فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

شیعر

دەريا هەڵەبجەیی

شاعير، سلێمانی

……………………….

ماڵمان لە گەڕەکی سەرا بوو

ئەوکات شار نەگۆڕابوو

گەڕەک پڕبوو له ماڵی ئاوەدان

خانووەکان نەبووبوون به میراتی

نەفرۆشرابوون

وەک ئێستا هەمووی نەکرابوو به مارکێت

ئەوکات تەنیا دوکانێکی بچکۆلانەت دەبینی

لە گەڕەکەکەماندا

نوقڵی مینۆ و بسکیت و کورسی نەعنا و

بنێشتی سەهمی دەفرۆشت

خونچەی دراوسێمان دوکانەکەی بەڕێوە دەبرد

نازانم ئێستا لە کوێیه

بەڵام بیری دەکەم..

ڕەنگه وەکو من تەمەن عاجزی کردبێت

ماڵی ئێمه حەوشەیەکی گەورەی هەبوو

سێ هۆدە و هەیوانێک

باخێکی پڕ هەنار

چیمەن و گوڵەباخی ڕەنگاوڕەنگ و

شەست پەڕو هەمیشه بەهار

ماڵێک له بەختەوەری

ئاوەدان به کتێب و قسە خۆشەکانی باوکم

پیرۆز به زیکرو دۆعاکانی دایکم

زۆر بیری دەکەم

بیری هەموو ڕۆژەکانی

بیری هەموو ساتەکانی

بیری سێبەری کەپری مێوەکەی سەردەرگای حەوشه و

دانیشتنی لە گەرمای نیوەڕوانی تەمووزدا

بیری شاتووی سورو نەعنا بۆن خۆشەکەی لای بەلۆعەکە

بیری ئەو ژنە بێدەنگەی

بۆ دەست نوێژ ئەهات بۆ ماڵی ئێمه

چوار جار دووبارەی ئەکردەوه

دایکم ئەیوت وەسواسه..

ڕەنگه چیتر نەگەڕێتەوه بۆ ماڵی ئێمه

دوا دەست نوێژی تەمەنی گرتبێت..

بیری ئەو ماڵە ئاوەدانه دەکەم

کە خەونە شیرینەکانی مناڵیمم تیا جێهێشت..

بیری ئەو ژوورە دەکەم

دایکم ناوی نابوو پشت هەیوان

بیری ئەو دیوارە گەچەی

چاکەتەی باوکمی پیا هەڵواسرابوو

چاوەڕێ بووم

تا له خەو هەستێت و

دەست بکات بە گیرفانەکەیدا

ڕۆژانەکەمم پێ بدات..

منیش ڕاکەم بۆ دوکانه بچکۆلانەکەی

سەرسووچی کۆڵان و

ئەزبەریدێکی سووری بەستووی

پێ بکڕم

بیری ئەو شەوانە دەکەم

بەدیار فیلمێکەوه

لە ژێر بەتانییەکی زبردا

فرمێسک بە چاوەکانماندا

دەهاتە خوار

کۆتاییەکەیمان نەدەبینی

ئاخر هەموو جار باوکم دەهات و

تەلەفزیۆنەکەی دەکوژاندەوه

ئێمەش خۆمان دەکرد به خەوتوو..

خۆزگه زەمەن دەگەڕایەوه

ڕێک لەو ڕۆژەدا دەوەستا

کە من لە کۆڵان یاریم دەکرد

دایکم بانگی دەکردم

خێرا وەره ژوورەوه تا باوکت نەهاتۆتەوه..

بیری ئەو بەیانیانه دەکەم

گوێم له دەنگی ڕادیۆکەی باوکم بوو

لەسەر هەواڵەکان ڕایدەگرت

باسی لە جەنگی نێوان عێراق و ئێران دەکرد

دایکیشم بەدەم چا تێکردنەوه

دەیوت خوا ڕەحممان پێ بکات

ئەم شەڕە کەی کۆتایی یەت

مناڵی عالەمیان یا بە کوشت..

