فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

یادێ بۆ دیاری

ناسك نەسیری
شاعیر، بەلژیک

……………….

چ حەسرەتێکی بێ پاساوە
ڕۆیشتنم بە شەقامە پرتەقاڵییە چۆڵەکانی ئەم پایزە
زریوەو زەنگی گەڵاکان لە ژێر پێی خەیاڵدا
لە تابلۆیەکی بێ دەنگی پڕ لە نهێنی دەچێت
لە هەرلایەک داستانێک و هۆنراوەیەکت بۆ دەچڕێت
دڵم مەلوول مەلوول نوسراوە کۆنەکانم دێنێتەوە یاد
چاوشارکێی کۆڵانە تەنگەکان لەگەڵ یار
گۆڕینەوەی نامە و بۆن و دەسەسڕێک
تاس دەمباتەوە و
لەپڕ لە دڵۆپە بارانێک
خەیاڵم دەپچڕێت
دەستم لە بەرۆکم دەنێم و
ئاوێنەکەی کە بۆت نادرم بە دیاری
بەهێواشی دەرم هێنا
کە لێم ڕوانی
وێنەی ماندوێتی ڕووخسارم و
فرمێسکی دووری تۆی پێم نیشان دا
پریاسکەیەک لە ڕێحانەو سمڵ و شەوبۆی ووشک کراوتم لە لایە
سۆێند بەو خوایە بێ هاوتایە
ئێستايش بەنرخترە لەو
گەوهەر و ئەڵماس و زێرەی لە بازاڕی دنیایی ئەمڕۆ
کەعەشقیان پێ بەڵایە
لە نێوانی ئەم دوو زەمەنە جودایە
لەوێ ڕۆحیان پێت دەخشی و ،،، لێرەيش ڕۆحە بێ بەهایە .