سەردار نۆڕێ
نووسەر، گەرمیان
………………….


دووهەمین دیوانی هایکووەکانی “سەردار نۆڕێ” بەناونیشانی “کرۆکی تیشک” لە خولی حەوتەمین (پێشانگەی نێودەوڵەتیی سلێمانی بۆ کتێب) ڕۆژی ٣/ ١٠ – ١٣/ ١٠/ ٢٠٢٥ بڵاو دەبێتەوە و دەکەوێتە بەردەستی خوێنەران.
ئەم کتێبە (کرۆکی تیشک) لە دوای “کەوتنەخوارەوەی مەراق- نووسیار ٢٠١٩”، دووهەمین دیوانی هایکووەکانی “سەردار نۆڕێ”یە. لە ناوەوە چوار کتێب لەخۆ دەگرێت، لە دووتوێی ٧٠٤ لاپەڕەدایە، ١٢٧٠ دەقی هایکووی تێدایە، دیوانەکە ژمارە (٦١)ی وەرگرتووە لە زنجیرەی بڵاوکراوەکانی وەشانخانەی (نووسیار) بۆ پاییزی ٢٠٢٥.
هایکووەکانی ناو ئەم دیوانە، لە ناوەڕۆکیدا دابەش کراون بۆ چوار کتێب:
کتێبی یەکەم: ڕژانی گزنگ (١٧٤ هایکووی سروشت).
کتێبی دووهەم: گوشینی زمان (٣٣٦ هایکووی مرۆیی).
کتێبی سێیەم: ڕامان لە زریوەی ئەڤین (٤٧٠ هایکووی عیشق و ئەوینداری)
کتێبی چوارەم: گەوزاندنی گڕ (٢٩٠ هایکووی ئیرۆتیکی و…هتد).
هەروەها لەگەڵ پێشەکییەکی تێروتەسەلدا، لە پێرستی کتێبەکەدا هاتووە:
-هایکوو شەرابی برنجەکەیە نەک چێشتی برنجەکە.
-هایکۆ یان هایکو یان هایکوو (بۆچی دەبێت بنووسین هایکوو؟)
-گەیشتم بە مێژوویەکی دوورتری وشەی هایکوو، لە ئەدەبی کوردیدا.
-یەکەمین هایکوونووسی کورد کێیە؟ یەکەمین کتێبی هایکوو، کامەیە؟
-هایکوو؛ خوێنەر و گوێری هایکوو.
هەروەها لەکۆتایی کتێبەکەشدا فەرهەنگۆکێکی (٢٧٧) وشەیی هەیە، بۆ ماناکردنەوە و لێکدانەوەی هەندێک لەو وشە و ناوانەی کە لە هایکووەکاندا هاتوون.
لە سەرەتای پێشەکیی کتێبەکەیدا، نۆڕێ نووسیوێتی: (کرۆکی تیشک) لە ناوەوە چوار کتێبە، کە ئێستێ لە بەردەستی تۆی خوێنەری هێژایە، بەرهەمی شەش ساڵ نووسینە؛ بە وردی و جدی و ئارامی و نەفەسدرێژییەوە. شەش ساڵ لە خوێندنەوەی چڕ و تێڕامانی ورد، هەروەها قووڵبوونەوە بەناو ڕووح/ڕۆحی نووسین و کارکردنی دەرزیلەیییم لە دەقەکانمدا. هاوکات فرە گرنگیدانم بەوەی ئەم هایکووانە بەجۆرێ بنووسم کە هەم مۆدێرنیزەکردن بیت لە هایکوودا و گۆڕانکاریی گەورە و فراوانتر بێت لە هایکووی کوردیدا و هەمیش پەیوەندییەک بیانبەستێتەوە بە جیهانەوە، لە ڕووی بەرەوپێشچوونی ئەزموونی شیعر و هایکووەوە لە پاش “نیوەی یەکەمی سەدەی بیستویەکەم” و ئەزموونی گڵۆباڵەوە. دڵخۆشم بەوەی کە لەم شەش ساڵەدا ئەسپی هایکووم لە گۆڕەپانێکی بەرینتردا تاو داوە.
