فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

تارمایی ئازار

سەلما تۆما کاکۆ
شاعیر، ئەڵمانیا
* * *

 

لەگەڵ ئاوابوونی خۆری ،..
زەردەخەنەی ئاسۆی لێڵی لێوی شاردا
بێ تۆیی تۆم بیردێتەوە
هێور ..هێور
لەتارمایی ئازارەوە
لەگەڵ هەتاوا ڕێ دەکەم
لەسێبەردا بەرەو تۆ دێم
دێم … دەتگەمێ و
لەباوەشت دەگرمەوە
دێم و لە چاوەڕوانیتا
دڵداری لەگەڵ ڕووبار و..
لەڕۆشنایی چاوی
کۆڵانی منداڵیم
گەمان دەکەم!
تا لە ئازاری بێ تۆیی
ژیر دەبمەوە
***
دێم و…دەبینم
لە نیگای چاوی  ماندووت گڕ دەبارێ و
هزر و بیری قەڵەمەکەت
لەڕووپەڕی  چاوەکانما خەواندووە!
لێ بارانی خۆشەویستیت
گڕ کز دەکا و خەمی
دووریت  دەشواتەوە!
***
غوربەت ..، وەرە و…دێم لەگەڵتا
ڕێگای سەختی،..
ژیان و جێژوانی ژوان دەگرم
لەگەڵ تۆدا یاداشتنامەی
عەشق و ئەوین
لە فرمێسکا
بۆ هاواری وڵاتی تۆ دەنووسمەوە!
دێم و… کچانی  سێبەر لە
کوڕانی هەتاو متووربە دەکەم تا
دەبیت بە بەشێك لە (من)!
یادەوەرییەکانی مناڵیت
لە بۆتەی تەمەنی بابردەڵەم
دەتوێنمەوە
***
ــ شیعرێکی غەریب
ــ کۆشێ نامەی دڵشکاو
ئەو نامانەی ، بۆتم دەنارد و..
ئەفسوس نەدەخوێندرانەوە !!
ئازیز .. ئێستایش
لەدوورگەی دڵی وێڵمدا
ــ چرکەکانی چاوەڕوانی !
ــ تارمایی شەوێکی تار
ــ ئاسمانێکی بێ ئەستێرە
ژوان و جێژوانێکی چۆڵ
من دەکەن…
بە پشکۆیەکی بێ خۆڵەمێش!
نە دەسووتێ و نەدەکوژێتەوە
***
من جەستەیەکی تەزیووی
نێو بەستەڵەکی وڵاتێکی دوور و نامۆم !
دوور …دوور
ناگەم بە ژوانی تۆ!
کەی کوا دەکرێ وچۆن دەتوانم؟!
لەسەمای گۆڤەند و شایی نیشتمانی ئەشکی سووردا
قەڵەمێکی یاخیبوو دڵ بدەمەوە !؟
بەڵام هەردێم
لەناختەوە دێمە ژوورێ!
لەچاوتەوە بەرەو زێدی دڵی سپی
لەدایکبوونی شاشیعرێ دێمە ژوورێ !
ژوورێک ..بێشک ، جگە لە من
هیچ کەسی تر ڕووی تێناکا !
بگەڕێ و نەیدۆزێتەوە
ژوورێک …شیبای شیعرێکی نوێ
لە وڵاتی عیشقی بەرینی دڵمەوە
پەنجەرەیەک..
بۆ مێژوو دەخاتە سەرپشت !
دەرگایەکیش،..
لە خامەی خەم دەکاتەوە
خامەی خەمی ژنێکی وێڵ
ڕێگای جێژوانی ژین دەگرێ و..
ڕووەو
دڵی نیشتیمان و
شەقراوەکەی دەیباتەوە !!
***