک لە دوو نمایش
دانا ڕەئووف
…………………
شانۆی نەرویژی لەنێو دەقە شانۆییەکانی ئیبسندا گەشە دەکات و لە دراماتۆرگییەکی تقلیدیەوە و لە ڕوانگەیەکی سیکۆلۆژییەوە بنەما گرینگەکانی ئەو شانۆیە ڕۆدەنێت. دواتر ئیبسن دەرگا بە ڕوی مۆدێرنەدا دەکاتەوە و کاریگەرییەکانی سنووری شانۆی نەرویژی دەبڕێت و لەنێو شانۆی جیهانیدا ڕەنگ دەداتەوە. هاوکات ئیبسن دەروازەیەکی گرینگ بۆ شانۆنووسە گەنج و نەوە نوێیەکانی نەرویژ دەکاتەوە؛ یۆن فۆسە بە شانۆنامەکانی بووە براوەی خەڵاتی نۆبێل، ئاڕنە لینگەر-یش بە دەقە جیاوازەکانی، خەریکە سەر تەختەی شانۆکانی دنیا داگیر دەکات. ئێستا و لەم ساتەدا، لەسەر شانۆکانی “شار” لە ستۆکهۆڵم، دوو شانۆنامەی ئەم دوو شانۆنامەنووسە، “لە بری ئێمە”ی ئاڕنە لینگەر و “وەک ئەوەی بوو”ی یۆن فۆسە لەیەک کاتدا نمایش دەکرێت.
“لینگەر” لە شانۆنامە نوێیەکانیدا دراماتۆرگییە تەقلیدییەکان ههڵدهوهشێنێتهوه و ڕەوت و ڕووداو و کارەکتەرەکان لە فۆمێکی شیعری و خەونەئامێزدا دەبەستێتەوە بە ستایلە جیاوازەکانەوە و لە مۆنتاژێکی فرە ڕەهەنددا دەیچنێت. کارەکتەرەکانی لەنێو کرداری ڕووداوەکاندا و تێپەڕینی زەمەن دا خۆیان لە دوێنێ و ئەمڕۆدا بەرجەستە دەکەن. شانۆنامەکانی ئەم نووسەرە باسی ڕابردوو لە ئێستادا دەکەن، زەمەن هەڵدەوەشێنێتەوە و ئەوەی لە ڕابردوودا ڕوویداوە، دەشێ لە ئێستادا ڕووبدات، هاوکات باسی ئەو ساتانە دەکات، کە مرۆڤ بەرامبەر بە خۆی نامۆیه و هەستێکی هەمیشەیی بۆ تەنیایی هەیە. ئەوەی لای ئەم نووسەرە جیاوازە، ئەوەیە دیالۆگی کارەکتەرەکانی لەنێو ڕووداوەکاندا، بە جۆرێکی تر و لە پڕ دەخاتەوە ڕوو، بۆ نموونە: ئەو گوتی تۆ وات کردوە، ئەو گوتی تۆ ڕۆیشتی بۆ ئەوێ بۆ ئەوەی ئەو کارە بکەیت… هتد.
لە نمایشی “لە بری ئێمە” سێ ژنی تەنیا، کە هەست دەکەن هەموو کەس پشتی تێکردوون، لە ژوورێکدا کۆدەکاتەوە. شانۆنامەکە باسی هاوڕێیەتی دەکات، بەڵام هەستی پەراوێزخستن و هەڵبژاردنی کەسی تر لەبری ئەوی تر و تەنیایی هێلەکانی شانۆنامەکە دیاری دەکەن. لەم ڕەوشدا ڕووبەرووبوونەوەیەکی ڕاستگۆی “خۆ”ش، “من”ی تەنیا و “من”ی پەراوێزخراویش بنەما خودگەراییەکەی دەقەکە پێک دەهێنێت. لەنێو ئەم چەمکی هاوڕێیەتییەدا چەندین شتی شاراوە و نادیار هەن؛ خەم و ئازار و هەستێکی کوشوندە بە نامۆیی و لە هەمان کاتیشدا بە تەنیایی. دەقەکە وەک چەند پارچەیەکی بچووکی پێکەوە بەستراو، زیاتر نێزێک لە ڕەوشێکی ئەبسێردا دەردەکەوێت.
