فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

شمشاڵەکەی (قالە مەڕە) وەک هێمای ئازارەکانی نەتەوەیەک: لە دوو هایکۆی (مەهدی فاتیح) دا

 

دکتۆرئازاد باخەوان
مامۆستای زانکۆ، کەرکووک نووسەر

………………………………

هایکۆ شیعرێکی کورت و پوختی ژاپۆنییە کە پابەندە بە پێکهاتەیەکی دیاریکراوەوە (زۆرجار ٥-٧-٥ بڕگەیە )، بەڵام تین و گوڕی ڕاستەقینەی هایکۆ لەوەدایە ،کە توانای وێنە گرتنی چرکەساتێکی سەرسوڕهێنەری ( هاوئاهەنگی ) یان ( دژیەکی ) نێوان توخمە سروشتییەکان یاخود هەستەکانی مرۆڤی هەیە . هایکۆ پشت بە ئاماژە و گۆڕانکارییە قووڵە مێتافۆرەکان دەبەستێت، ئەمەش وایکردووە کە هایکۆ دەروازەیەکی بچووک بێت بۆ سەر دەریایەکی قووڵی بێ بنی واتا … !
هایکۆی یەکەم :
دڵی نابوو بە لێوییەوە ،
ئاوازی خەمی دەچۆڕاند ؛
– قالە مەڕە –
لەم هایکۆیەدا کردەی گۆڕینی بوونگەرایی بە ئاشکرا دیارە، بەو پێیەی کە تەواوی خود ( جەستە ) دەبێتە ئامێرێکی مۆسیقی ، واتە بە مادەکردنی جەستەیە . لێرەدا شاعیر کە باسی دڵ دەکات ، تەنها وەک ئۆرگانێکی بایۆلۆژی باسی ناکات ، بەڵکو وەک ڕەمز و هێمای هەست و سۆز و خۆشەویستییەکی پاک و سەرچاوەی حەقیقەت لێی دەڕوانێت … ! کاتێک ( قالە مەڕە ) ، دڵ دەخاتە سەر لێوەکانی ( لە جیاتی شمشاڵەکەی ) بۆ ژەنینی ئاوازێکی خەماوی ، هەموو جەستە ڕاستەوخۆ لەم ئاوازەدا بەشدار دەبێت و یەکگرتنێکی جەستەیی و ڕوحی بەرجەستە دەبێت …! لەم وێنەیەدا شمشاڵ ژەنیین بە تەنها کارامەیییەکی تەکنیکی نییە بەڵکو وەرگێڕانی ڕاستەوخۆی ترپە و ئازارەکانی ناخی مرۆڤایەتییە …! ئەم هایکۆیە نهێنییەکانی ڕۆح ئاشکرا دەکات، شیعر دەکاتە کردەیەکی ڕاستگۆیی قووڵ کە تیایدا هەموو جەستە و بوونی مرۆڤ بەبێ بەربەست دێنێتە قسەکردن و ئاخافتن … !
لە دێڕی دووەمی ئەم دەقەدا ؛
ـ ئاوازی خەمی دەچۆڕاند
وشەی ( چۆڕاندن ) جێی سەرنج و تێبینییە …
بەکارهێنانی وشەی ( چۆڕاندن ) بۆ وەسفکردنی ئاواز دەرگایەکی واتایی جیاواز و گەورەمان بۆ دەکاتەوە ؛ چونکە ( چۆڕاندن ) تەنها کردەیەکی سەرپێی نییە، بەڵکو کردەیەکی دەرونی ناخی مرۆڤە ، کە لەسەر بنەمای وردبینی و تێڕامان هاتۆتە ئاراوە . ( چۆڕینی ئاوازی خەم ) هێدی هێدی وەک ئەوە وایە چۆن کەسێکی زۆر تینوو بیەوێت دڵۆپ دڵۆپ چێژ لە تامی ئاو بدینێت ، تام و لەزەتی لێ وەرگرێت تاوەکو تینوێتی بشکێت …! بەم شێوەیە خەم دەگۆڕێت بۆ خواردنەوە و بەرجەستەی دەکات …!
