فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

چەند بیرەوەرییەکم لەگەڵ هونەرمەندی نەمر حەمەجەزا عەلی

 

 

بەکر شوانی

وەرگێڕ و ڕۆژهەڵاتناس، ئەڵمانيا

……………………………

لەم ڕۆژانەدا 15 ساڵ بەسەر کۆچی دوایی هونەرمەندی خۆشەویست کاک حەمەجەزادا تێپەڕی و بەو بۆنەیەوە و بۆ مێژوو باس لە چەند بەریەککەوتنێک دەکەم کە لە چەمچەماڵ و برۆکسێل و سلێمانی لەگەڵ ئەو هونەرمەندە بەهرەمەندەدا هەمبووە:

ساڵی 1977 بوو، لە پۆلی دووەمی سەرەتایییەوە دەرچووم بۆ پۆلی سێیەم و چەند مانگێکیش بوو لە گەڕەکی بێکەسەوە بارمان کردبوو بۆ کۆمەڵگەی جووتیاران (خانووە تازەکان). تا ئەو کاتە نە ناو و نە دەنگی حەمەجەزام نەبیستبوو. برایان کاک دلێر و کاک زێوەر کە لە شوێنی نیشتەجێبوونی نوێمان هاوسێمان بوون، ڕیکۆردەر و کاسێتی چەندین هونەرمەندی کورد و عەرەبیان هەبوو، یەکێک لەوانە کاسێتێکی حەمەجەزا بوو کە خۆشترین گۆرانی ناوی بەلای منەوە “لایە لایە” بوو. کاک دلێر و کاک زێوەر دەمەو عەسران ئەو کاسێتانەیان دەخستە سەر و منیش لە حەوشی ماڵی خۆمانەوە گوێم لێ دەبوو. بەوجۆرە لەو تەمەنی 9 ساڵانەمدا شەیدای دەنگی حەمەجەزا بووم. ڕۆژێکی هەمان هاوین دەنگۆ بڵاو بووەوە کە لە دایەرەی گومرکی چەمچەماڵ ئاهەنگێک سازدەکرێت و حەمەجەزاش بەشدارە. نازانم چی بۆنەیەک بوو. من قەڵەمباز خۆم گەیاندە ئەوێ و سەرباری تکا و پاڕانەوەی من و چەند مندساڵێکی تر، دوو پۆلیسەکەی بەردەم دەرگای هۆڵ ڕێگەیان نەدا بچینە ژوورەوە. ناچار لە پەنجەرە باریک و درێژەکانەوە سەیری ناو هۆڵەکەمان کرد و من دانیشتووانێکی زۆرم دی کە چەپڵەیان لێ دەدا و نیوەی جەستەی حەمەجەزاشم بینی قاتێکی شاڵی کوردی پۆشیبوو و کلێتەی لەسەر نابوو. بە سەیرکردن لە پەنجەرەیشەوە ڕازی بووین، بەڵام یەکێک لە پۆلیسەکان لەناکاو بە تووڕەیی و جنێودان و شوولێکەوە کەوتە ڕاونانمان. ئەم یاریی مشک و پشیلەیە تا تەواوبوونی ئاهەنگەکە درێژەی کێشا و پاشماوەی ئەو ڕووداوەم لە بیر نەماوە.

نیوەی یەکەمی ساڵانی 1980 کاتێک لە باخەکەی سەرەوەی چەمچەماڵ (باخەکەی مام نەریمان) کاتێک سەرقاڵی خوێندنی بابەتێکی قوتابخانە بووم، لەپڕ نیگام سەر شەقامی گشتیی کەرکوک-سلێمانی کە لەو سەردەمەدا بە کەناری باخەکەدا تێدەپەڕی و چاوم لێ بوو لادایەک هێواشی کردەوە و ڕاوەستا و پیاوێکی چاکەت و پانتۆڵ لەبەر و سەرقژنی لێ دابەزی. ڕەنگی لاداکەم لەبیر نەماوە، بەڵام چاکەت و پانتۆڵەکە سەوزی کاڵ بوو. چونکە ئەو کاتە ئیدی چەند ساڵێک بوو ئامێری تەلەڤزیۆنمان هەبوو و ناوبەناو گۆرانییەکانی حەمەجەزای پەخش دەکرا، یەکسەر ناسیمەوە. بەڵام لە جێی خۆم وشک بووم و نازانم بۆچی نەچووم بۆ لای. ئەو دابەزی و بە نووکی پێڵاوەکانی لە هەر دوو تایەی پێشەوەی ئۆتۆمبیلەکەی دا، پاشان سەرکەوتەوە و سلفی لێ دا و بە ئاراستەی کەرکوک ئاژۆتی.

دواجار و لە بەهاری ساڵی 1999دا لە مێدیا تیڤی لە بەلجیکا بۆ یەکەمجار و ڕووبەڕوو بە دیداری کاک حەمەجەزا شاد بووم و باسی ئەو دوو بەسەرهاتەی سەرەوەم بۆی گێڕایەوە و زۆر پێکەنی و گوتی: “ئێ باشە ئەوە لە ئاهەنگەکە پۆلیس ڕێگەی نەدا، ئەی بۆچی کە لە چەمچەماڵ سەیارەکەم ڕاگرت، نەهاتی بۆ لام؟

زستانی ساڵی 2005 لە دەزگای سەردەم لە سلێمانی بۆنەیەک هەبوو. دوای دەرچوونمان لە هۆڵەکە دیسان و بۆ دوایین جار کاک حەمەجەزام بینییەوە. بە ڕووی بەخەندە و قسەی خۆشەوە باوەشی بۆم کردەوە و یەکمان لە ئامێز گرت و لوتفی زۆری نواند. دوو بەسەرهاتەکەی سەرەوەی لە بیر نەچووبوو و بە پێکەنین و قسەی خۆشەوە ئاماژەی پێیان دا.

ڕوحی کاک حەمەجەزا شاد و ئاسوودە بێت و منداڵ و نەوەکانی تەندروست و تەمەندرێژ بن.

وێنەکە: برۆکسێل، نەورۆزی 1999، لە ڕاستەوە:

بەکر شوانی، شێرزاد جەزا، ئاکۆ عومەر، مامۆستا وریا ئەحمەد، ڕەوانشاد کاک حەمەجەزا، کاک حسێن ڕەهبەر، شازاد جەزا، گۆران کامیل، سیروان رەحیم.