فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

بۆچی دەژین؟ کەمردن ڕێگەمان بێت!

 

دکتۆر شادان عەلی

نووسەر و نيگارکێش، سلێمانی

………………………

ئای لەم ژیانە دڵڕەقە؛ هیچ ئاگای لەخورپەی دڵەکان نیە.

وەکو گیزەی مێشێک و هەڵکردنی ڕەشەباییەکی بەهێزو داگیرسانی جگەرەیەک بەخەیاڵی خەمی دەوروبەرەکەیشیدا نایات.

ڕاکەڕاکی ڕۆژگارو هیلاکی و ماندوو بوون، هیچ لەبابەتەکە ناگۆڕدرێت ، ناهێڵێت پشویەک وەربگرین، لەپڕ بێگوێدانە دڵی بەتەمەنەکان و نەخۆش و منداڵ و گەورەو بچوکەکان، خۆی دەخزێنێتە ماڵەکان و حەزی لەکێ بێت لەگەڵ خۆی ڕاپێچی دەکات و دەیبات.

منداڵەکان بێ باوک بەجێدەهێڵێ و کچەکان بێ براو ژنەکانیش بێ هاوسەرو پیاوەکانیش بێ دایک و هاوژین، بەتەمەنەکانیش جەرگ سوتاو دەکات.

ئازیزەکانمان بەدرێژایی تەمەن ناهێڵن تاڵێک موو بێتە سەر چاوەکانمان .

ئەوەندە ئازیزن وەکو گیانی خۆیان دەمانپارێزن.

کەچی مردن لەهەر کون و قوژبن و کەلێنێکەوە بێت، دێتە ژوورەوە. هەموو شتێک ژێراو ژوور دەکات.

نازەکان دەپوکێنەوە، دڵەکان توند و ڕۆحەکان دەگوشرێن و پێکان بە خەیاڵ هەنگاو دەنێن و وێنەکانیش لەناو چاوەکان ناسڕێتەوە، دەنگێکیش بەدرێژایی تەمەن لەناو گوێکان دەمێنێتەوەو دوبارە نابێتەوە.

تاهەتایە بەحەزرەتی بینینەوەیان دەمێنینەوە. غیاب بوونیان تەواو بێتاقەت و بێهێزت دەکات.

ڕەنگەکان دڵ ناکەنەوە، خواردنەکان تام و بۆیان نامێنێت و دانیشتنەکانیش بۆ هەمیشە دەبێتە ماتەم … پێکەنینەکانیش دەبنە فرمێسکی هێمن و ئارام دێنە خوارەوە، دڵیش لە کێشانی ئازاردا هەرئەوەندە نیە بوەستێت.

لەکۆتایدا ژیانی هەموان دەبێتە چرایەکی بێ هیواو بێ سوتوو خامۆش دەسوتێت.

ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