عەبدوڵڵا سەڕاج
نووسەر و ڕۆماننووس، سويد
………………………….
ئەو ناوەی سەرەوە دروستکراوی بەندەیە، چونکە سەرمایەدارێکی ئەمەریکی ڕووی لە هەرێم کرد و، لە قەڵای هەولێر باخچەیەکی گنج و ناوازەی دروستکرد، لە هەمان ئەو جێیەی کە هەزاران ساڵ لە مەوپێش پەرستگای چوار خواکان بووە ( ئەرپائیللو) . ئەوجا ئێستا جڵەوی ئاخاوتان دەدەمە مەیمونێکی ئەو باخچەیە بۆتان بدوێ.
گوتی: لەبەر بارودۆخی سەختی ئابوری و نەبوونی کار و دامەزراندن ناچار بووم بە هۆی وەرگێڕەکەیەوە دیمانەی ئەو سەرمایەدارە بکەم . لەوێ پێمی وت مەیمونەکەم مردووە و لەش و لاری جەنابتش زۆر گونجاوە کە ئەم کەوڵی مەیمونە بپۆشی و ڕۆڵی مەیمون لە ناو قەفەسەکەدا بگێڕی. دوو خاڵیشی خستە پێش چاوم یەکەمیان نابێ ئەم نهێنییە بدرکێنیم دووەم وریا بم لە بازداندا نەکەومە یەکێك لە قەفەسەکانی تەنیشتمەوە . ئیتر زۆر کەیف حاڵ بووم بە مووچەی حەفتانەکەم بێجگە لەوەيش ڕۆژانە لە نێوان درزی داری قەفەسەکەمەوە مۆز و میوەیان بۆ درێژ دەکردم و هانی هەڵبەز و دابەز و تەقڵەلێدانیان دەکردم و ناو بە ناویش خۆم بەو شیشانەوە هەڵدەواسی و بەم لاو بەو لا بازمدەدا. ئەم ڕۆژەم هەرگیز لە یاد ناچێت کە لەسەرەوە بووم بازێکی گەورەمدا و هەندەم زانی کەوتومەتە قەفەسێکی تەنیشتمەوە . ها کا نەڕە شێرێک سەنگین سەنگین بەرەو لام هات تۆقیم و میزم بە خۆما کرد و بوورامەوە نەمزانی ماوەی چەندی خایاند کە هەستم کرد دەستێك چەناگەم دەجووڵێنێت و دەڵێت : مەترسە مەترسە منیش وەکو تۆ بەکرێ گیراوم کە ڕۆڵی شێر دەبینم ئەوەيش بزانە کە دڕندەی ناو قەفەسەکانی دیکەيش پڵنگ و ورچ ، کەمتیار و گورگ ، گشتیان وەکوو ئێمە بەکرێ گیراون منیش بە زەلامە مەیمونەکەم گوت: ئەو پەرستگای چوار خودایە ئێستا لە کوێیە سەری لەقاند بە واتای نازانم گوتمەوە : بە چاوی خۆم دیومە هەر چوار پەیکەرە بەردینەکان و خشتە مەڕمەڕ ە نووسراوەکان لە شیوێکدا پەرت و بڵاوبوونەوە لە نێوان کێوە ڕەش ( قەرەداغ) و ئاوایی ( پساکان) .
خوێنەرانی هێژام ئەم بابەتە ڕۆمانێکم دێنێتە یاد کە دەیان ساڵ لەمەوبەر ( دکتۆر جیکڵ و مستەر هاید) . ئەم پزیشکە تاقیکردنەوە لەسەر خۆی دەکات و لە ئەنجامدا لە شەوان تووشی بەدگۆڕان ( میتامۆڕ فۆسز) دەبێت ئەوجا ناو بە ناو نیوە شەوان کەڵبە و نوخانەکانی درێژ دەبن و لەشی تووکن دەبێ وەکوو دڕندەیەك دەردەکەوێت ، ئەوجا هەتا گزنگی بەیان بە دوای نێچیر دەگەڕێ.
ئازیزانم ئەم ڕۆمانە فەنتازیایەم بە فلیمیش بینیوە نووسەری ئەم شاکارە ڕۆبێرت لویس ستیڤنسۆنە و وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی کوردیش

