ئارام سدیق
نووسەر، سلێمانی
………………..
(1-2)
بوونگەراکان بەسوودوەرگرتن لە گوتە بەناوبانگەکەی “ئەپیکۆر” لەدایکبوون و مەرگ پێکەوە گرێ دەدەن و پێیانوایە مرۆڤ بە لەدایکبوونی مەرگ دەهێنێتە نێو بوونییەوە، چونکە تا لەدایک نەبێت مردن بوونی نییە. گوتەکەی ئەپیکۆر بریتییە لە “مردن بەلای ئێمەوە بوونی نییە، لەبەرئەوەی کە ئێمە زیندوو بین، کەواتە مردن نییە. هەر کە مردنیش هەبوو ئەوا ئێمە زیندوو نابین!”(1) بەڵام بۆچوونێکی دیکەيش هەیە کە تاڕادەیەک ئەم بۆچوونەی ئەپیکۆر و بوونگەراکان ڕەت دەکاتەوە کە دەڵێت “ژیان جۆرێکە لە ململانێ لەگەڵ ئەو ڕووەی تری ژیان کە پێی دەوترێت مەرگ.”(2) لەم بۆچوونەوە دەگەینە ئەو بڕوایە کە مەرگ و ژیان دوو دیوی یەک سکەن و یەکتری تەواو دەکەن. بەڵام لەگەڵ ئەمەيشدا هەمیشە لە ململانێدان. هەر ئەم ململانێیەيشە وزەی بە ژیان و داهێنان داوە. بۆیە ئەگەر ژیژەک گوتەنی کەمێک خێچ بڕوانین دەبینین کە مەرگ ئەگەرچی بەدیوێکدا سڕکەر و لەناوبەری ژیانە. بەڵام وزەیەکی گرنگیشە بۆ مرۆڤ بۆ ئەوەی ژیان بە مانادارتر بەڕێ بکات و دەشبێتە جۆرێک لە وزە بۆ مرۆڤ تا بەرەو بەرهەمداریی و داهێنان هەنگاو بنێت.
لێرەوە هەموو کارێکی هونەریی دەبێتە جۆرێک لە دژوەستانەوە بەرامبەر مەرگ و جۆرێک لە مانا بەخشینە بە ژیان. دەقیش وەکوو کارێکی هونەری جۆرێک دژوەستانەوەیە بەرامبەر بە مەرگ، چونکە بە مانایەک نووسینەوەی لایەنێکی ژیانە. لێرەوەیە کە “داهێنانی هەر کارێک پابەندە بەو تەوژمەی کە داهێنەرەکە ئەیداتێ بۆ ئەوەی بە ژیان و بە گوڕ و تەوژم بمێنێتەوە… (دەق) ململانێی نێوان، ژیان و مەرگە.”(3)
ئەم ململانێیەی نێوان ژیان و مەرگ دەشێ ڕیشەکەی بۆ ئەوە بگەڕێتەوە کە “مرۆڤ تاکە بوونەوەرێکە تێگەیشتنێکی نیگەرانکەرانەی هەیە سەبارەت بە ڕاستی مردن”(4) بوونەوەرەکانی دیکە ئاگاییان هەیە سەبارەت بە مەرگ و زۆرجاریش هەوڵی خۆپاراستن و هەڵهاتن دەدەن لێی، بەڵام مرۆڤ وشیاریی بەرامبەر مەرگ هەیە و ئەکتی بەرەنگاریی بەرامبەر مەرگ دەنوێنێت و ئەم ئەکتانەيش جۆراوجۆرن و یەکێک لەو ئەکتانە کاری هونەرییە، کە لەنێویاندا نووسین و شیعریش دەگرێتەوە.
