فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

پێ…قاچ….لاق ..

 د.مستەفا زەنگنە

نووسەر، هەولێر

…………………..

(پێ، لاق،قاچ)، پێ یان قاچ،ئەوبەشەیە کە دەکرێتە پێڵاوەوە، لاقیش لەسەرووی قاپە ڕەقەوە تاوەکوو شوێنی فریشک پێی دەگوترێت لاق.. بەڵام لەهەندێ شوێنا جێی یەک دەگرنەوە.

ئەم سێ وشەیەيش کاریگەریی زارەکانە لەدەوڵەمەندکردنی وشەی هاو واتاو،فەرهەنگی زمانە شیرینەکەمان.

پێ، بەشێکی گرنگی جەستەی مرۆڤە کە لەسەری ڕادەوەستێت و هەنگاوەکانی ڕێگای ژیانی پێ دەبڕێت.

هەموو پێیەک لەڕووی درێژی و پانییەوە، ژمارەی بۆ دانراوە،دەتوانم بڵێم تاکە ئەندامە، لەهەموو جیهاندا ژمارەکانیان کەچوون یەکن و هەمان پێڵاوی ئەوپەڕی دنیا بەپێیان دەکات. پێ بەپێی سەردەمە جیاکان و نەتەوە جیاکان، سیفەتەکانی جوانییان دەگۆڕێت، لەسەردەمی یۆناندا ئەو پێیە جوان بووە کە پەنجەی دووەمی تەنیشت پەنجە کەڵە لەوانی کە درێژ تربێت، لەسەردەمی ئیمباتۆرییەتی چیندا پێی بچووک شاهانە بووە هەرژنێک پێی گەورەبایە بازاڕی کزبوو،،بۆیە لەمنداڵییەوە کچان پێڵاوی ئاسنینیان لەبەردەکرا، تاپێیەکانیان بچووک بن، لەناو کوردا، پەندێک هەیە دەڵێ..پێی بچووک دەوڵەتە، پێی گەورە نەگبەتە.،یان لەهەندێ ناوچەدا دەڵێن..سەری گەورە دەوڵەتەو پێی گەورە نەگبەتە،،کەواتە لای نەتەوەی کوردیش، پێی بچووک پەسەندە، بەتایبەتی لای خانمان.

هەروەها جۆری پاژنەی پێ یەکێکە لەسیفاتەکانی جوانیی پێ..

یەکێک هەڕەشە بکات دەڵێ:- پێت دەشکێنم.یان پێت دەبڕمەوە…کەواتە لەجووڵەت دەخەم.

هەروەها دەربڕینی :- کاکە پێت لێمان بڕیوە،، وەکوو ئیدیۆم بەکاربراوەو واتای ئەوەیە، ئێستا سەردانی و هامشۆمان ناکەیت..

پێ خوار دامەنێ.. کەواتە کاری خراپ مەکە.

کورد دەڵێ:- پێ وقدوومی بەخێرە،،یان پێی قدوومی موبارەکە،یان پێ و قدوومی بەخێرنەبوو..

هەروەها،ئەم دڕکە لەپێت دەردێنم، کەواتە عیلاجت دەکەم وناهێڵم بەسەرتەوە بڕوات.

هەروەها پێ بۆتە ماکی داڕشتنی وشەی نوێ،بۆنموونە:-

پێ پیلکە ناوێکە،لەوشەی پێ داڕێژراوە، بەواتای، پەیژە، گەرچی دوو شتی جودان.

پاوەن، پەی زەن.پاوەنە،پابەندبوون..پایە دار. پایەی خانوو، پاو دامان، پاو پووز، پاوان،شوێن پێ. پێ داگرتن، پێلێنان،