“لە بری ئێمە” باسی سێ ژن دەکات، کە هەرسێکیان بە شێوەیەک لە شێوەکان پهراوێز خراون، لێرەدا هەرسێکیان بە دوای خاڵێکی جێگیر و هاوبەشدا لەگەڵ یەکدا دەگەڕێن. ئەم سێ ژنە لە بێدەسەڵاتی نامۆ بوون و تەنیایدا، بە دوای ڕاستییەکانی خۆیاندا وێڵن: پەیوەندییەکانیان ڕۆدەنێنەوە، تێکی دەشکێننەوە، لەبەر ئەوەی بەرگەی ئهوانی تر ناگرن. “لینگەر” زۆر بە زیرەکانە، کارەکتەرەکانی لەنێو چوارچێوە واقیعییەکەدا دەهێنێتەوە دەرەوە و زیاتر لەخەونەنمایشێکیان نزیک دەکاتەوە. دیالۆگی ئەم ژنانە لەنێو ناوەکی و دەرەکیدا دەسوڕێنەوە، لەم ڕووەوە ئەم ژنانە ڕووبەرووی یەکتر دەکاتەوە و بیرکردنەوە و کردارەکانییان بۆ یەکتری دەخەنە ڕوو.
دەرهێنەری نمایشەکە، هەموو شانۆکەی بە فەرشێکی خڕی گەورە داپۆشێوە، هاوکات بارستەیەکی ئێجگار گەورەی بازنەیی، کە لە چەند بەشێکی پێکەوە بەستراو پێک هاتووە، داناوە. ئەم بارستە خڕە گەورەیە، کە سینۆگرافیای نمایشەکە پێک دەهێنێت، سمبولی گشتگری و پێکهوهبوون دەگەیەنێت، لە ڕووە فەلسەفییەکەشییەوە، دەگەڕێتەوە بۆ ئەو هێزە سوڕاوەییە بەردەوامەی نێوان بوون و نەبوون، بەسەر گەردووندا دەیسەپێنێت. ئەم ژنانە لەنێو ئەو بازنەیەدا، کە هەندێک جار تێک دەشکێت، بڵاو دەبێتەوە و فۆرمی جیاواز لەخۆ دەگرێت، دەبێتە بەشێک لەو تێکشکانەی ئەو ژنانە هەستی پێ دەکەن. هەرچەندە ئەوان تەنیا و بەجێهێڵدراون، بەڵام چەندین کەسی تر، کە بەژیان و ڕابردوویانەوە، بۆ نموونە پیاوەکان، دایکان، باوک، کوڕ، مێرد دەردەکەون و وەک سێبەر بەدوایانەوەن و هەندێ جار ڕۆڵی ئەو کەسانە بۆ یەکتر دەبینن.
دەرهێنەر، لەنێو ئەم هەموو ڕووداوەدا، لەنێو خەمی تەنیایی و هەستکردن بە فەرامۆشی، پانتاییەک بۆ ئەم ژنانە دیاری دەکات، تا گوزارشت لە خۆیان بکەن، یەکێکیان میلۆدییەکی تایبەت بە پیانۆ دەژەنێت، ئەوهی تریان سەمایەکی ناوازەمان بۆ دەکات و سێیەمیشیان گۆرانییەکمان بۆ دەڵێت. ئەمەیش شانۆیەک لەناوشانۆدا، بۆ دڵنەوایی یەکتر دروست دەکات.
“وەک ئەوەی بوو”ی یۆن فۆسە، کە لە ساڵی ٢٠٢٠دا نووسیویەتی، باسی ماناکانی ژیانی پیاوێکی پیر دەکات. دەقەکە مۆنۆدرایە و تەنیا ئەو پیاوە پیرە، کە ژیانی تەواو بووە، لەگەڵ ئەوەیشدا دەیەوێت لە ژیاندا بەردەوام بێت، بەرجەستە دەکات. هەرچەندە ژیانی ئەم کارەکتەرە، کە هونەرمەندێکی وێنەکێش بووە، تەنیا تەنیاییەکی تەواو و چۆڵەوانییە، لەگەڵ ئەوەشدا پڕە لە باوەڕ و بەرگری و پەرپەرچدانەوە، کەوتن و هەستانەوە.