مەرگ یەکێکە لە بەربڵاوترین ئەو چەمکانەی لەنێو دونیای ئەدەبیاتدا لەبارەیەوە نووسراوە. نووسەران بۆ شاردنەوە، یان پیشاندانی ترسی خۆیان لە مەرگ دێن و باسی مەرگ دەکەن. بەشێک لە نووسەران مەرگ ستایش دەکەن و وەکوو دەرچەی ڕزگاریی لە ژیان دەیبینن و پێیانوایە ژیان دۆزەخە (دەتوانین نموونەی نووسەرە ڕەشبینەکان بهێنینەوە)، بەشێکی دیکەیان دژی مەرگ دەنووسن و لای هەندێکیان مەرگ دەبێتە کاراکتەر (وەک لای ودی ئالن دەیبینین)(5) لەم دۆخەدا دژوەستانەوە بۆ مەرگ جۆرێک لە ستایشی ژیان بەرهەم دەهێنێت. بێگومان ئێمە ئەرکی نووسەران لە ستایشکردنی ژیاندا کورت ناکەینەوە، بەڵام ستایشکردنی ژیان یەکێکە لە ئەرکەکانی.
خاڵێکی گرنگ کە دەتوانین ئاماژەی بۆ بکەین ڕەنگدانەوەی ژیان و دۆخی نووسەرە لەسەر بەرهەمەکانی. کاری هونەری و نووسین ئەگەر بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆيش ڕەنگدانەوەی واقیع نەبن، ئەوا ناتوانن بچنە دەرەوەی واقیع، بۆیە هەمیشە ئەو دۆخەی نووسەری تێدایە بەشێوەیەک لە شێوەکان کاریگەریی لەسەر بەرهەمەکەی دەبێت.
ئەزموونی شیعریی شێرکۆ بێکەس لەو ئەزموونە شیعرییانەیە کە دەکەوێتە نێو ساڵە ڕەشەکانی ژیانی کوردەوە. هەر لە سەرەتای ئەزموونەکەیەوە بەر لە خەمڵینی تەواوەتی ئەزموونەکەی بەسەر شکستی شۆڕشی کوردیدا دەکەوێت لە ناوەڕاستی حەفتاکاندا و لە دواتریشدا هەڵگیرسانەوەی شۆڕش و دووبارە و بەردەوامبوونەوەی جەنگ دەبێتە خاڵێکی دیکەی ژیانی شیعریی ئەم شاعیرە. لە سەرەتای هەشتاکانی سەدەی ڕابردوويشدا شەڕی ئێران عێراق هەڵدەگیرسێت و هەشت ساڵ بەردەوامیی دەبێت، کە ئەمەيش ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ کاریگەریی لەسەر هزر و ڕوئیای شیعریی ئەم شاعیرە هەبووە. لەو ساڵە ڕەشانەيشدا کارەساتەکانی ڕاگواستن و ئەنفال و کیمیابارانکردنی کوردستان دیسان دەبێتەوە بە گەمارۆدانێکی زیاتری ئەم شاعیرە لەلایەن هێزی مەرگەوە. لە دوای ڕاپەڕینیش کەوتن بەسەر شەڕی ناوخۆ و ئەو تراژیدیایانەی دیکە دیسان مەرگ بە فۆڕمێکی دیکە گەمارۆی هزری ئەم شاعیرە دەدات.
ئەم پانۆرامایەی سەرەوەم لەپێناو ئەوەدا خستەڕوو تا وردتر بچینە نێو دوالیزمی مەرگ و ژیان لای ئەم شاعیرە. بەڵام سەرەتا دەبێت دووجۆر ڕەنگدانەوەی مەرگ لای ئەم شاعیرە دیاریی بکەم. جۆری یەکەم مەرگێکی گشتییە کە شاعیر لێی دەدوێت بە (مەرگی نەتەوە) ناوی دەبەم. جۆری دووەمیش مەرگێکی تایبەتییە کە بە (مەرگی خودی) ناوی دەبەم. لێرەوەیە کە مەرگ دەبێتە گوتارێکی دیار و زاڵ لەنێو ئەزموونە شیعرییەکەیدا، بەڵام ئایا دەرکەوتنی مەرگ لای ئەم شاعیرە لەو دووفۆڕمەی کە باسمان کرد چ جۆرە دەرکەوتنێکە؟
پرسیارێک لێرەدا کە دەکرێت بکرێت ئەوەیە ئایا شیعری ئەم شاعیرە لەنێو ئەم هەموو ساڵە ڕەشانەی جینۆساید و کیمیابارانکردن و وێرانکردنەی کوردستاندا هەڵگری چ گوتارێکی زاڵە، یان “شاگوتار” لە ئەزموونی ئەم شاعیرەدا چییە؟ ئێمە لە بەشەکانی پێشووتردا کەمێک لەم بارەیەوە هەڵوەستەمان کرد، بەڵام لەم بەشەدا دەمانەوێت بزانین ئایا شیعری شێرکۆ هەڵگریی گوتارێکی مەرگدۆستییە، یان گوتارێکی ژیاندۆستی؟ لێرەدا هەوڵ دەدەم وەڵامی ئەم پرسیارە بەدەست بهێنم.