پێ لێهەڵگرتن،پێ لێداگرتن، سێ پێیی، پێهەڵبڕین …..هتد

ئەم وشەو دەربڕینانەو دەیانی دی، بەڵگەی ئەوەن کە پێ، بەشێکی گرنگە و دەبێ تاک بیپارێزێت، مرۆڤ گەردڕکێک بچێت بەپێیدا، ڕێکردنەکەی سەخت دەبێت، تەنانەت لە لای چینییەکان، بنی پێی مرۆڤ بەنەخشەی جەستەی مرۆڤ دادەنرێت و هەربەشێکی بنی پێ هەواڵەکانی ساغ وسەلامەتی و نەخۆشییەکانی دڵ و کلیەو جگەرو هەناو، لەڕێگای ئەونەخشەیەوە دەسنیشان دەکرێن، بۆیە لە ئێستادا شێلانی بنی پێ…مەساج .. ڕێگایەکی باوە بۆتەندروستکرنی بەشەکانی جەستەی تاک و ڕەوانەوەی ماندوو بوونی لەش.جالێرەوە، دەمەوێ بڵێم،:-بڵێی پێ وقدوومی هەڵبژاردنی ئەمجارەی کوردستان بەخێر بکەوێتەوە، یان سەرلەنوێ، کۆمەڵێ خاوەنی پێی گەورەو نەگبەت دەردەچن ، کەزوربەیان نەکوردی دەزانن، نەعەرەبی دەزانن، نەدەزانن تەمەنی هەنگ چەندە، نەدەزانن هەولێر پایتەختی کوێیەو سلێمانی پایتەختی چییە، نەدەزانن چاخانەی مچکۆو چاخانەی شەعب و کتێبخانەی کارێز جێگای کام چینی کۆمەڵگەن، نەدەزانن مریشک دەدرقێنێ یان گورگ دەلوورێنێ و ماکەر دەسۆڕێنێ، نەدەزانی جیاوازیی نێوان کانی وکارێز چییە، نەناوی یەک گژو گیای کوردستان دەزانن، نازانن سمکۆی شکاک و خانزادی سۆران و ئەرپەی کەرکووک و ئاسۆ حەلاق چۆن شەهید بوون، نازانن کاکە حەمەی تەلان،نەدەزانن شۆڕشی بارزان وئاگریداغ ،کێ هەڵیگیرسانن و ڕووداوەکانیان چۆن بوون نەدەزانن، هوجام چۆن شەهید کرا ، یان مستەفا چایچی و عەزیز قەرە محەمەدو جوامێرو کامەران کەریم و ناسیحی مەلاتەیب و

مامەڕیشە چۆن شەهید کران؟ کارەساتی پشت ئاشان چۆن بوو،؟ شەڕی براکوژی چیی لێکەوتەوە؟

نازانن پێاسەی مێژوو بکەن، جوغرافیا چی دەگەیەنێ. دەترسم ئەوانەی ئەمجارەيش دێن، نەزانن حەمەی موکری و جەبار ئاسۆو،حەمەسەعید حەسەن و ئەسیری و مەلای جەباری و جەمیل جێماوو، رەزا شوان و فەهمی کاکەی و،عەلی کەریم و جەلی زەنگنەو، ئەنوەر قەرەداغی و شەوکەت ڕەشیدو حوسێن عەلی و کوێستانی و ڕەشۆڵ ودەروێش عەبدوڵڵا کێن؟

نەزانن پێناسەی هونەر بکەن و ژمارەی مەقامە کوردییەکان چەندن؟دەترسم گابەگونیا بناسنەوە، نەزانن کەر کەتەرکی کەوت یان پەیزەن بوو چی دەگەیەنێ، کەسیاسەتکردن جدەو بوو چۆن تیماردەکرێ؟سیاسەتستراتیجییەت وتاکتیدا قەتیس دەخوات یان هەنگاوی دی هەن، خەمەکانی پەروەردەو خوێندنی باڵا لەکوێدان؟ دەترسم نەزانن ڕۆخانەو سیروان و ڕووبارەکانی باکوور لەکوێوە هەڵدەقوڵێن؟، نەزانن بەرزترین چیای کوردستان کامەیە؟نەزانن پینەدۆزێک حەماڵێکی پشت، ئەوانەی نانەوردە کۆدەکەنەوە، مناڵی سەرگووفەکەکان،کابرایەکی پیری خاوەن عەرەبانەیەکی دووتایەیی، بژێوییان چۆنەو چۆن دەژین؟ یان ئۆتیزم چییەو چییان بۆکرێت؟ کێشەکانی نابیستان چین؟

خۆگەر پێ و قدوومیان خێر نەبێ، باهەر لەئێستاوە نەیەن و میللەت تاقەتی چارەقورسەکانی نەماوە..پەرلەمانتار دەبێ شارەزای هەموو ئەوشتانە بێت کەگوتم، ئەگینا، باشتر وایە با ئەم هەرێمە جوانە، تووشی سەرئێشەیەکی تر نەبێت، چونکە کەسانێک مەترو دۆنم و حەلاوەو عەلاوە و سەرەن و پێژنگ، لێک جیانەکەنەوە، دڵنیابن هەموو ڕۆژێک براچاو ڕەشەکان ،گۆڵێکیان لێدەکەن و پەندو قسەی نەستەقیان بە ئایەتەکانی قورئانی پیرۆزو حەدیسەکانی پێغەمبەر پێدەفرۆشنەوە..