فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

«شەوانی دوای خۆر»

دەریا ھەورامی
شاعیر، سلێمانی

……………..

ئـەو شەوە ساردانەی
خۆر و مانگ دەچنە ژوانەوە
خۆر سپێدەی لەبیر دەچێتەوە
ئیدی گوڵەبەڕۆژەی ملکەچ
لە چاوەڕوانی خۆری مەستدا،
لە ڕۆژە شین باوەکەدا،
شین دەگێڕێ و ..
شەوانیشی شەوارەی بەربوونەوە..
دەریایش لە پێواردا،
شەپۆل دەدا و
بەدەم ورینگە ورینگەوە دەڵێ:
ئەی خۆر
گەر دەتزانی گەرمیت ناگاتە من
بۆچی ڕاتموساندم؟
بۆچی هەڵماندت بەرامەی خاک و
هەوراندت چاوە ئـەویندارەکانی ئاسمان؟
ساردتـر لـە دڵی خۆر و
بێنازتر لەو فرمێسکانەی
دەڕژێنە دەریـاوە؛
دییە ئەبڵەقەکەی
ئەو منداڵە بێ باوکەیە،
کە ئێوارەیەکی سارد،
لە سووچێکی چۆڵ و کپی،
کۆڵانە تەزیوەکەیاندا
پێشوازی و پێکئاڵانی
بـاوک و هاوڕێکەی دەبینێ!