یاخود دەتوانیین بڵێین خەم و ئازار دەبێتە ئاوازێک کە سنووری دەنگ تێدەپەڕێنێت و دەبێتە خواردنەوەیەکی گیانی و ( قالە مەڕە ) مەست و حەیران دەکات …! لێرەدا شاعیر دەیەوێت لە ڕێگای ئاوازە پڕ جۆش و خرۆشەکەی ( قالە مەڕەوە ) خەمی نەتەوەیەک بخاتە ڕوو ..!! یاخود دەتوانیین بڵێین ئازارە نەبینراوەکانی هەر تاکێکی نێو ئەم نیشتمانە لە وێنە چرکەساتییەکەیدا ( ژەنیین و چۆڕینی خەم ) بەرجەستە دەکات … ! چونکە ( قالە مەڕە ) وەک هێماو ڕەمزێک بەکارهاتووە بۆ گێڕانەوەی چیرۆکی پڕ لە نەهامەتی و خەم کوڤانی نەتەوەیەک …!
هایکۆی دووەم :
جگەری کونکونی خۆی ،
کردە شمشاڵ ؛
– قالە مەڕە –
لەم وێنە چرکەساتییەدا جگەر یان ( جەرگ ) وەک میتافۆرێک بەکارهاتووە بۆ دەربڕینی ئازار و خەم و پەژارەی میللەتێک ، چونکە لە خەیاڵی کورددا جگەر تەنیا ئەندامێکی ناوەوەی جەستە نییە، بەڵکو شوێنی ئازار و ناڕەحەتییە ، هەر کونێک لە جەرگ نیشانەی خەمێکە …! بۆیە کورد دەڵێت ( ئەوەندەی خەمی لێ دەخۆم جەرگم کونکون بووە …! ) ، جێی سەرنجە جەرگی کونکونی پڕ لە ئازار نیشانەی مردن نییە، بەڵکو شوێن و جێگای برینی نوشتەری خەم و ئازارە ،…! کەواتە شاعیر لێرەدا میتافۆری جەرگی کونکونبووی میللەتێک دەکات بە شمشاڵ و ئازارەکانی پێ دەردەبڕێت …! واتە برینەکانی جەرگ دەبنە کونی شمشاڵی ( قالە مەڕە ) بۆ دەربڕینی بەسۆزترین و بە ئازارترین ئاوازی خەم و پەژارەی میللەتێک …!! بەمجۆرە شاعیر بەشێک لە جەستەی مرۆڤ دەکاتە ئامێری ژەنیین بۆ دەربڕینی خەمەکانی مرۆڤ و مرۆڤایەتی …! بەو مانایەی جەرگی کونکون دەبێتە وێنەیەکی گشتی بۆ هەموو مرۆڤایەتی … !
لە ڕاستیدا ئەم دەقە دەقێکی کراوەیە و دەکرێت چەندین لێکدانەوەی جۆراوجۆری تری واتایی بۆ بکرێت …
سەبارەت بە وشەی ( کونکونبوون ) ، دەشێ بوترێت کلیلێکی فەلسەفییە لەم هایکۆیەدا . چونکە ( کون ) بەزۆری نیشانەی لاوازییە، بەڵام لە ئامێرە هەواییەکاندا ، کون نهێنی دەنگە … ! هەرچەندە کونکونبوون وەک کەموکورتییەک هەستی پێدەکرێت، بەڵام دواجار دەبێتە مەرجێکی پێویست بۆ بەرهەمهێنانی ئاوازی هەمەچەشن … ! وەک ئەوەی خەم و ئازار ئەو شتە بێت کە ڕەهەندی جوانکاری و ڕۆحی بە ( شمشاڵ ) ببەخشێت …!