شێرکۆ لەو شاعیرانەی کوردە، کە زۆرترین ڕووبەری شیعرەکانی بۆ مەرگەسات و تراژیدیاکانی کورد تەرخان کردووە، هەر بۆیە بەختیار عەلی وەکوو “شاعیرێکی نەرسیس کوژراو” ناوی دەبات، لەنێو ئەو تراژیدیانەدا ئەو دێت و مەرگ و نەهامەتییەکان دەنووسێتەوە و لەڕێی وشەوە دەیەوێت گوزارشتیان لێ بکات و جۆرێک لە نەمرییان بۆ بەرجەستە بکات. بێگومان ئەم لاوانەوە و پێداهەڵگوتنە تەنیا بۆ کارەساتەکانی وەکوو ئەنفال و هەڵەبجە ناکات، بەڵکوو بۆ شەهیدەکان و زۆرێک لە کەسایەتییە دیارەکانی کورد دەکات. ئێمە پێشتر لەم بارەیەوە دواوین، بەڵام ئەوەی لێرەدا مەبەستمانە تیشک خستنەسەر گوتاری بەرهەمهاتووە لەو دەقانەی بۆ کارەساتەکانی نووسیوە و لێرەدا بۆ جۆری یەکەمی مەرگ کە وێنەکێشانی (مەرگی نەتەوە)یە دەقی “گۆڕستانی چراکان” وەکو نموونە وەردەگرین، بێگومان دەیان دەقی دیکەی هەیە، بەڵام لە نیگای یەکەمدا لەم دەقەدا هەست بەوە دەکرێت “شاگوتار” هەوڵدانە بۆ نووسینەوەی مەرگ، بەڵام لە گەڕان و پشکنینەکانماندا بزانین گوتاری زاڵ لەم دەقەدا چییە؟
گۆڕستانی چراکان ڕۆمانێکی شیعرییە و بۆ یەکەمجار لە ساڵی 2004 بڵاوکراوەتەوە. دەقەکە هەوڵێکە بۆ گێڕانەوەی کارەساتی ئەنفال و ئەو مەرگەساتەی کە تا هەنووکەيش ئاسەوارەکانی ماوە. شاعیر لەم دەقەدا لەڕێی ئاوێتەکردنی شیعر و چیرۆکەوە هەوڵی خولقاندنی فەزایەکی داوە، کە خۆی ناوی ناوە “ڕۆمانەشیعر”، بێگومان ئێمە کارمان بەسەر ئەوەوە نییە، کە لەڕووی ڕەگەزەکانی ڕۆمانەوە، ئایا “ڕۆمانەشیعرە”، یان نا، بەڵکو ئێمە دەمانەوێت بزانین ئەم شاعیرە ڕۆمانێکی سەبارەت بە مەرگەساتی ئەنفال نووسیوە لەوێدا لایەنگریی چییە و گوتاری زاڵ لەم “ڕۆمانەشیعر”ەدا چییە؟ ئایا گوتاری مەرگدۆستییە، یان گوتاری ژیاندۆستی؟ سەرەتا نموونەیەک لە دەقەکە وەردەگرین کە لە جێگەیەکدا دەنووسێت:
“ئاخر زریکە چۆن ئەگێڕدرێتەوە؟!
