فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

چیرۆک بۆ منداڵان

دارقـۆخە بەخـشـنـدەکە..

 رەزا شـوان

نووسەر، نەرويج

لە ناوەڕاستی گوندێکی قـەشنگی کوردستانـدا، دارقـۆخـێکی گەورە و جـوان هەبـوو. خەڵکی گونـدەکە دارقـۆخەکەیان زۆر خۆشـدەویست. هـاوینان لەسێبەرە فـێنکەکەیـدا دادەنـیشـتـن و لە قـۆخـە خـۆشـەکـەیـان دەخـوارد. منـداڵانی گـونـدەکـەيش رۆژانـە لە دەوروبەری دارقـۆخەکەدا، یارییان دەکرد و رایان دەکرد و هەڵـدەپەڕین و گـۆرانی و سروودی کوردیی خۆشیان دەچـڕی. بە لـقە گەورەکانـیشیدا، گوریسیان هەڵـدەواسی،

بۆ ئەوەی جـۆلانـێـیان پـێـبکەن.

هەموو خەڵکی گـونـدەکە بە بـوونی ئـەو دارقـۆخە جـوانـە زۆر شاد و دڵخـۆشبوون، تەنیا شـابـاز نەبێـت، کە پـیـاوێـکی چـاوچـنۆک و تـێرنـەخـۆر بـوو.

بەیانییەک شاباز بۆ باخەکەی دەچوو، کە دارقـۆخە جوانەکەی بینی، قـۆخـێکی زۆری پێـوەیە. شاباز وتی: پێویستە ئەم دارقـۆخە تەنیا بۆ من بێـت، نەک بۆ هـیچ کەسێکی تـری گونـدەکە.

کە شەو داهـات، شاباز پاچـە گەورەکەی هـەڵگـرت و چوو بـۆ لای دارقـۆخەکە، تا لە رەگـەوە هـەڵـیـبکـێـشـێـت و بـیـبات لە باخەکەی خـوێـدا بـیـڕوێـنـێـت.

شاباز بە هەمـوو هـێـزییەوە پاچـێکی، کـێشا بە رەگـێکی ئەستووری دارقـۆخەکەکەدا. دارقـۆخەکە لەرییەوە و هەندێک لە قۆخەکانی بۆ بەردایە خوارەوە. شاباز دووبارە بە پاچەکەی کێشایەوە بە رەگە ئەستوورەکەدا. دارقـۆخەکەيش هـەنـدێک قـۆخی تری بـۆ بەردایـەوە.

شاباز سەری سووڕما، پاچەکەی دانا و بە سەرسامییەوە، لەبن دارقـۆخەکەدا دانیشت. وتی: ئەم دارقـۆخە سەیرە، من بە پاچ لـێـیـدەدەم، ئەو بەشێک لە قـۆخەکانیـم دەداتێ!

شاباز بڕیاری دا، واز لە دارقـۆخەکە بهـێنێـت. ناوکی قـۆخەکانی بن دارەکە دەربکات و لە باخەکەیـدا بـیان روێـنـێـت. قـۆخەکـانی بـن دارقـۆخەکەی کۆکـردەوە و گەڕایەوە بـۆ مـاڵـەوە. بێ ئـەوەی کـەس بـیـبـيـنـێـت.

لە بەهـاری ساڵی دوای ئەو ساڵەدا، شاباز لە باخەکەیـدا بە ریـزەوە چاڵی هـەڵکەنـد و نـاوکە قـۆخەکـانی روانـد، هـەمـوو رۆژێـک ئـاوی دەدان. نـاوکـەکـان شـیـن بـوون و بـوون بـە نەمـام. نەمـامـەکان گـەورە بـوون و بـوون بـە دارقـۆخ، کـە کـوتـومـت لە دارقـۆخە جـوانەکە دەچـوون، کە دەیویست لە رەگەوە دەریـبکات. دارەکان قـۆخێکی زۆریان گرت. شاباز بـوو بە خاوەنی باخـێکی جـوان. قـۆخەکانی ئـەو دارانە، بـوونە مایـەی بـژیـوی و خـۆشگـوزەرانیی ژیـانی خـێزانـەکەی و بـۆ خـەڵـکی گـونـدەکـەيش.

شاباز لە دارقۆخە جوانەکەوە پەندی وەرگرت، بوو بە پیاوێکی بەرچاوتێر و بەخشندە.

شابـاز ئێـواران بە دڵخـۆشیـیەوە، لەبـن دارقـۆخـەکەدا دادەنیـشت. چـیرۆکی خۆشی بۆ منـداڵانی گونـدەکەیان دەگـێڕایەوە. پێیانی دەوت: منداڵە جـوان و خۆشەویستەکان، کە گـەورە بـوون، وەکـوو دارە بـەردارەکـان بـن، خـەڵـکێ بـەردیـان تـێـدەگـرن، ئەوانیـش مـیـوەکـانـیـان بـۆیـان بـەردەدەنـەوە.

Inline-Bild