واتە جەرگی کونکونبوو دەبێتە وێنەیەکی گەورەی مرۆڤایەتی ، کە تەنها بەهۆی ئازارەکانییەوە پێکدێت … چونکە کونبوون نابێتە هۆی لەناوبردن و سڕینەوەی جگەر ، بەڵکو گوڕو توانایەکی تری پێ دەبەخشێت بۆ بەشمشاڵکردنی ، تاوەکو لەگەڵ ژیاندا دەنگدانەوەی هەبێت …!
لە ئەنجامی خوێندنەوەی ئەم دوو هایکۆیەدا ئەوەمان بۆ دەردەکەوێت ، کاتێک خەم و ئازاری تاکەکەسی دەبێتە هونەر، ئەوا تێکەڵبوون و توانەوە و شۆڕبوونەوەیە بۆ ناو کۆمەڵگا . لەم دوو هایکۆیەدا خەم و ئازاری کورد دەبێتە یادەوەرییەکی گەورەتر و بە شمشاڵەکەی ( قالە مەڕە ) ئازارەکان دەبن بە شوناسی نەتەوەیی . بۆیە بەلای ئێمەوە ، ئەم دوو دەقە تەنها وێنەیەکی شیعری نییە ، بەڵکو هەڵوێستێکی فەلسەفییە ، بەوەی کەڕزگاربوون و ئازادی بە شاردنەوەی خەم و ئازارەکان ناهێتەدی ، بەڵکو گۆڕینی خەم و ئازارە بۆ ئاوازێکی پڕ لە سۆزی دەربڕاو ، بۆ ئەوەی ببێتە ئاسەوارێکی مرۆڤایەتیبوونی مرۆڤ و بۆ هەتاهەتایە لە یادەوەریدا بمێنێتەوە … !
کورتەیەک لە ژیانی ( قالە مەڕە ) :
قالە مەڕە، ناوی تەواوی قادر عەبدوڵڵا زادەیە، لە ساڵی 1925 لە گوندی کولیجەی سەر بە بۆکان لە رۆژهەڵاتی کوردستان لەدایکبووە و هەر زوو لە تەمەنی منداڵیدا دایک و باوکی لەدەستداوە؛ بەهۆی ئەوەی منداڵێکی هێمن و لەسەرخۆ بووە، نازناوی (قالە مەڕە)ی لێنراوە.
قالە مەڕە لە منداڵیدا شوان بووە و ژیانێکی سەختی بەڕێکردووە، بەڵام شمشاڵەکەی کە بە رێکەوت پێی ئاشنابوو، وایکرد لەگەڵ ئازارەکانیدا هەڵبکات.
ئەم شمشاڵژەنە بەتوانایە لە کۆڕی خەباتدا بەشداربووە و لە ساڵی 1945ـدا پەیوەندیی کردووە بە کۆماری کوردستانەوە.
لە ساڵانی پەنجاکاندا، قالە مەڕە لە رادیۆکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دەیان ئاوازی رەسەنی کوردی بڵاوکردەوە، دواتر چەندین ساڵ شمشاڵی بۆ هونەرمەندی گەورەی کورد، حەسەن زیرەک ژەنیوە و هێندەی تر هەمووان بە بەهرە و تواناکانی ئاشنابوون.
ئەم شمشاڵژەنە ئەفسانەییە لە شەوی پێنجشەممە، لە 21ـی ئایاری 2009، لە تەمەنی 84 ساڵیدا بە نەخۆشی لە بۆکان کۆچی دوایی کرد و لەسەر وەسێتی خۆی لە پەنای گۆڕی حەسەن زیرەک بەخاک سپێردرا.

تێبینی / ژیاننامەی هونەرمەند ( قالە مەڕە ) و وێنەکەی بە سوپاسەوە لە پەیجی ( هەورامان نیوز )ەوە وەرگیراوە.