دڵم بۆ شەڕەکانی من خوشکەکەم لێ ئەیات

لەسەر ڕەنگی قوماشه ئەنگۆرەکەی

باوکم کڕیبووی بۆمان

دواجار توبا خانی خەیات

بە دڵی خۆی ئەیدووری و

ئێمەش هیچمان نەدەوت

بیری بنێشته کوردییەکەی

ناو فەقیانەکەی دایکم دەکەم

که دوای ئەو هەموو قسە خواردنه

لەتێکی بچووکی به دانەکانی لێ دەکردەوە و

ئەوی تری ئەخسته دەمی خۆی..

بیری هاتنی نەنکم ئەکەم

ڕۆژانی هەینی

به خۆی و پریاسکەکەیەوه

خۆی ئەکرد به ماڵدا

پڕ بوو له گەڵامێو و هەڵووژە ترشه و

خونچەی گوڵە باخی ئەسڵ..

لێی دەپاڕامەوه بمبات لەگەڵ خۆی

کە ڕۆشتەوه بۆ ناودێ..

بیری ڕێگا دوورەکەی ناوبزنان دەکەم

بە سەتڵە خڕه فافۆنەکەوه

شوێن پوورم دەکەوتم

بۆ شیر دۆشین..

بیری ئاوی ساردی کونەی ناو کونەڵان و

بابۆڵە چەورەی کەرێ تەڕو تازەکەی

دوای مەشکە ژەنینەکەی نەنکم ئەکەم..

بیری سەیرکردنی ئەستێرەکانی ئاسمانی ئەو شەوانە ئەکەم

لەسەر بانیژەکە پاڵ کەوتبووین و

سەیری حەوتەوانەمان دەکرد

هەناسەمان لە خۆمان دەبڕی

تا حەوت جار لەسەر یەک دەمانوت

(بەو حەوتەوانەی هەر حەوت زەریفن..

هەر حەوت پاسەوان قوتبی شەریفن..)

نەنکم دەیوت ئەگەر وابڵێی

هەر ئاواتێکت هەبێت دێتە دی

ئێمەش هەموومان یەک ئاواتمان هەبوو

خاڵمان لە سجن بەرببێت لەبەر خاتری دایکم و نەنکم

بیری ڕاکردنی ناو باخ و تەڵانەکانی کۆڵانی باخان ئەکەم

بۆنی پونگە تەڕەکانی کە پڕ بوو له ژیان

بیری ڕاکێشانی لقی هەنارەکانی ئەم دیو پەرژینەکان..

بۆ هەنارێکی دەم ترەکیو..

بیری خەوی سەر کەپرەکانی ناو باخ

خشەی گەڵای داربەڕووەکانی ژێرمان

بیری ژوورە تاریک بچکۆلانەکەی

ماڵی نەنکم

کە کڵاو ڕۆشنەیەکیشی تیانەبوو

پڕ بوو له باوەڵ و سنوق و گوێز و هەناری شارۆ کراو

پڕ بوو له خەونی ڕەنگاوڕەنگ

له هەناسەیەکی تەڕ

بە دەست لێدان شتمان دەدۆزییەوه..

بەدزی نەنکمەوه دەمانخوارد..

بیری هەناسە دان ئەکەم

لەسەر دۆشەکێکی تەزیوی سەر قەرەوێڵە ئاسنەکەی باوکم

کە لەناو چیمەنەکەدا بوو

بیری دەنگی باوکم ئەکەم

کە سیاسەت پیری کرد و گۆچانێکی نەدایە دەستی..

بیری چاوەکانی ئەکەم

کە ڕوانین کزی کرد و زەمەن چاویلکەیەکی بۆ نەکڕی..

بیری بەرامەی دەستەکانی ئەکەم

کە ئەو هەموو کتێبەی بۆ مێژوو نووسی

مێژوو لە هەواڵی مەرگی نەپرسی

خودا..

ماندووم لەناو ئەم ژاوەژاوەی ڕۆحمدا

سزام مەدە چیتر به بیرەوەییەکان

لەم پیرییەمدا..

یان بمبەرەوە بۆ مناڵیم

له موعجیزەیەکدا..

یان ئەم هەموو یادەوەرییانە بسڕەوه