قیژە چۆن ئەنووسرێتەوە؟!
عەرعەر چۆن ئەخوێنرێتەوە؟!
ئەبێ خۆڵ قسە بکات خۆڵ!
ئەبێ چاڵ قسە بکات چاڵ،
مارو مێروو بیگێڕنەوە
ئەو چاوانە و ئەو گۆی مەمک و ئەو کاکۆڵ و زەردەخەنە و
مەقامانە چییان لێهات؟!”(6)
شاعیر هەر لە ناونیشانی دەقەکەوە دوالیزمی مەرگ و ژیانی ئاوێتەی یەکتریی کردووە. “گۆڕستان” کە هێمایە بۆ مردن هاوکات “چرا”يش هێمای ژیان و زیندووێتییە. لەنێو تێکستەکەيشدا بەهەمان شێوە ئەم دوالیزمە ڕەنگدانەوەیەکی تەواوی هەیە و لەم پارچەیەی سەرەوەدا شاعیر خۆی بە دەستەوستان دەزانێت لەئاستی گێڕانەوەی ئەو تراژیدیایەی لەبارەیەوە دەیەوێت بنووسێت، بۆیە دەڵێت “قیژە چۆن ئەنووسرێتەوە؟” لە جێگەیەکی دیکەشدا دەنووسێت:
“لەگۆڕستانی چرادا
لە ڕێی ئێسک و پروسکەوە
لەناو مردنا بۆ ژیان
بەتەواوی بووین بە برا!(7)
کێشەیەکی بنەڕەتی بوونی مرۆڤ، ئامادەیی مەرگە. مرۆڤ لە مەرگی سروشتی دەترسێت و هەوڵی دواخستن و درێژکردنەوەی دەدات بەوەی خۆی لە مەترسییەکان دەپارێزێت و لە کاتی نەخۆشیدا هەوڵی چارەسەروەرگرتن دەدات. بەڵام ئەمە ناکاتە ئەوەی کە مەترسی مەرگ کەم بێتەوە لەسەری. بەڵام لە مەرگی سروشتی سەختتر وەرگرتنەوەی ژیانە لەلایەن ئەوانی ترەوە لە مرۆڤ، کە مەترسیداری و سەختی ئەمەیان گەلێک ترسناک دێتە بەرچاو. بەڵام مرۆڤ زۆرجار تا ئەوپەڕەی توانايش بەرگریی دەکات، بەڵام جێگەیەک هەیە توانای بەرگریشی نامێنێت بۆیە ناچارانە، کە لە ژیان بێئومێد دەبێت، ئیدی خۆی ڕادەستی مەرگ دەکات. ودی ئالن لە شانۆیی “مەرگ لە دەرگا دەدات”دا کار لەسەر دواخستنی مەرگ دەکات و جۆرێک لە گەمەی دواخستنی دەکات و چەند ڕۆژێک بە بەهانەی کار و سەرقاڵییەوە مەرگی خۆی دوا دەخات.
سەرچاوە و پەراوێز:
1-د. زەکەریا ئیبراهیم، کێشەی مرۆڤ. خانەی وەرگێڕان، چاپی یەکەم، سلێمانی 2013، ل179
2-سەڵاح حەسەن پاڵەوان، داهێنان و مەرگ، دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم، چاپی یەکەم 2003، ل21
3-هەمان سەرچاوە، ل46
4- د. زەکەریا ئیبراهیم، کێشەی مرۆڤ، ل184
5-بڕوانە شانۆنامەی مەرگ لە دەرگا دەدات، نووسینی ودی ئالن، وەرگێڕانی ئازاد بەرزنجی، دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم، چاپی یەکەم 2014،
6- شێرکۆ بێکەس، گۆڕستانی چراکان-ڕۆمانەشیعر، دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم، چاپی یەکەم 2004، ل64
7-هەمان سەرچاوە، ل165