هەروەها دەڵێت: لە کاتی خوێندنەوەی ئەم کتێبەدا (کـــــرۆکـــــی تـــــیـــــشـــــک)، هیچ هایکوویەک ئاسان تێمەپەڕێنە، ڕاگوزەر بە سەر هیچ دەقێکدا مەڕۆ، سەرپێیی مەڕوانە لێی/لێیان. چونکە بە وردی کارکراوە لەسەر هەر وشەیەک و ڕستەیەک (بە تەکنیک) تا بە دروستی لەجێی تەواوی خۆیدا بێت. هەر هایکوویەک لەمانە، پێویستیی بە لەسەر وەستان و زیاد لە سێ-چوار جار خوێندنەوە هەیە، تا بگەیتە چەند مانایی دەق و چەند ئاست و چین و ئاستی قووڵتری هایکوویی، کە بە چڕیی زمانی و وردیی وێنەیی کاریان لەسەر کراوە. هەر وشە و پیتێک (تا خاڵبەندییش) بە ئەنقەست و بە مەبەست دانراون. وەک چنینی شانەی هەنگ کاریان تێدا کراوە. جا بە خوێندنەوەی وردی ئەمانەش، دەگەیتە ئەوەی کە هایکووی کوردییش، بە زمان و بیرکردنەوەی کوردی و داڕشتنەوە و تەکنیکی کوردییانە، دەتوانێت هاوسەنگیی ئەدەبی لەگەڵ هەر ژانر و تەکنیک و فۆرمێک لە ئەدەبی جیهانییدا، بکات.
هایکوو؛ ماوەی سەدەیەک دەبێت وەک فۆرمێکی شیعری لە جیهاندا بڵاو بووەتەوە و شاعیرانی زۆرێک لە وڵاتان بە زمانی خۆیان دەینووسن. هایکوو مێژوویەکی دێرینی هەیە لە ئەدەبی ژاپۆنیدا و زیاتر وەک ژانرێکی ئەدەبییە لە لایان. خاوەنی چەند مەرج و تایبەتمەندییەکە بۆ نووسین، بەڵام بەپێی سەردەمەکان هەندێک گۆڕانکاریی بەسەردا هاتووە، بەتایبەتیی پاش بڵاوبوونەوەی وەک فۆرمێکی جیهانی لەناو زمانەکانی تردا گۆڕانکاریی تێدا کرا. لەئێستادا هەر وڵاتێک و هایکووی خۆی هەیە و بە زمان و شێوازی گونجاو لەگەڵیدا دەینووسن، وەک هایکووی ئینگلیزی و هایکووی فەرەنسی و سویدی و دانیمارکی و ئیسپانیۆلی و هایکووی عەرەبی و فارسی و…هتد. چەند ساڵێکە هەندێک لە شاعیرانی کوردیش (وەک هایکوونووس) هایکوو دەنووسن و بەپێی گونجاویی لەگەڵ تایبەتمەندییەکانی زمانی کوردیدا، خەریکە شێوەی کوردییانەی پێ دەبەخشن. دەکرێ بڵێین ئێستا ئێمەش خاوەنی هایکووی کوردیین.
هایکوونووس و شاعیر و شێوەکار؛ “سەردار نۆڕێ” ساڵی ١٩٨٥ لە کەلار لەدایک بووە، دەرچووی بەشی شێوەکارییە لە پەیمانگەی هونەرەجوانەکانی خانەقین. مامۆستای پەیمانگەی هونەرەجونەکانی کفرییە. لە ساڵی ٢٠٠٥ەوە شیعر دەنووسێت و لە ساڵی ٢٠١٥ەوە تێکەڵی هایکوو بووە. لە ساڵی ٢٠١٧ەوە بەڕێوەبەری یانەی هایکووی کوردییە. خاوەنی سێ کتێبی چاپکراوە.
١- پۆرترێتی ئەندێشەکانی فڕین- شیعر و قەسیدە و پۆستەرەشیعر ٢٠١٤ چاپخانەی تاران.
٢- کەوتنەخوارەوەی مەراق- دیوانی هایکوو- چوار کتێبە لە کتێبێکدا، بڵاوکراوەکانی نووسیار ٢٠١٩.
٣-کرۆکی تیشک- دیوانی هایکوو- چوار کتێبە لە کتێبێکدا، بڵاوکراوەکانی نووسیار ٢٠٢٥.