پیاوێکی پیر، هونەرمەند بووە و لەنێو مۆسیقادا ژیاوە، بەیانی زوو وەک هەموو ڕۆژانی تر لەخەو هەڵدەستێت. جگە لەوەی بە هەوڵێکی زۆر لە جێگاکەی بەرز دەبێتەوە، هیچ شتێکی تر ڕوونادات. دەقەکە دیدێکی تری بێکیتە بۆ چاوەڕوانی! ئەم پیاوە لە دوا ڕۆژەکانی ژیانیدا، چاوەڕوانی ئەوەیە، کارمەندانی دەزگای بە دەنگەوەهاتنی پیر و پەکەوتەکان سەردانی بکەن. ئەویش دوای ئەو ژیانە، خۆی لە جەستەیەکی پیر و بێ هێزدا دەبینێتەوە، ئەوەی بۆ ئەو ماوەتەوە، تەنیا بیرکردنەوەیە لە مەرگ. چی لەو کاتەی بکات، کە ماوە؟
دەرهێنەری نمایشەکە، ئەم کارەکتەرەی خستۆتە ژوورێکەوە، زیاتر لە کونەگەرگێک، کەلاوەیەک، ژێرزەمینێکی تاریک دەچێت. بێ هیچ دەرگا و پەنجەرەیەک، شتە کۆنەکان لە سوچێکدا کەڵەکە کراون، چەند تابلۆیەک، ڕوو لە دیوارەکان دانراون. هەست بە ژیانێکی بێلانەیی و تەنیا دەکەین. لەم ژنگەیەدا، ئەو هونەرمەندە پیرە دوا مەنەلۆگی ژیانی دەڵێتەوە. ئەم پیاوە دوودڵ و نائارام، ئاوڕ لەو ژیانە دەداتەوە، کە بەسەرچووە. سەفەری ئەم کارەکتەرە بەرەو کەوتن و کۆتایی دەڕوات، ئەوەی ماوە تەنیا چاوەڕوانییە! چاوەڕوانی مەرگ لە کۆتایی وێستگەکەدا؛ ئێمە لە خۆڵ بووین و دەبینەوە بە خۆڵ. پرسیارە فەلسەفییەکەش ئەوەیە، ژیان و بوون چ مانایەکیان هەیە؟ وەڵامەکەیش ئەوەیە، ئەوەی هونەری دایدەهێنێ و دەیخولقێنێ، شتێکی هاوبەشمان پێ دەبەخشێت، کە بۆ هەمیشە لەناوەوەماندا دەنگ دەداتەوە و بەرەو ئەبەدییەتمان دەبات.
ئەم کارەکتەرە لەپڕ لە چەند دیمەنێکدا تەواو بەرگی بێکێت دەپۆشی و دەبێتە “کراپ”ی شانۆنامەی “دواشریتی کراپ” و ئامێرێکی تەسجیلی بچووک دەگرێ بە دەستییەوە، یان دەیکاتە ملی و گوێ لە مۆسیقای “باخ” و هەندێ لەو مۆسیقایانەی تر، کە بەردەوام گوێی لێ گرتوون، دەگرێت. خودی کارەکتەرەکەیش لەو نواندنەی ئەو ئەکتەرە بە ئەزموونەی لەسەر شانۆیە، دەبێتە “هاملێت”ێکی پیر، یان لیری پادشایەک، لەو ژیانە ڕادەمێنێ، کە تێپەڕاندوە و لەگەڵ مەرگ دەدوێ. دەیەوێ جەستەی بکرێتە خۆڵەمێش و بیدەن بە دەم باوە.
نمایشەکە، بە پێچەوانەی ویستی “یۆن فۆسە”ەوە تەواو دەبێ، لە بری ئەوەی ئەم پیاوە پیرە لە دوا وێستگەکانی ژیانیدا لەنێو تاریکیدا بتوێتەوە و دیار نەمێنێت، کە “فۆسە” دەستنیشانی کردووە، دەرهێنەر ژوورەکە بۆ ساتێک بە تیشکێکی سپی بەهێز ڕووناک دەکاتەوە.

